كشتوكاڵی هەرێم لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی " تای خوێنبەربوون" راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم رایگەیاند:" سەرباری ئەوەی تاكو ئێستا نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان بەدی نەكراوە، بەڵام لەكاتی قوربانیكردن پێویستە رێنماییەكان جێبەجێ بكرێت".
ئەمڕۆ یەكشەممە، ١٨ی تەمموز، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بڵاویكردەوە:" لەپێناو كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی خوێنبەربوون كە لە ئێستادا لە چەند شارێكی عیراق دەركەوتووە و لە ئاژەوڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، پێویستە هاوڵاتییان لەكاتی قوربانیكردن رێنماییەكان جێبەجێ بكەن و بە شێوەیەكی تەندروست قوربانییەكانیان جێبەجێ بكەن ".
دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ:
چەند رێنماییەكی گرنگ بۆ بەرچاو روونی ئەو هاووڵاتیانەی خوازیاری قوربانی كردنن بەبۆنەی جەژنەوە، بەتایبەتی دوابەدوای بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون(الحمی النزفیە) لە عێراق.
بەڕێزان .....لەبەر هەبوونی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لەعێراق ،هەرچەندە تا ئێستا لە كوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەكراوە ،لەپێناو كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكە و سەلامەتی ئێوە بەهۆی ئەوەی كە ئەم جۆرە نەخۆشیەكە ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ،وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو /ب.گ. سامانی ئاژەڵ و فێترنەری بەپێویستی دەزانێت كە ئەم رێنماییانەی خوارەوە بۆ بەرچاو روونی زیاتری بەڕێزتان بلاو بكاتەوە :
یەكەم/ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت دەبێت تەندروست بێت و قڕنەوگەنەی لەسەر نەبێت.
دووەم/ئاژەڵی قوربانی لە كوشتارگە سەردەبڕدرێت ،تاكو پشكنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی بۆ بكرێت و دڵنیابین لە تەندروستی گۆشتەكە.
سێیەم/گۆشتی قوربانی لە ناو كیسی شەفاف دابەش بكرێت و دەبێت كیسەكە خاوێن و نوێ بێت .
چوارەم/سەربڕینی ئاژەڵ لە ناو ماڵ و كۆڵان هۆكارێكە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكان و پیس بوونی ژینگە ،هەروەك دیاردەیەكی ناشارستانیە، بەتایبەتی لە ئێستادا كە چەند حاڵەتێكی نەخۆشی خوێن بەربوون (الحمی النزفیە)لە عێراقدا تۆمار كراوە.
پێنجەم/لەكاتی وەرگرتنی گۆشتی قوربانی ڕاستەوخۆ بەكاری مەهێنه و بیست چوار كاتژمێر لە ساردكەرەوەی بهێڵەوە.
شەشەم/لەكاتی دەستكاری كردنی گۆشت و لاشەی ئاژەڵ دەستكێش بەكار بهێنە.
حەوتەم/ئەگەر گومانت لە گۆشتی ئاژەڵی قوربانی هەبوو پەیوەندی بە لێژنەكانەوە بكە.
لەپێناو سەلامەتی و تەندروستی ئێوە هیوادارین كە سەرباری رێنمنایە ئاینیەكان ئەم رێنمایانەش جێبەجێ بكەن ،خێری هەموولایەك قبول بێت، ٳن شاواللە.
راگەیاندنی وەزارەتی
كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
