هێمن هەورامی: پارتی کلیلی ئەو یاسا گرنگانە بووە کە پەرلەمان تێی پەڕاندوون

"ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕومان لە ئایندەیە و ڕابردو بۆ وانە وەرگرتن بەکاردێنین"

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

هێمن هەورامی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند:"  ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕومان لە ئایندەیە و ڕابردو بۆ وانە وەرگرتن بەکاردێنین بە مەبەستی وەدەستهێنانی ئامانجەکان و دەستنیشانکردنی چوارچێوەی ستراتیژیەتمان". دەڵێت:"  پەرلەمان توانیویەتی دەسکەوتی زۆر باش وەدەست بێنێت و یاسای گرینگ تێبپەڕێنێت کە پارتی کلیلی سەرەکیان بو".

هێمن هەورامی لەمیانی بەشداریکردنی لە وێبینارێکی لقی 6ی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان ئێستا بە پڕۆسەی دەوڵەتسازی و بەهێزترکردنی دامەزراوەکان و خزمەتکردنی هاوڵاتیاندا تێدەپەڕێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕومان لە ئایندەیە و ڕابردو بۆ وانە وەرگرتن بەکاردێنین بە مەبەستی وەدەستهێنانی ئامانجەکان و دەستنیشانکردنی چوارچێوەی ستراتیژیەتمان".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "کۆمەڵێك تەحەدیاتی گەورە لەبەردەمی هەرێمی کوردستانن لەسەر ئاستەکانی ناوخۆ، عیراق و ناوچەکە و جیهاندا کە پێویستە هەرێم خۆی بۆی ئامادە بکات، لە ناوخۆشەوە هەرێمی کوردستان روبەڕوی سێ تەحەدیاتی گەورە بوەتەوە کە بریتین لە تەحەدیاتە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکان".
هێمن هەورامی باسی لەوەشکردوە، "بەهۆی ژمارەیەك هۆکاری جییاوازی ناوخۆ و دەرەکی، هەڵکشان و داکشانێکی زۆر لە پەیوەندی نیوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا هەیە، دەبوا لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ڕەچاوی ئەو تەحەدیاتانەیان بکردبایە لە عیراق و ناوچەکە و جیهاندا، پەیوەندییەکی تەندروست تر لە نێوانیاندا هەبوایە".

ئەوەشی خستوەتەڕو، "بەغدا هەر بەردەوامە لە سزادانی هەرێمی کوردستان کە ئەوەش لەگەڵ بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا بونە تەحەدیاتێکی گەورەی ئابوری کە هەرێمی کوردستان دوچاری بوەتەوە".

سەبارەت بە بارودۆخی عیراق و هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هێمن هەورامی وتی، "عێراق بە ئاڵۆزییەکی یەکجار گەورە تێدەپەڕێت و ناڕونی و نادڵنیایی لە کەیسی عیراقدا هەیە، واپێدەچێت عێراق و تەواوی ناوچەکە چیتر لە ئەولەویاتی سەرەکی ئەمریکادا نەبێ، ئێستاش ڕون نیە کە هەڵبژاردن دەکرێت یان نا، چاوەڕوانی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی دەکرا".

سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستانیش، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەدا کەوا هەرچەندە ئەوان بە تەواوی لە ئەدا و کاری پەرلەمان  و بەرنامەکانیدا ڕازی نین و لە ئاستی تەموحدا نەبون، ئەویش بەهۆی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکومەت و دواتریش بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و کەڕەنتینەی گشتی، بەڵام هاوکات "خولی ئەوجارەی پەرلەمان توانیویەتی دەسکەوتی زۆر باش وەدەست بێنێت و یاسای گرینگ تێبپەڕێنێت کە پارتی کلیلی سەرەکیان بو".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار