گوێز لەسەر دڵی ئێزیدییەكان شكێندرا

لقی 17ی پارتی: ئێزیدییەكان كوردن و ئایینەكەیان جیاوازە بۆیە 3ی ئاب داعش ئەو كارەساتەی ئەنجامدا

3 ساڵ لەمەوپێش



پ.دهۆك

حەوت ساڵ لەمەوبەر ئێزیدییەكان لە 3ی ئابی 2014 بەڕۆژی رووناك لەلایەن داعشەوە هێرشیان كرایەسەرو هەزاران ژن و مناڵ و گەنج و پیاو بوونە قوربانی و هەزاران كەسیشیان بەو هۆیەوە كۆچیان كرد بۆ وڵاتانی ئەوروپاو زێدی خۆیان بەجێهێشت.

دوای داگیركردنی موسڵ لەلایەن خەلافەتی داعشەوە، رۆژی 3ی ئابی 2014 پەلاماری شەنگالیان داو پیاوەكانیان كوشتن و ژن و مناڵەكانیان بەرەو تەلەعفەرو موسڵ و دواتر بەرەو سوریا و شاری رققە رفاند.

ژنان و كچانی داعش كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرا لەنێوان چەكدارەكانی داعشدا و منداڵەكانیشیان پەروەردەی توندوتیژی و كاری توندڕەوانە دەكران.

لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە لقی 17ی پارتی شەنگال دەڵێت:» ئێزیدییەكان كوردن و ئایینەكەیان جیاوازە، بۆیە 3ی ئاب داعش ئەو كارەساتەی خوڵقاند».

ئدریس زوزانی ، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە لقی 17ی پارتی شەنگال كە ئێستا لەپارێزگای دهۆك دەوام دەكەن لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت: « رۆژی 3ی ئابی 2014 بەلای پارتی-یەوە فەرمانێك بوو بەسەر ئێزیدییەكاندا هات، ئەمە پێشتر دیراسەت كرابوو ئەوانەی ویستیان لە شەنگال بدەن زۆر بەجددی هاتوون بۆ ناو گۆڕەپانەكە، دەیانویست دوو شت بكەن، یەكەم، دۆخی شەنگال تێكبدەن و دووەم دەیانویست ئێزیدییەكان.

لە قەومیەتی خۆیان كە كوردن دووربكەونەوە، چونكە ئێزیدی كوردن و ئایینەكەیان جیاوازە، بۆیە ئەو كارەساتە گەورەیەیان بەرامبەر ئەنجامدا».

 « ئەو هێزو لایەنانەی پارتی تۆمەتباردەكەن بەوەی شەنگالی بەجێهێشتووە لەئەسڵدا ئەوان خیانەتكارن، هەر ئەوانە شەنگالیان كوشت، هەر ئەوانن كەخەڵكی ئێمە لەبەرئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ناوخۆو دەرەوەش زۆر روون و ئاشكرا بووە كە ئەوانە قبوڵ ناكەن رێككەوتنی بەغداو هەولێر جێبەجێ بكرێت، ئەوەش لەبەر ئەجێندای تایبەت بەخۆیان، بەهیچ شێوەیەك خیانەتمان لەخەڵكی شەنگال نەكردووە، بەپێچەوانەوە خزمەتكاری ئێزیدی و خەڵكی شەنگالین تاماوین بەرگرییان لێ دەكەین، ئێمە خاوەنی قەزیەی شەنگالین» ئدریس زۆزانی وای وت.

جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات دەڵێت:» لە 3ی ئابدا لەم رۆژەدا هەموو جیهان بێدەنگ بوون لەبەرامبەر ئەو كارەساتەی كە رووبەڕووی ئێزیدییەكان بووەوە».

حەسۆ ئیبراهیم، جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات بە هاوڵاتى وت: « رۆژی 3ی ئابی 2014 بەگەورەترین كارەساتی چەرخی 21 دادەنێن، لەم رۆژەدا هەموو جیهان بێدەنگ بوون لەبەرامبەر ئەو كارەساتەی كە رووبەڕووی ئێزیدییەكان بووەوە، راستە لەماوەی رابردوو هەندێك پەرلەمانی وڵاتە ئەوروپییەكان رۆژی 3ی ئابی 2014یان وەكو جینۆساید ناساندووە، بەڵام بەداخەوە تەنها قسەكانیان لەسەر كاغەز ماوەتەوەو هیچ شتێكی كردەیی بۆ خەڵكی شەنگال نەكراوە«.

هەروەها حەسۆ ئیبراهیم باسی لەوەشكرد كە رەخنەیان لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانە كە خۆیان بێ‌دەنگ كردووە لەبەرامبەر قەزیەی شەنگال «تەنها هەندێك شت دەكەن تا ئێزیدییەكان سەرقاڵ بكەن و هەندێك جار ئاوا  باس لە شەنگال دەكەن كەئێستا دۆخەكەی نائارامە و كێشەی تێدایە، نایانەوێت قەزیەی شەنگال بە جینۆساید بناسرێت لەعێراق و تەواوی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان، چونكە ئەگەر بووە جینۆساید هەموو ئەوانەی بوونە هوكاری كوشتن و رفاندنی ئێزیدییەكان ئاشكرا دەكرێن و دواتر دەدرێنە دادگا «.

«داوا لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین دەستبەرداری ئەو سیاسەتە هەڵەیە بن كە چەندین ساڵە بەرامبەر خەڵكی شەنگال ئەنجامی دەدەن، قسەیەكی كوردی هەیە كە دەڵێت با هیچ كەسێک گوێزی خۆی لسەر دڵی ئێمە نەشكێنێت، داوا لەهەردوو حكومەت دەكەین چیتر گوێزی خۆیان لەسەر دڵی ئێزیدییەكان نەشكێنن ،پێویستە هەردوو حكومەت پێداچوونەوە بەسیاسەتی خۆیاندا بكەن، بەشێوەیەك كارێك بكەن لەبەرژەوەندی ئێزیدییەكان نەك بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان «حەسۆ ئیبراهیم وا دەڵێت.

فەرماندەی حەشدی شەعبی لە شەنگال پێیوایە ئەگەر هەر لەدوای ئازادكردنی شەنگال پارتی دەستبەرداری ئیدارە كۆنەكە ببوایە حكومەتی عێراق ئیدارەیەكی نوێی دادەنا.

خال عەلی، فەرماندەی حەشدی شەعبی لەشەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «رۆژی 3ی ئابی 2014 جینۆساید و كۆمەڵكۆژییە، چارەسەرنەكردنی دۆخی شەنگال و كێشەكان بەشێكی زۆر پەیوەندی بەپارتییەوە هەیە، ئەگەر هەر لەدوای ئازادكردنی شەنگال پارتی دەستبەرداری ئیدارە كۆنەكە ببوایە، دڵنیام حكومەتی عێراق ئیدارەیەكی نویێیان دادەناو قایمقامێكی تازەیان دادەنا، چونكە نابێت قەزایەك بێ ئیدارە و قایمقام بێت «.

خال عەلی ئەوەشی روونكردەوە كە هەرلە رۆژی هێرشكردنی داعش بۆ سەر شەنگال تائێستا بەرگرییان لەخاكی شەنگال كردووەو ئەركی خۆیانەو هیچ منەتێكی تێدا نییە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار