شەنگال پاش شەش ساڵ لەئازادكردنی برینەكانی سارێژ ناكرێت
ئاوارەیەكی ئێزیدی لەدهۆك دەڵێت؛ گەڕانەوەیان بۆ شەنگال بووەتە خەون
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
حەوت ساڵ بەسەر كارەساتی ئێزییدیەكاندا تێپەڕ دەبێت كە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و بەشێك لەهێزە عێراقییەكان لەژێر جنگی داعش دەریانهێنا، بەڵام هێشتا برینەكانی ساڕێژ نەكراوەو هەزاران كەسیان بێسەروشوێنن.
رۆژی 3ی ئاب بووەتە رۆژێكی لەبیرنەكراو بەتایبەت بۆ ئێزیدییەكان كە خاك و خەڵكەكەی لەدەست داعش رزگاركران لەلایەن گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و بەشێك لەهێزە عێراقییەكان.
رۆژی 9ـی تشرینی یەكەمی 2020 هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەژێر ناونیشانی «ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال» رێككەوتنێكیان واژۆكرد، ئامانج لەڕێككەوتنەكە كشانەوەی سەرجەم هێزە چەكدارەكان بوو لەشەنگال و دەستپێكردنی ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و گێڕانەوەی ئاوارەكان بوو بۆ قەزاكە.
رێككەوتنەكە بەشێوەیەك بوو، دۆخی شەنگال بۆ پێش ساڵی 2014 و هاتنی داعش بگەڕێندرێتەوە، كاتێك لەو ساڵەدا داعش زنجیرەیەك تاوانی گەورەی بەرامبەر ئێزیدییەكان ئەنجامداو جگە لەكوشتنی سەدان ئێزیدی، هەزاران ژنی ئێزیدی رفاند، ئەوەش بەیەكێك لەگەورەترین تاوانەكانی مێژووی عێراق تۆمار دەكرێت.
شەنگال دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای موسڵ و لەچوارچێوەی پارێزگای نەینەوادایە، (50) كیلۆمەتر لەسنوری شاری حەسەكە لەسوریا دوورە و (70) كیلۆمەتر لەسنورەكانی توركیاوە دوورە.
چارەنووسی رفێنراوانی ئێزیدی و پرۆسەی رزگاركردنیان
عیدو خەلەف، خەڵكی قەزای شنگالە، ماوەی حەوت ساڵە چاوەڕێی رزگاركردنی باوك و دوو براو خوشكێكی خۆی دەكات لەلێدوانێكدا بە وت:» باوكم هەر لەدوای كارەساتی شەنگال لەگەڵ دوو براو خۆشكێكم بێسەرشوێنن، نازانین مردوون یاخود هێشتا لەژیاندا ماون، شوێنێكمان نەهێشتووە كەسەردانمان نەكردبێت، حەوت ساڵە چاوەڕێ دەكەم ، بێزاربووین لەچاوەڕوانی».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە بەرپرسانی عێراق هیچ شتێكیان بۆ نەكردوون»ئەوەی كراوە بەسوپاسەوە حكومەتی هەرێم زیاتر لەسێ هەزار رفێنراوی ئێزیدی لەژێر دەستی داعش رزگاركرد، ئەگەر ئەوان نەبان ئەوانەش رزگار نەدەبوون».
«رۆژ و شەو دەژمێرم، تەنها و تەنها چاوەڕێی هەواڵێكی خۆشی رزگاربوونی باوكم و براو خوشكی خۆ دەكەم، هیوادارم بەرپرسانی عێراق و هەرێم كێشەكانمان چارەسەر بكەن و بەزووترین كات رفێنراوەكانمان رزگاربكەن»، عیدۆ خەلەف وای وت.
سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی ئامارەكانی ئازادبووانی ئێزیدی و بێسەروشوێنانیان بۆهاوڵاتى دەخاتەڕوو.
خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « لەماوەی حەوت ساڵی رابردووەوە لەكۆی شەش هەزار و (417) رفێنراوی ئێزیدی تائێستا سێ هەزار و (445) كەس رزگاركراون و زیاتر لەسێ هەزار كەسی تر هێشتا لەژێر دەستی داعشدان».
هەروەها دڵنیایدایە كەسوكاری بێسەروشوێنانی ئێزیدی كەكارەكانی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوان بەردەوام دەبێت تا هەموویان رزگار دەكەن.
گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەكان
عەلی مچۆ، خەڵكی گوندی تل قەسەبە سەر بە قەزای شەنگال، ماوەی حەوت ساڵە لەكەمپی شاریا سەر بەشاری دهۆك دەژیت بە وت: « كاتێك ئێمە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووین وتمان چەند مانگێك لەدهۆك دەبین و دواتر دەگەڕیێنەوە ، قەد بیرمان لەوە نەكردبووەوە حەوت ساڵ بمێنینەوە، لە هەموو شتێك بێزاربووین، لەژێر خێوەتدا و بەم گەرمایە ژیانمان وەك دوزەخ وایە ، ئەوەندە گەرمە ، لەزستانیش بەهۆی سەرما ناحەوێینەوە».
عەلی مچۆ ئەوەی دووپاتكردەوە كەهەموو كەسێك حەزدەكات بگەڕێتەوە سەر خاكەكەی خۆی بەڵام لەكاتی داعش خانووەكەی تەقێنراوەتەوەو خزمەتگوزاری وەكو ئاوو كارەبا نیە، وتیشی:»گەڕانەوەی ئێمە بووە بەخەون».
لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لەناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان كەسەرپەرشتی هەموو كەمپەكانی ئاوارەیی سنوری پارێزگای دهۆك دەكات دەڵێت:»(65) هەزارو (282) ئاوارەی ئێزیدی لەدهۆكدان».
كاروان زەكی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لەناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان كەسەرپەرشتی هەموو كەمپەكانی ئاوارەیی سنوری پارێزگای دهۆك دەكەن لەلێدوانێكدا بە وت: «ئێستا (65) هەزار و (282) ئاوارە لەسنوری پارێزگای دهۆكدا دەژین، دەرگا كرایەوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، ئێمە هیچ رێگرێیان لێناكەین ، بەپێچەوانەوە هاوكار دەبین بۆ گەڕانەوەیان، بەڵام رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شەنگال زۆر كەمە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی شەنگال لە رووی ئەمنی و كەمی خزمەتگوزاریی .»
«تەنها لە 13ی تەمموزی ئەم ساڵ (237) خێزان لە شەنگالەوە دووبارە گەڕاونەتەوە دهۆك، ئێمە دووبارە چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو ئاوارانە دەكەین كەدەگەڕێنەوەو شوێنیان بۆ دابیندەكەین»، كاروان زەكی وا دەڵێت.
كەمپی خانكێ لە پارێزگای دهۆك دوو هەزارو (692) خێزان لەخۆدەگرێت، بەڕێوەبەری كەمپەكە دەڵێت:» گەڕانەوەی ئاوارەكان زۆر كەمە».
پیر عەلو كەچەل، ماوەی چوار ساڵە بەڕێوەبەری كەمپی خانكێ-یە، دوو هەزارو (692) سەرۆك خێزانی قەزای شەنگال لەناو كەمپی خانكێ دا دەژین بە وت « لەماوەی چوار ساڵدا تەنها نزیكەی (100) خێزان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەمە».
ناوبراو پێیوابوو ئەگەر وابڕوات و دۆخەكە هەر چارەسەرنەكرێت حەوت ساڵی تریش ئاوارەكان ناگەڕێنەوە، وتیشی:»تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە و رێككەوتنی بەغداو هەولێر بەتەواوی جێبەجێ نەكرێت بەدڵنیایەوە ئاوارەكان ناگەڕێنەوە».
ئەنجومەنی خۆسەری شەنگال: هاوكار دەبین بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان
فارس حەربۆ، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی خوسەری دیموكرات لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» هەموو ئەو هێزانەی لەشەنگالن بەفەرمی سەر بە حكومەتی عیراقن بە یەبەشەوە، لەڕووی ئەمنییەوە شەنگال زۆر ئارامە و هیچ كێشەیەكی ئەمنی تێدا نیە».
حەربۆ پێیوابوو نەگەڕانەوەی ئاوارەكان هیچ پەیوەندی بەدۆخی ئەمنییەوە نییە، وتیشی:»تائێستا لەسەدا 35%ی ئاوارەكانی شەنگال گەڕاونەتەوە، 10% روویان لەدەرەوە كردووە، ئەوانەی دیكەش لەهەرێمی كوردستانن».
فارس حەربو ئەوەی دووپاتكردەوە كەهەوڵدەدەن هەموو ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و هەر ئاوارەیەك بگەڕێتەوە لەبازگەكان زۆر هاوكاردەبن كەدێنە شەنگالیش بەپێی توانا هاوكاریی ئەو خێزانانە دەكەن.
قایمقامی شەنگال: دۆخی ئەمنی شەنگال لەهەولێر باشترە
قایمقامی قەزای شەنگال دەڵێت:» حكومەتی عیراق زۆر كەمتەرخەم بووە بەرامبەر ئەو كارەساتە گەورەیەی بەرامبەر بەخەڵك كراوە».
فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « شەنگال لە رووی ئەمنییەوە لەهەولێرو بەغداش باشترە، ئەوانەی دەڵێن دوخی شنگال ئارام نیە دیارە هەندێك مەبەستیان پێ هەیە و هیچ لەدۆخی شەنگال نازانن».
هەروەها قایمقامی شەنگال هێمای بۆ ئەوەكرد كەخانووە رووخاوەكان تائێستا وەك خۆیان ماونەتەوە، ئەوەی ئێستا دەكرێت زۆرینەیان رێكخراوەكانی ناوخۆو دەرەكی دەیكەن وتیشی:» تائێستا دەیان خۆیندنگاو نەخۆشخانەو شوێنە گشتییەكانیان نۆژەن كراوەتەوەو هەزاران هەلی كار بۆ گەنجان و خەڵكی ناوچەكە لەلایەن ئەو رێكخراوانەوە جێبەجێ كراوە.
«»تەنها لەمانگی 6ی ساڵی 2020 تاوەكو كۆتایی ساڵی رابردوو حەوت هەزار خێزان لە هەرێمی كوردستان گەڕانەوە شەنگال، بەڵام دوای راگەیاندنی رێككەوتنی هەولێرو بەغدا كە لەمانگی 10ی ساڵی 2020 ئیمزاكراوە ، گەڕانەوەی ئاوارەكان زۆر كەمبووتەوە ، ئێستاش خەڵك دەگەرێتەوە بەڵام لەوانەیە لە حەفتەیەكدا تەنها سێ تا چوار خێزان بگەڕێنەوە، كە ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەمە» فەهد حامد وای وت.
راگرتنی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان
هەڵدانەوەی گوڕە بەكۆمەڵەكانی شەنگال هەر لە 24ی تشرینی یەكەمی 2020 تائێستا راگیراوە، هیچ وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكە دیارینەكراوە، لە هەمانكاتیشدا زیاتر لە (200) روفاتی كوجۆ لەپزیشكی دادی بەغدان تائێستا پشكنینەكانیان تەواو نەبووە.
مەروان جدعان، نوێنەری كەسوكاری گوندی كۆجۆ لەكەمپی چەم مشكۆ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» زۆر نیگەران و توڕەین لەبەرپرسانی بەغدا، نزیكەی حەوت ساڵە هاوارو تكا دەكەین گوڕەكان هەڵبدرێنەوە و رووفاتەكانمان لەبەغدا بگوازنەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام بەداخەوە داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكراون، داوای هیچ شتێكی گەورەمان نەكردووە، ئەمە ئەركی حكومەتی عێراقە پێویستەكە ئەم كارەیەمان بۆ بكات».
دوو برای مەروان بەدەستی چەكدارانی داعش شەهیدكراون، تەرمی هەردوو براكەی لەگەڵ سەدان تەرمی تر لەپزیشكی دادی بەغدان، كەسوكارییان لەچاوەروانیدان تا بەخاكبسپێردرێن «زۆرجار لەكاتی هاتنی وەفدی حكومەتی عێراق و هەرێم بۆ كەمپی چەم مشكۆ داوامان لێكردوون پەلەبكەن لەتەواوكردنی پشكنینەكان بۆ رووفاتەكان، چونكە كەسوكاری قوربانیان بێزاربوونە لەو هەموو چاوەڕوانیە، وا بڕوات دەبێت چەند ساڵێكی تریش هەر چاوەڕوان بین».
ئەندامێكی دەستەی دۆزینەوەو هەڵدانەوەی گۆرە بەكۆمەڵەكانی ئێزیدییەكان لە شەنگال دەڵێت:» هەڵدانەوەی گۆرەكان لەدەسەڵاتی بەغداددایەو ئەوان رایانگرتووە».
فەلاح حەسەن، ئەندامی دەستەی لێكۆڵنەوەو كۆكردنەوەی زانیاری لەتیمی نیشتیمانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جەختی لەوەكردەوە كەهەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ماوەیەكە راگیراوە، ئەوەش بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، وتیشی:»دواینجار كە دەستمان بەهەڵدانەوەی گوڕە بەكۆمەڵەكان كرد لە 24ی تشرینی یەكەمی 2020 دوای ئەوە كارەكە راگیرا و هەر لەوكاتەوە تائێستا هیچ گوڕێكی بەكۆمەڵ هەڵنەدراوەتەوە«.
فەلاح حەسەن ئەوەشی ئاشكراكرد كە (20) گوڕی بەكۆمەڵ هەڵدراونەتەوە، لەناو ئەو گۆڕانەدا تەرمی زیاتر لە (350) كەس دەرهێنراون، هەموو روفاتەكان رەوانەی پزیشكی دادی بەغدا كراون بەمەبەستی ئەنجامدانی پشكنین بۆ رووفاتەكان ، لەم ژمارەیە تەنیا (104) رووفات لەبەغدا گەڕێنرانەوە بۆ گوندی كوجۆو لەوێ بەخاكسپێردراون ، زیاتر لە (200) تەرم لەپزیشكی دادی بەغدان كە هێشتا پشكنینیان تەواو نەكراوە « .
یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان لە 15ی ئازاری 2019 بەبڕیاری حكومەتی عیراق لەگوندی كۆجۆی قەزای شەنگال دەستپێكرا، تیادا (364) تەرم لە (17) گۆڕدا دەرهێنران، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمی تیمی روفاتەكان سەر بە حكومەتی عێراق .
«هەندێك گۆڕی بەكۆمەڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، كاریگەری كردووەتەسەر بەشێك لەگۆڕەكان و هەڵدانەوەو ناسینەوەی ناسنامەی تەرمەكان دوو جار قورس كردووە».