گەشتوگوزار لەبەر زۆری ژمارەی گەشتیار پلانی نوێی جەژنی ڕاگەیاند

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز، ژمارەیەکی زۆر لە میوان و گەشتیاران سەردانی پارێزگای سلێمانییان کردوە و چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتو ژمارەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە، لەو چوارچێوەیەدا پلانی پێویستی لەوبارەیەوە هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، سەرجەم لیژنەکانی گەشتیاری شاری سلێمانی و قەزاکانی دەوروبەری پشكنینەکانیان بۆ هاوینەهەوار و سەیرانگا و هەمو شوێنەکانی خاوەن مۆڵەتە گەشتیاریەکان چڕدەکەنەوە، سەنتەرى زانیارى له ڕۆژانی جەژن و دواتر لە رێگەى هێلێكى گەرمەوە زانیاری پێوێست پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن لە ڕێگەی یٔەم ژمارە تەلەفونەوە 07725120235 .
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەماهەنگى تەواو له نێوان گەشتوگوزار و بازگە و دەروازە و فڕۆکەخانە دروستکراوە بۆ ئاسانکاری زیاتر، هەروەها تەواوی بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانى گەشتوگوزاری پارێزگاكان بۆ هەر ئاسانكارى و هەماهەنگی و چارەسەری کێشەکان لە پەیوەندی بەردەوام دەبن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕو، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی و بەڕێوەچونی کارەکان دەکات، پەیوەندى و ئاسانکاری بەردەوامی دەبێت لەگەڵ هەمو لایەنە کارگێڕییە پێویستەکان بۆ هاتن و ڕۆشتنی میوان و گروپە گەشتیاریەکان چ لە سەنتەری شار و دەرەوەی شارەکان بێت.
