گەشتیاران؛ گۆمی كۆرۆنایان شڵەقاند

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە، لەهەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لەتووشبوون و گیانلەدەستدان بەكۆرۆنا تۆمار دەكات، بەرپرسانی تەندروستیش هۆكارەكەی بۆ هاتنی زۆری گەشتیار لەڕۆژەكانی جەژن و پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بەڕێكارە خۆپارێزییەكانەوە دەگێڕنەوە.

بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لەماوەی یەك هەفتەدا نزیكەی نیو ملیۆن گەشتیار روویان لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كردو هاووڵاتیانیش بۆ جەژنە پیرۆزە سەردانی یەكتریان دەكرد بەبێ ئەوەی ماسك بەكاربهێندرێت تەوقەو ماچ ئەنجامدەدرا.

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت دووركەوتنەوە لەقەرەباڵغی و جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان و وەرگرتنی ڤاكسین تاكە چارەسەرو خۆپارێزییە.

هەریەك لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك داوایان لە حكومەتی هەرێم كردووە ئەگەر بۆ یەك هەفتەش بێت قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاكانی هەرێمدا رابگەیەندرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى  وت:»تەنیا پێویستە هاووڵاتیان زۆر بەباشی پەیڕەوی رێنماییەكان بكەن و تاكپارێزی و دووركەوتنەوە لەقەرەباڵغی و مەودای نێوان كەسەكان تاكە رێگەیە بۆ كەمكردنەوەی خۆپارێزییەكان».

پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوەكردەوە كە تاكە هەوڵیان بۆ دەسخستنی زیاتری ڤاكسینەكەیە و   هەوڵدەدەن لە رۆژێكدا زۆرترین كەس ڤاكسینەكە وەربگرێت تا لە زووترین كاتدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان سوودی لێ ببینن.

بریكاری وەزیری تەندروستی قەدەغەی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی دەوامی فەرمانگەكان و داخستنی شوێنە قەڕەباڵغەكان بە چارەسەری كەمكردنەوەی تووشبووان دەزانێت.

رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزیری تەندروستی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» لە قۆناغی زۆر مەترسیداری كۆرۆناداین و هەر دێت و حاڵەتەكانیش زۆرترو مەترسیدارتر دەبن».

بریكاری وەزیری تەندروستی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێش جەژن، كیتەكانی پشكنینی كۆرۆنایان لەلایەن كۆمپانیایەكەوە بەبێ بەرامبەر پێدراوەو ئێستا هیچ كێشەی كیت و پشكنینیان نییە.

لەبارەی بەكارهێنانی ماسكیشەوە وتی:»خەڵكی پابەندنین بە رێكارەكانی خۆپارێزییەوە كە ئەوە هەڵەیەكی گەورەیەو ئێستا لەلایەن سەنتەرە جیهانی و زانا عالەمییەكانەوە ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە تاكە رێگەی خۆپارێزی ماسكەو پێویستە بەكاربهێنرێت».

لەدوای جەژنی قوربانەوەو هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار بەتایبەت لەناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ ناوچە گەشتیارەكانی هەرێم و پارێزگای دهۆكیش بەتایبەتی بۆتە هۆی زۆربوونی حاڵەتەكانی تووشبون لەو پارێزگایەو رۆژی دووشەممەی رابردوو زەنگی مەترسی لێدرا.

بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك مەترسییەكی گەورە لەبارەی كۆرۆناوە لەپارێزگاكەیاندا باس دەكات و دەڵێت:» زۆری گەشتیاران كۆرۆنایان زیاد كردووە».

حەمزە رەزیفی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:»ئێستا دۆخی نەخۆشخانەكانمان باش نین، چونكە  زیاتر لە (130) نەخۆش هەیە لەسەر ئۆكسجینن و (35) نەخۆشمان هەیە لەسەر هەناسەدانی دەستكردن كە ئەو ژمارەیە مەترسیدارە بۆ پارێزگاكە».

هۆكاری زۆری ژمارەی تووشبوونی لەم هەفتەیەدا بۆ ئەوە گێڕایەوە كە ژمارەیەكی یەكجار زۆر گەشتیار روویان لەناوچە گەشتیارەكان كردووەو  وتیشی:» ژمارەی پشكنینەكانیش زۆرتر بوون، بۆیە تووشبوو بەو رێژەیە بەرزبووەتەوە».

بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك جەختی لەوەشكردەوە كە هەموو هەنگاوەكانی خۆپارێزی لەم قۆناغەدا گرنگە، بۆیە هەر بڕیارێك بدرێت لپێناو هاووڵاتیاندا پێویستە جێبەجێبكرێت.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» زیادبوونی تووشبون لەم هەفتەیەدا زۆر هۆكاری هەیە،  وەك هاتنی  گەشتیارو پەیوەست نەبوونی خەڵكی بە رێكارەكانی خۆپارێزی و هاتنی  كۆرۆنا دەلتا هەموویان پێكەوە، هۆكاری زۆری حاڵەتەكانن».

وتەبێژی تەندروستی هەرێم، وتیشی» رێكارەكان لەئێستادا وەك خۆی ماون و بەردەوامین بۆ توندكردنەوەی رێنماییەكانیش یەكێك بووە لەئەولەویەتمان».

پزیشكانی پسپۆر ئاماژە بەوە دەكەن كەزۆربەی ئەوانەی لەئێستادا تووشی كۆرۆنا دەبن گەنجن، بەهۆی زۆری تێكەڵابوون و پەیوەست نەبوون بەڕێكارەكانی خۆپارێزییەوە.

محەمەد ئازاد، پزیشك لە نەخۆشخانەی گشتی كەلار كەڕۆژانە پشكنین بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دەكات بەهاوڵاتى  وت:» رۆژانە كۆی ئەو نەخۆشخانەی سەردانمان دەكەن تووشبووی كۆرۆنانن و تاك تاكیان هەیە كە كۆرۆنایان نەبێت».

هەروەها ئاماژەی بەوەكرد  رۆژانە (37) نەخۆش دەبینێت كە زیاتر لە (35)یان تووشبووی كۆرۆنان و بەدەنگمە تێیاندایە ماسك بەكاربهێنێت.

دكتۆر محەمەد ئازاد ئەوەشی باسكرد كە ئەوانەی لەئێستادا تووشی كۆرۆنا دەبن زۆربەیان گەنجن، هۆكارەكەی بۆ زۆربوونی تێكەڵاووبوون لە جەژندا گەڕاندەوە كە زۆر كاریگەرییەكی گەورەی هەبووە.

ئەو پزیشكەی نەخۆشخانەی كەلار پێیوابوو تاكە هۆكار بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبوون، خۆپارێزی تاك و هۆشیاركردنەوەیە كە ئێستاش خەڵكانێك هەن باوەڕیان وایە كۆرۆنا راست نیە و بوونی نیە، كۆمەڵێكیش هەن باوەڕبان بەخۆپارێزی نیە كە كەمترین كەس ماسك بەكاردەهێنێت.

هاوكات، زانا جەزا، پزپشكێكی پسپۆری نەخۆشیەكانی هەناوو دڵ، لەسلێمانی، رۆژانە زیاتر لە (20) نەخۆش لە نۆرینگەكەی خۆی دەبینێت، بۆهاوڵاتى ئەوەی خستەڕوو كە ماوەی دوو هەفتەیە ئەوانەی سەردانی دەكەن سێ بەشیان تووشبووی كۆرۆنان و گەنجن.

زانا جەزا باسی لە راپرسییەك كرد كەخۆی دیاریكردووە، سێ بەشی ئەوانەی سەردانی دەكەن، گەنجن و رۆژانە(8بۆ9) كاتژمێر لەدەرەوەن و لەچەژندا تێكەڵاوییان زۆر بووەو سەردانی سەیرانگاكانیان كردووەو  ماسكیان بەكارنەهێناوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار