خه‌ڵاتى سۆرانى مامه حه‌مه درایه نوێنه‌رى زیندانیانى بادینان
له‌سلێمانى ساڵیادى سۆرانى مامه حه‌مه به‌رزڕاگیرا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
به ئاماده‌بوونى رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیران 13یه‌مین ساڵیادى ڕۆژنامه‌نووسى تیرۆرکراو سۆرانى مامه حه‌مه له سلێمانى کرایه‌وه و"خه‌ڵاتى سۆرانى مامه حه‌مه درایه نوێنه‌رى زیندانیانى بادینان".
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 25ى ته‌موزى 2021، مه‌راسیمێک له شارى سلێمانى له ناو باخچه‌ى کافتریاى سندى هاوس به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تاى مه‌راسیمه‌که به خوله‌کێک وه‌ستان بۆ گیانى رۆژنامه‌نووسى شه‌هید سۆرانى مامه حه‌مه و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى قه‌ڵه‌م ده‌ستیپێکرد.
پاشان له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د میره سه‌رنوسه‌رى ماڵپه‌ڕى لڤین، وتارێک خوێندرایه‌وه و باسى له‌وه‌کرد، که پاش 13ساڵ له تیرۆرکردنى که‌چى هێشتاش دۆسیه‌ى سۆرانى مامه حه‌مه وه‌ک خۆیه‌تی، وتیشى:" ئێستا دۆخه‌که له‌و ده‌مه خراپتره، که سۆرانى مامه حه‌مه‌ى تێدا شه‌هیدکرا، ساڵ له‌دواى ساڵ به‌ره‌و دواوه هه‌نگاو ده‌نێین".
هاوکات، کاروان ئه‌نوه‌ر، سکرتێرى لقى سلێمانى سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستان، وتارێکى پێشکه‌شکرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، که دواى تێپه‌ڕینى چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر شه‌هیدکردنى ڕۆژنامه‌نووسان، تا ئێستا نه‌تواندراوه بکوژانى هیچ یه‌ک له‌و ڕۆژنامه‌نووسانه بدۆزرێته‌وه.
هه‌روه‌ها وتیشى:"ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه، له‌پێناو ئازادیى و دادپه‌روه‌ریى میدیا و ڕاگه‌یاندن، تێکۆشانیان ده‌کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه ژینگه‌ى میدیا له ئێستادا له فه‌وزایه‌کى به‌ربڵاودایه و ئه‌گه‌ر پێشى پێ نه‌گیرێت کاره‌سات و لێکترازانى زۆر دروستبکات".
له کۆتایشدا ١٢یه‌مین خه‌ڵاتى سۆرانى مامه حه‌مه، درابه ئه‌یهان سه‌عید براى (شڤان سه‌عید) چالاکوانى ده‌ستگیرکراوى بادینان، وه‌کو ڕێزێک بۆ سه‌رجه‌م ئازادییخواز و ڕۆژنامه‌نووسانى زیندانییکراوانى بادینان.