نێچیرڤان بارزانى: کوردستان شانازى بە کولتورى پێکەوەژیان و لێبوردەییەوە دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" هەرێمى کوردستان شانازى بە کولتورى پێکەوەژیان و لێبوردەیییەوە دەکات و وەک هەمیشە بە لانەى ئارامى هەمو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە".

نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە  سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە كاردینال لویس ساكۆ پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد، لە دیدارێکدا دۆخى پێکهاتەى کلدان و مەسیحییەکانى عیراق و هەرێمى کوردستان بەگشتى و ڕەوشى ئاوارە مەسیحییەکانیان لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرد، هەروەها تیشکیان خستە سەر دۆخى دەشتى نەینەوا و مەسیحییەکانى مووسڵ و ناوچەکە.

لەراگەیەندراوەکەدا هاتوە، هاوڕا بون کە متمانە و دڵنیایى پێویستە بۆ ئەوەى ئاوارە مەسیحییەکان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و دەست بە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەى ژیان بۆ ناوچەکانیان بکەن کە لە ئەنجامى هێرشەکانى داعشدا زیانى زۆریان بەرکەوتوە و پێویستییان بە یارمەتى و هاوکاریى نێودەوڵەتى هەیە.

نێچیرڤان بارزانى دوپاتیکردەوە، کە هەرێمى کوردستان شانازى بە کولتورى پێکەوەژیان و لێبوردەیییەوە دەکات و وەک هەمیشە بە لانەى ئارامى هەمو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە، هەردولا سەردانى پاپاى ڤاتیکانیان بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا کە ڕۆڵى لە قوڵکردنەوەى کولتورى پێکەوەژیاندا هەیە.

كاردینال ساكۆ ستایشى پێکەوەژیان، یەکترقبوڵکردن، لێبوردەیى، ئاوەدانى و پێشکەوتن و ڕۆڵى سەرکردایەتى لە هەرێمى کوردستان کرد و دوپاتیکردەوە، کوردستانیبون ناسنامەیەکى کۆکەرەوەى هەمو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەیییەکانە و ئاوارە مەسیحییەکان لە وڵاتانى جیهان دەتوانن بگەڕێنەوە تا بە ئارامى و دڵنیایى لە کوردستان بژین و هاوبەشى و بەشدارى لە پێشخستن و ئاوەدانکردنەوەیدا بکەن.

هەڵبژاردنەکانى داهاتوى عیراق و چەند پرسێکى تایبەت بە کاروبارى کەنیسە و مەسیحییەکان لە عیراق و هەرێمى کوردستان، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار