ئەمینداری یەكگرتوو: پێویستە هێزەكانی دەسەڵات لەگەڵ خودا و خەڵكدا ئاشت ببنەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو رایگەیاند:" هێزەكانی دەسەڵات پێویستە كۆتایی بە ستەم و پێشێلكردنی مافەكان و برسیكردن و ناعەدالەتی بهێنن و لەگەڵ خوداو لەگەڵ خەڵكدا ئاشت ببنەوە".
سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەپەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی قوربان باسی لەوەشکردوە، "جەژنی قوربان قوتابخانەی فیداكاری و قوربانیدانە بۆ ڕەزامەندی خوداو خزمەتی بەندەكانی خودا. ئەزموونی كرداریە بۆ یەكتر بوون و برایەتی و هاوكاری و دەستگرتنی هەژاران. وانەی بڵند ڕاگرتنی كەرامەتی مرۆڤ و پەروەردەكردنی و ڕاهێنانیەتی بۆ سەركردایەتی عادلانەو لە گۆڕنانی خۆپەرستی و ئەنانیەتە، بەڵام جێگای داخە كە لەم ڕۆژە پیرۆزانەدا ئاڵۆزی سیاسی و ناكۆكی ناوخۆیی و سەختی بژێوی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و نا سەقامگیری ئەمنی تاڕادەیەك باڵی كێشاوە بەسەر وڵاتماندا."
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەم وەرزی فەریزەی حەج و مەراسیمی عەرەفەو قوربانەدا، هاوڵاتیان لەجیاتی خۆشی و شادی جەژن هەست بە نائارامی و دڵەڕاوكێ دەكەن و نیگەرانی ئایندەی خۆیان و ماڵ و منداڵیانن.
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئەوەشی خستوەتەڕو، "بۆیە لەم دەرفەتە قودسی و پیرۆزەدا دەخوازین هەمولایەكمان بەخۆدا بچینەوەو قوربانی بە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی بدەین لەپێناو گەل و وڵاتماندا، بەتایبەت هێزەكانی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە ستەم و پێشێلكردنی مافەكان و برسیكردن و ناعەدالەتی بهێنن و لەگەڵ خوداو لەگەڵ خەڵكدا ئاشت ببنەوەو ئازادیەكان بپارێزن و موچەو بژێوی هاوڵاتیان دابین بكەن و واز لە ململانێی ناڕەوای دەسەڵاتداری بهێنن و بڕیاری خزمەتكردنی میللەت بدەن"
