گۆڕان: پاشەكشە لەبەڵێنەكانمان ناكەین

"گۆڕانی پێشوو و ئێستا دروست جیاوازیی نێوان نەوشیروان مستەفاو عومەری سەید عەلی-یە"

3 ساڵ لەمەوپێش



ماردین نورەدین

وەزیرێكی كابینەی نۆیەم لەسەر پشكی گۆڕان دەڵێت:» هەوڵمانداوە ئەو بەڵێنانەی بەخەڵكمان داوە جێبەجێی بكەین و پاشەكشەی لێناكەین»، بەرپرسێكی پێشووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش دەڵێت:»گۆڕانی پێشوو و ئێستا دروست جیاوازی نێوان نەوشیروان مستەفاو عومەری سەید عەلی-یە».

بزوتنەوەی گۆڕان وەكو هێزێك و قەوارەیەكی بەهێز لە 25/7/2009 دەركەوت، بەڵام دەستپێكی بیرۆكەكە و راگەیاندنی وەك قەوارەیەكی سیاسی و لیستێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی چواری ساڵی ٢٠٠٩، بەدیاریكراوی رۆژی ١١/٤/٢٠٠٩ كاتێك نەوشیروان مستەفا لەدیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی «الشرق الاوسگ»ی لەندەنی ژمارە ١١٠٩٢ ئاشكرای كرد كە رێبەرایەتی لیستێكی تایبەت دەكات، جیاواز لەلیستی حزبەكانی تری كوردستان، بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان.

بزوتنەوەی گۆڕان لەخولی سێیەمی پەرلەمان لە 2009دا بووە خاوەنی (25) كورسی پەرلەمان بە رابەرایەتی نەوشیروان مستەفاو دواتر لە 2013 توانی (24) كورسی بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام لەهەڵبژاردنەكانی 2018 و پاش ساڵێك لەكۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا كورسییەكانی پەرلەمانی بۆ نیوە دابەزی و تەنها (12) كورسی بەدەستهێنا.

كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە 19ی ئایاری 2017 وای كرد كێشە ناوخۆییەكانی لەناو بزوتنەوەكەدا زیاتر كرد بەتایبەت دوای دانانی عومەر سەید عەلی وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەو هۆیەوە بەشێك لەهەڵسوڕاوە دیارەكانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی وازهێنانی خۆیان لەبزوتنەوەكە راگەیاند كە ئێستا بە»هەڵسوڕاوانی خوار گردەكە» ناو دەبرێن.

بزوتنەوەی گۆڕان لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی چوار وەزیرو چوار وەكیل وەزیرو چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی بەشدارەو دروشمیان سەروەری یاساو شەفافییەت بووە، بەڵام بەشێك لەو هەڵسوڕاوانەی وازیان لەبزوتنەوەكە هێناوە رەخنەبارانی دەكەن.

 عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان یەكێك بوو لەوانەی دەستی لەكاركێشایەوە بەهۆی نیگەرانییەكانی لەسیاسەتی كاركردنی بزوتنەوەی گۆڕان، لەلێدوانێكدا بەبۆنەی ساڵیادی گۆڕانەوە بەهاوڵاتى وت:» جیاوازی نێوان گۆڕانی پێشوو لەگەڵ گۆڕانی ئێستا دروست جیاوازی نێوان نەوشیروان مستەفا و عومەری سەید عەلی-یە».

هەروەها وتیشی»گۆڕان لەدوای مەرگی كاك نەوشیروان وەك پرۆسەیەكی سیاسی و رێكخراوەیی و جەماوەری بۆ گۆڕانكاری كۆتایی هات دەكرێ ئێستا ناوێكی تری لێبنرێ، بەڵام هەموو ناوێك و تەنیا گۆڕان نا ....».

ئەوانەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندان داكۆكی لەبزوتنەوەكە دەكەن سەرەڕای ئەوەی داوای پێداچوونەوە بەسیاسەت و كاركردنی بزوتنەوەكەدا دەكەنەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەپشكی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «هێزێكی سیاسی پێویستی بەوە هەیە كەبەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ خۆی و بۆ بارودۆخەكە بكات بۆ ژینگەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی وڵاتەكەی خۆی بكات، پەیوەندی لەگەڵ دەنگدەرەكانی و جەماوەرەكەی و دامودەزگا دەوڵەتی و دەستورییەكانداو رێكخراوە مەدەنییەكان و میدیا و پەیوەندییەكان و دیبلۆماسییەتدا بكات».

ناوبراو پێشیوابوو كە بزوتنەوەی گۆڕان هێزێكی جەماوەریی و دەنگدەرە پێویستی بەهەڵسەنگاندنەوەی بەردەوام هەیە، وتیشی»پێویستی بەوە هەیە توانای وەڵامدانەوەی بارودۆخەكەی هەبێت، توانای نوێبوونەوەی سروشتیانەی لەنێو خۆیدا هەبێت، ئەوەش لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و رەخنە لەخۆگرتن و تووێژینەوە و خوێندنەوەی قۆناغەكان و رووداوەكان و كاتەكان و شوێنەكان و بارودۆخەكان دەتوانێت ئەم كارە بكات».

هاوكات هەڤاڵ ئەبوبەكر پێشیوابوو بەلایانەوە پەسەندە كە بەردەوام بزوتنەوەی گۆڕان بتوانێت بەهەمان ئەو هێزو تەوژمەی كە هەیبووە كاربكات و داكۆكیكەرو پارێزگارێكی راستەقینەی داوا رەواكانی خەڵك بێت و بتوانێت بنەماكانی دەوڵەتداری بەهێزو پتەو جێگیر بكات، پێویستی بەوە هەیە لەپڕۆسەی بەخۆداچوونەوەی بەردەوامدا بێت.

بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕانەوە، بزوتنەوەكە پێنج ئەندامەكەی فراكسیۆنەكەی لەبەغدا لەدەستدا و ئەو (12) ئەندامەی پەرلەمانی كوردستانیش تەنها شەش كەسیان پابەندن بەسیاسەتی رێكخراوەیی بزوتنەوەكەوە.

بەڵێن ئیسماعیل پەرلەمانتاری گۆڕان بەهاوڵاتى وت»بزوتنەوەی گۆڕان لەنێو خەمی خەڵكدا دروستبووە و ناڕەزایی خەڵك لەسیستمی حوكمڕانی و لە چەقبەستویی حزبایەتی لەگۆمی مەنگی كوردستان كە دروست بوو ئەو گۆمەی شڵەقان، هەموو خەمەكەو بەرنامە سیاسییەكانی و هەموو ئەو میكانیزمانەی گرتویەتیە بەر بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە سیاسییەكەی بۆ خەڵك بووە».

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی باسكرد كەهەموو ئەو خەباتە مەدەنیانەی لەسەر شەقام لەكاتی ئۆپۆزسیۆنبووندا كردی لەڕێگەی میدیایی و جەماوەرییەوە و هەموو ئەو خەباتە مەدەنیەی لەنێو پەرلەمان كردی و ئەو خەباتەی ئێستاش لەنێو دەسەڵات دەیكات، تاكە ئامانج لێی خەمی خەڵكە كە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و عەدالەتی ئیجتیماعی و حوكمڕانیەكی رەشیدو سەروەری یاساو بەشداریكردنی خەڵك لەسەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوەی ئەم وڵاتە.

هەروەها وتیشی:»ئەمەش وای كردووە گۆڕان بەو هەموو دژایەتیكردنەوە كەكرا بەو هەموو سزادان و قوربانییەی كە دای بەخۆی لە پێناو خەڵكدا و سەرەڕای ئەو موئامەرە نوێیانەی كەهەیە، بەڵام هێشتا بزوتنەوەكە لەسەر قاچی خۆی وەستاوە، ئەو خەڵكانەش كە گلەیی و گازندەیان لەبزوتنەوەی گۆڕان هەیە هەر گۆڕان بەتاكە دەرچەی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و گەیاندنی هەرێمی كوردستان بەهەرێمێكی بەهێزو كەناری ئارامی دەزانن».

هاوكات بەڵێن ئیسماعیل پێشیوابوو كە بزوتنەوەی گۆڕان پاشەكشەی لەهیچ پرسێكی خەڵكی كوردستان نەكردووە، ئەو سەوابتانەی كە پەیوەندی بە بەرنامەی سیاسیەت و ئامانجی گۆڕانەوە هەیە بزوتنەوەكە و نوێنەرەكانی و جەماوەرەكەی لەسەری بەردەوامن»ئەو رووداوانەی كە روودەدەن و هەموو ئەو كەیسانەی كە هەیە لەهەرێمی كوردستان بزوتنەوەی گۆڕان نەك لەهیچی پاشەكشەی نەكردووە، بەڵكو هەمیشە بە بەهێزترەوە بەتێڕوانین و ئایدیا و میكانیزمی باشترەوە هەوڵی بۆداوە».

وەزیرێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پشكی گۆڕان داكۆكی لە بزوتنەوەكەی دەكات و دەڵێت:» هەوڵمانداوە كە كار بكەین بۆ ئەو بەڵێنانەی كە بەخەڵكمان داوەو هەوڵبدەین زۆرترین خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دابین بكەین».

كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەماوەی (12) ساڵی تەمەنی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەدڵنیاییەوە داوای مافی خەڵك و ئازادی و خۆشگوزەرانیمان بۆ خەڵك كردووە، چ لەخولی سێ و چوارو پێج لەپەرلەمان پڕۆژەیاساو بڕیارمان تەقدیم كردووە».

ناوبراو وتیشی:»بەفعلی لەكابینەی هەشت و نۆ ئەو سەردەمەی لەحكومەت بووین و هەوڵمانداوە كار بكەین بۆ ئەو بەڵێنانەی كە بەخەڵكمان داوە و زۆرترین خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دابین بكەین».

كوێستان محەمەد ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «بەهیچ شێوەیەك لەهیچ قۆناغێكدا نە پاشەكشەیان كردووە نە پاشەكشە دەكەین، لەو بەڵێنانەی كە بەخەڵكمان داوە»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار