وەزارەتی ناوخۆ بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا ١٣ ڕێکاری نوێ بڵاودەکاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری پەیوەست بە خۆپارێزی لە کۆرۆنا دەرکرد. و رایگەیاند، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە فەرمانگەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت دەبێت بەشداربن لە هەڵمەتی تووندکردنی رێکارەکان و چاودێریکردنی تەندروستی.
راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ کە لە 13 خاڵ پێکهاتووە، تێیدا هاتووە، هەر کەسێک رەچاوی ماسک بەستن نەکات، 20 هەزار سزا دەدرێت.
لە خاڵی پێنجەمی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پێویستە فەرمانبەرانی دامودەزگەکانی حکومەت ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن و هەر فەرمانبەرێک کەمتەرخەمی بکات، رێکاری ئیداری بەرامبەری دەگیرێتەبەر".
هاوکات بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، نوێژی جەژن و نوێژە فەرزەکانی دیکە بە رێکاری تووندی خۆپارێزی ئەنجام دەدرێن، دەبێت نوێژخوێنان رەچاوی بەستنی ماسک بکەن و مەودای دوو مەتر لەنێوانیاندا بێت.
چوونەسەرقەبران و دانانی پرسە لە مزگەوت و ماڵان، قەدەخەیە و بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەکەکان بەرپرسن لە جێبەجێکردنی ئەو رێکارانە، هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات، دوو ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ئەمڕۆ دووشەممە 19ی تەمموزی 2021. جێبەجێدەکرێن.
