پارتی بەفەرمی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند

2 كاتژمێر لەمەوپێش



پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی بۆ سەرخستنی لیستی 275 بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند. سەرۆكی بازنەی هەولێری لیستی پارتیش دڵنیایی دەدات كە بەپشتیوانی خوا و ئیرادەی بەهێزی كوردستانییان، لەو هەڵبژاردنەش سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكەن.

 ڕێبوار هادی، سەرۆكی لیستی 275ـی پارتی لە سنووری بازنەی هەولێر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەكیی پارتی بەدرێژایی مێژوو؛ پاراستنی ماف و كەرامەتی خەڵكی كوردستان بووە، لەسەر ئەو بنەمایەش چەمكەكانی (هاوبەشی، هاوسەنگ و سازان)ـی كردووەتە دروشمی ئەم هەڵبژاردنە.

سەرۆكی بازنەی هەولێری لیستی 275ـی پارتی ڕوونیكردەوە، "هەوڵ بۆ چەسپاندنی هاوبەشی ڕاستەقینەی كورد دەدەن لە پرۆسەی سیاسی و ئیداری و حكومڕانیی عێراق، كە هاوبەشیمان چەسپاند، دەتوانین لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ هاوسەنگیش بەدەستبهێنین، كە هاوبەشی و هاوسەنگیمان چەسپاند، دەتوانین لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بسازێین و بەیەكەوە خزمەتی زیاتر پێشكەش بە تێكڕای خەڵكی بكەین."

دووپاتیشی كردەوە، پارتی هەمیشە لەگەڵ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بووە و هەمیشەش لەگەڵ چارەسەریی دەبێت، ئەوەش لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و مرۆیی بۆ پێكەوەژیان و یەكڕیزی، بە مەرجی ڕێزگرتن لە ئیڕادەمان.

ڕاشیگەیاند، شانازی بەوە دەكەین ڕێبازی پارتی لە ڕابردوو و ئێستا و لە داهاتووشدا، ڕێبازی خزمەتكردن و ئارامی و ئاوەدانی و شكۆمەندییە.

 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەدەچێت، لە ڕۆژی 3ـی ئەم مانگەوە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە و تاوەكو 8ـی 11ـی 2025 بەردەوام دەبێت، حیزب و لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی هەڵبژاردنەكە دەستیان كردووە بە ڕێكلامكردن بۆ كارنامە و بەڵێنەكانیان لە پێناو سەرخستنی لیستەكانیان.

بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێنج پارێزگای عێراق کاندیدی هەیە. ئەمە جگە لەوەی لە پارێزگای دیالە و بەغدا لەپاڵ هاوپەیمانیی دیکە کاندیدی دیاریکردووە.

زۆرترین ژمارەی کاندیدانی پارتی لە پارێزگای نەینەوایە، بۆ 31 کورسی دیاریکراوی ئەو پارێزگایە پارتی 62 کاندیدی هەیە. 

لە دوای ئەوە زۆرترین کاندیدی پارتی لە پارێزگای سلێمانییە بۆ 18 کورسی ئەو پارێزگایە 36 کاندیدی دیاریکردووە.

لە پارێزگای هەولێر کە 15 کورسی دیاریکراوە پارتی 30 کاندیدی هەیە.

لە پارێزگای کەرکووک پارتی 22 کاندیدی هەیە، و کێبڕکێی 11 کورسی ئەو پارێزگایە دەکات.

لە پارێزگای دهۆک پارتی 22 کاندیدی دیاریکردووە و ژمارەی کورسییە دیاریکراوەکانی ئەو پارێزگایە 11 کورسییە.

پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق 31 كورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا؛ لە هەولێر 9 كورسی، لە دهۆك 8 كورسی، لە سلێمانی 3 كورسی، كەركووك 2 كورسی، نەینەوا 9 كورسی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار