کەنەکە: شۆڕشی رۆژئاڤا سەرنجی زۆرێک لە دۆستانی کوردستانی راکێشاوە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) رایگەیاند، شۆڕشی رۆژئاڤای کوردستان هەر تەنیا شۆڕشێکی چەکداریی نەبو لە بەرامبەر داگیرکاریی و دەسەڵاتی هەژمونگەرایی رژێمی سوریا، بەڵکو پڕۆژە و مۆدێلێکی خۆ بەڕیوەبەرییە، لەسەر بنەمای ئازادیی، دیموکراسیی، یەکسانی جێندەریی و پێکەوەژیانی گەلان و ژینگەپارێزیی دامەزراوە، ئەم پڕۆژەیە سەرنجی زۆرێک لە دۆستانی کوردستانی راکێشاوە.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە 19ی (تەموز/7)ی 2012 کۆبانێ یەکەم هەنگاوی شۆڕشی هەڵینا و ئازاد کرا، دواتر بە ئازادکردنی دێریک و عەفرین رەوتەکە فراوانتر بو، ئیدی هەنگاو بە هەنگاو سەرانسەری رۆژئاڤای کوردستانی گرتەوە، ئەم بەرەوپێشچونی شۆڕشە هەر بەردەوامە، سەرەتا سێ کانتۆن (جزیرە، کۆبانێ، عەفرین) دامەزران، لەسەر ئەو بنەمایەش سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دامەزرا، دواتر بە ئازادکردنی گرێ سپی و بەستنەوەی هەردو کانتۆنی جزیرەو کۆبانێ پێکەوە، شۆڕش پێی نایە قۆناغێکی ترەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ناوچە داگیرکراوەکانی وەک حەسەکە، هۆل، شەدادی، مینبج، تەبقە، رەققەو باکورو رۆژهەڵاتی دێرەزور یەک لەدوای یەک ئازاد کران، سیستەمی خۆبەڕیوەبەریی هەنگاو بە هەنگاو جێی خۆی گرت، ئێستاش رێکخستنی بەڕێوەبەرێتی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا نوێئەکرێتەوە، ئەنجومەنی گشتی و ئەنجومەنی هەرێمەکان رێکئەخرێنەوە.
کەنەکە باسی لەوەشکردوە، "شۆڕشی رۆژئاڤای کوردستان هەر تەنیا شۆڕشێکی چەکداریی نەبو  لە بەرامبەر داگیرکاریی و دەسەڵاتی هەژمونگەرایی رژێمی سوریا، بەڵکو پڕۆژە و مۆدێلێکی خۆ بەڕیوەبەرییە، لەسەر بنەمای ئازادیی، دیموکراسیی، یەکسانی جێندەریی و پێکەوەژیانی گەلان و ژینگەپارێزیی دامەزراوە، ئەم پڕۆژەیە سەرنجی زۆرێک لە دۆستانی کوردستانی راکێشا، لە سەرانسەری دنیاوە بەدەیان دۆست و هاوکار رویان کردە رۆژاوای کوردستان، زۆرێک لەوانیش بۆ پاراستنی ئەو مۆدێلە نوێیە گیانی خۆیان بەخت کرد، نەمری و سەربەرزی بۆ هەمو ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان بە ئازادی و پاراستنی رۆژوا بەخشی".

ئەوەشی خستوەتەڕو، "سەرکەوتنێکی دی هەرە مەزنی رۆژئاڤا تێکشکاندنی هێز و دەسەڵاتی تاریک و دڕندانەی داعش بو، داعش کە زیاتر لە نیوەی جوگرافیای سوریای داگیرکردبو، هێزێکی سەربازیی گەورەو دەوڵەتێکی لە ناوچەکەدا دامەزراندبو، لەسەر دەستی ئازادیخوازانی کوردستان و هاوکارانیان تێکشکاو هەڵوەشا، ئەمە سەرکەوتنێکی مێژویی شەڕڤانانی کوردستان بو، سەرکەوتنێک کە گەل و هێزی ئێمەی زیاتر بە دنیا ناساند، رێگای ئازادی و ئاشتی و چارەسەریی خۆشتر کرد، بەو بۆنەیەوە ئێمە جارێکی دی پێرۆزبایی لە یەپەگەو یەپەژەو هەسەدە ئەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ ئەخوازین، بێگومان بۆ ئەم سەرکەوتنەش قوربانی زۆر درا، بە خوێنی سەدان شەهیدو بریندار بەدەستهات".

کەنەکە هۆشداری داوە لەوەی کە "تا ئێستاش هێرش بۆ سەر رۆژئاڤا، هێرش بۆ تێکدانی سیستەمی خۆبەرێوەبەری بەردەوامە، دەوڵەتی تورکیا  بە ئەرێکردنی روسیا و چاوپۆشی هێزە نێودەوڵەتییەکانی دی، لە سەرەتای ساڵی 2018دا هێرشی کردە سەر عەفرین و داگیری کرد، دوای ئەوەش هێرشی کردە سەر گرێ سپی و سەرێکانی و چەند شوێنێکی داگیرکرد، لە هەرێمی عەفرین و هەمو ناوچە داگیرکراوەکانی دی، گەل و شەڕڤانانی ئازادیی بەرخۆدانێکی بێ هاوتایان کرد و تا ئێستاش بەردەوامە، دەوڵەتی تورکیاو هاوکارانی هەر لەسەر هەڕەشە و هێرش بەردەوامن، نەیارانی گەلی ئێمەو هاوکارانیان بە هەمو توانایانەوە لە کاردان و لە هێرش و پەلاماردانە دڕندانەکانیان نەوەستاون، لە بەرامبەر ئەم هێرشانەشدا، شەڕی ئازادی، شەڕی دژی داگیرکاریی، بە قارەمانی و دڵسۆزی بەردەوامە".

رونیشیکردوەتەوە، "شۆڕشی رۆژئاڤا نەک هەر بەهۆی خۆپاراستن و قارەمانێتی، بەڵکو لەبەرئەوەش کە خۆی خۆی بەڕێوە ئەبات، لەبەر شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ گەلان و باوەڕە جیاوازەکان، لەبەر خەسڵەتی دیموکراتیانەی خۆی و رێکخستنی کۆمەڵگە، لە هەرێمەکدا بوە بە نمونە، بەتایبەیتش کە سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤی لە بەرامبەر سیستەمی کۆنی دەسەڵاتداریی لە ناوچەکەدا خستوەتە بواری پراکتیکەوە، لەو سیستەمەدا رۆڵی ژنی ئازاد بوە بە نمونەیەکی جیهانی و سەرنجی دنیای بۆ لای خۆی راکێشاوە، رۆڵی ژنی کورد لە شۆڕشی رۆژئاڤادا کەوتوەتە رۆژەڤی دنیاوەو بە سەرسامییەوە لە سەر ئاستی جیهان کاری لەسەر ئەکرێت".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار