بەلێشاو هاووڵاتیانی هەرێم ڤاكسین لەخۆیان دەدەن

لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنادا هاووڵاتیان روو دەكەنە بنكە تەندروستییەكان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە ژمارەی تووشبووان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستاندا لەبەرزبونەوەدایەو هاووڵاتیانیش بەلێشاو روودەكەنە بنكە تەندروستییەكان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین.

رۆژی دووشەممە 26ی تەمموز، سامان بەرزنجی لەپارێزگای دهۆكەوە هۆشداریدایە هاووڵاتیان كە بچن ڤاكسین لەخۆیان بدەن، ئەوەش دوای ئەوەی ئامارێكی مەترسیداری تووشبوانی راگەیاند كە زیاتر لەسێ هەزار كەس بووە لە (24) كاتژمێردا.

هەروەها هەریەك لەپارێزگای سلێمانی و هەولێر چەندین رێنماییان بڵاوكردەوە بۆ خۆپاراستن لەكۆرۆناو وەرگرتنی ڤاكسین.

هاووڵاتیان بەدەم داواكارییەكەی وەزارەتی تەندروستییەوە دەچن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین.

محەمەد محێدین، پیاوێكی تەمەن (46) ساڵە لەشاری سلێمانی، باس لەوە دەكات خۆی و كوڕەكەی چەندین كاتژمێر نۆرەیان گرتووە تابتوانن ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن و وتی:»رۆژێك زیاتر لەچەند كاتژمێرێك نۆرەمان گرت تا بتوانین ڤاكسینەكە وەربگرین و خۆمان لەمەترسی تووشبونی كەمبكەینەوە».

محەمەد و كوڕەكەی دوو ژەمە ڤاكسینیان وەرگرتووەو بەهاوڵاتى وت:»ئێستا لەڕووی دەرونیشەوە زۆر ئارامترین، چونكە هەست دەكەم بەرگریم پەیدا كردووەو بەهێزترم بەرامبەر ڤایرۆسەكە».

هاووڵاتیەكی شاری كەلار باس لەوە دەكات هەردوو ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووەو  بەهاوڵاتى وت:» وەرگرتنی ڤاكسین یەكێكە لەڕێكارە خۆپارێزییەكان و پێویستە هەموو هاووڵاتیان وەریبگرن و هیچ مەترسییەكی نیە».

سەردار بابەكر، كوڕێكی تەمەن (31) ساڵە دانیشتووی كەلارە، وتی:» راستە بەم وەرزی گەرمایە چەندین كاتژمێر دەبێت نۆرە بگری بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، بەڵام پاراستنی تەندروستی لەهەموو شتێك گرنگترە».

لەشاری هەولێریش خەڵكی بۆ وەرگرتنی ڤاكسین رۆژانە چەندین كاتژمێر چاوەڕوانن تا بتوانن ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن.

بێدار موسا، كوڕێكی تەمەن (32) ساڵە لەشاری هەولێر، ماوەی دوو هەفتەیە ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووەو ئێستا لەچاوەڕوانی ژەمی دووەمی ڤاكسینەكەیە، بە وت: «من زۆر بەپەلەم لەوەرگرتنی ڤاكسینەكە، چونكە دەزانین تاكە هۆكارە بۆ پەیداكردنی بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا».

ئەم كوڕە ئەوەی گێڕایەوە، پێش وەرگرتنی ڤاكسینەكە لەڕووی دەروونیەوە زۆر نائارام بووە و وتی:» هیچ هەست بەمەترسی ناكەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەش خۆم دەپارێزم».

بێدار ئێستا چاوەڕوانی ئەوەیە نۆرەی بێت ژەمی دووەمی ڤاكسینەكە وەربگرێت.

هاوكات شڤان جەمال، (23) ساڵ، دانیشتووی دهۆكەو دوو رۆژە ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە، بۆ هاوڵاتى ئەوەی خستەڕوو خەڵكانێكی زۆر لەئێستادا چاوەڕوانی وەرگرتنی ڤاكسینن و جێگەی دڵخۆشییە كە دەچن بۆ وەرگرتنی لەكاتێكدا پێشتر خەڵك ترسی هەبوو لەوەرگرتنی ڤاكسینەكە.

شڤان ئەوەشی روونكردەوە كە پێشتر زۆر دەترسا لەبەكارهێنانی ڤاكسینەكە، بەڵام هیچ نیشانەیەكی نەبووەو تەنیا وەك هەر دەرزییەكی دیكە بووە.

رۆژنامەیهاوڵاتى بۆ هاندانی هاووڵاتیان تا دووربن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕێگەی ئەم راپۆرتەوە دەیەوێت پاڵپشتی بۆ وشیاركردنەوەی هاووڵاتیان ئەنجامبدات.

شێنێ خدر، تەمەن (34) ساڵ، دانیشتووی هەڵەبجە، ماوەی هەفتەیە ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووەو بەهاوڵاتى وت:» من رۆژێك زیاتر نۆرەم گرت تا توانیم ڤاكسینەكە وەربگرم، بەڵام ئاواتەخوازم بتوانم ژەمی دووەمیش وەربگرم، چونكە ئێستا هەست دەكەم بەرگرییەكم بۆ ڤایرۆسەكە هەیە و ترسم كەمتر بووەتەوە».

ئەم كچە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دوای ئەوەی خۆی ڤاكسینەكەی وەرگرتووە و دایكی و باوكی بردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش ڤاكسینەكە وەربگرن و لە مەترسی كۆرۆنا بەدوور بن.

شێنێ، جەختی لەوەشكردەوە»جێگەی خۆشحاڵییە زۆربەی خەڵك لەئێستا دەیانەوێت ڤاكسینەكە وەربگرن و ماوەی چەندین كاتژمێر هەوڵی بەدەستهێنانی بدەن».

بەڵێن مستەفا، تەمەن (٢٩) ساڵ، وتی:» پێویستە هەموومان بچین و ڤاكسین وەربگرین، چونكە هیچ ترسی نیە و تاكە هۆكارە بۆ زیادكردنی بەرگری لەشمان لەو ڤایرۆسە».

لەمانگی سێی ئەمساڵەوە ڤاكسینی كۆرۆنا گەیشتە هەرێم و تائێستا زیاتر لە (200) هەزار ڤاكسین بەهەرسێ جۆرەكەیەوە گەیشتووەتەوە هەرێمی كوردستان.

ئارام رۆستەم، راوێژكاری وەزیری تەندروستی، لەلێدونێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێمە تائێستا نەمانتوانیوە ڤاكسینی كۆرۆنا بكڕین، چونكە كۆمپانیا ئەمریكی و ئەڵمانەكە تەنیا لەگەڵ كۆڤاس   مامەڵە دەكەن و ئەوانیش زیاتر لەگەڵ دەوڵەت هەڵسوكەوت دەكەن و ئێمەش دەوڵەت نین، بۆیە نەمانتوانیوە بیكڕین».

كۆڤاس، كۆڕبەندێكی جهانییە، بۆ كڕین و فرۆشتنی ڤاكسین، تەنیا كار لەگەڵ دەوڵەتەكان دەكات.

دكتۆر ئارام رۆستەم، روونیشی كردەوە كەوەزارەتی تەندروستی، لەپلانیدایە، دوو ملیۆن و (400) هەزار ژەم ڤاكسین بكڕن لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

راوێژكارەكەی وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو كە لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ كڕینی ڤاكسین و تائێستا زۆر گرێبەستیان كردووە لەگەڵ زۆر لە كۆمپانیاكان و هیوادارن لەماوەیەكی كورتدا بتوانن بیكڕین.

هەروەها جەختی لەوەشكردەوە «ئەو وەفدەی ئێستا لەواشنتنە لەڕێگەی ئەوانەوە كارمان بۆ بكەن بۆ ئەوەی بتوانین ڤاكسین لەئەمریكا بكڕین».

«ئێستا هەموو ئەمەلمان ڤاكسینە چینیەكەیە، كە خۆشمان وەك وەزارەت بەكارمانهێناوە و گونجاوە، بۆیە لەوانەیە بتوانین بیكڕین»، راوێژكارەكەی وەزیری تەندروستی وادەڵێت.

تائێستا لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە (214) هەزار تووشبووی كۆرۆنا دەستنیشانكراون، (192) هەزار و (351) کەس لەو تووشبووانە چاكبوونەتەوە و چوار هەزارو (689) تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار