سێ مانگ لەناو تەوالێتێكدا زیندانی كرام
رزگاربوویەكی ئێزیدی دەستی داعش:
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز. دهۆك
«سێ جار كڕین و فرۆشتنم پێكرا، جارێك لەگەڵ پیاوێكی بە رەگەز سعودی و جاری دووەم لەگەڵ پیاوێكی بە رەگەز سوری، دواینجاریش لەگەڵ پیاوێكی بە رەگەز عێراقی، مامەڵەی هەرسێكیان زۆر خراپ بوو بەتایبەت پیاوە سورییەكە كە هەموو شتێكی خراپیان لەگەڵم كرد، ئەوەی لەمێشكیاندا بوو دەیانكرد».
ئیبتیهاج ئەمین بەرەكات، تەمەن 18 ساڵ ، خەڵكی گوندی حەردانە سەر بە قەزای شنگال، لە رێكەوتی 3ی ئاب 2014 لەبازگەی ناحیەی سنون لەگەڵ خێزانەكەی كەوتنە دەست چەكدارانی داعش، هەشت خوشك و سێ برای هەیە، تا ئێستا دایك و باوك و چوار خوشك و برایەكی بێسەروشوێنن.
ئەو ژن و كچانەی لە 3ی ئابی 2014 كەوتنە دەست چەكدارانی داعش دەیان چیرۆكی ناخهەژین و ناخۆش لای ئەوان ماونەتەوە كەهەرگیز لەبیری ناكەن كە حەوت ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕ دەبێت و تائێستا نەكەوتوونەتەوە ژیانی ئاسایی خۆیان.
رۆژی 3ی ئاب، یەكێكە لەو رۆژانەی كە لای كوردو ئێزیدییەكان و عێراق لەبیر ناكرێت كە هەزاران ژن و كچی ئێزیدی كڕین و فرۆشتنیان پێوەكرا لەلایەن رێكخراوی داعشەوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكان هێشتا زامی ئازاری ئێزیدیەكانیان ساڕێژ نەكردووە وەك خۆیان دەڵێن.
ئیبتیهاج ئەمین بەرەكات، کاتی هێرشی داعش بۆ ناوچەکە تەمەنی 11 ساڵ بووە، یەكێك لەو کچو ژنانەیە كە كەوتبووە دەست چەكدارانی داعش.
ئەو باس لەچۆنیەتی دەستگیركردنی خۆی و مامەڵەی چەكدارانی داعش دەكات و بە وت:»دوای ئەوەی ئێمە دەستگیركراین لەلایەن چەكدارانی داعش ئێمەیان گواستەوە بۆ سوریا، دوای هەشت رۆژ ژن و پیاو لێك جیاكرانەوە، دوای ئەوە ئێمەیان گواستەوە بۆ گوندی كۆجۆ».
هەروەها وتیشی:»چەند مانگێك لەوێ ماینەوە، دواتر جارێكی تر ئێمەیان گواستەوە بۆ گوندی تل قسەب، ئینجا ئێمەیان گواستەوە بۆ تەلەعفەر، دواینجار ئێمەیان بردە هوڵی گالاكسی لە ناوەندی شاری نەینەوا .
ئیبتیهاج دەڵێت سێ جار كڕین و فرۆشتنی پێكراوە، جارێك لەگەڵ پیاوێكی بە رەگەز سعودی و جاری دووەم لەگەڵ پیاوێكی بە رەگەز سوری، دواینجاریش لەگەڵ پیاوێكی بە رەگەز عیراقی» مامەڵەی هەرسێكیان زۆر خراپ بوو بەتایبەت پیاوە سوریەكە، كە هەموو شتێكی خراپیان لەگەڵ كردم، ئەوەی لە مێشكیاندا بوو دەیانكرد».
ئەو ژنە رزگاربووەی دەستی داعش باسی لەوەشكرد كە جگە لەئیشە خراپەكانیان دەبوایە رۆژانە پێنج نوێژیان بكردایە لەگەڵ خوێندنی قورئان، «جارێك لای پیاوە سوریەكە نوێژم نەكرد بەسووندە لەمنیدا، دواینجار لەبەر لێدان و سوكایەتی بەناچارییەوە نوێژم كرد».
ئیبتیهاج لەگەڵ دوو لەهاوڕێیكانی خۆی لەسوریا هەوڵی خۆدزینەوە لەداعش دەدەن بەڵام هەوڵەكەیان سەرنەكەوت و چەكدارانی داعش زانیان دواتر دەستگیركران، «لەبەر كارە خراپەكانی داعش لەگەڵ دوو لەهاوڕێیەكی خۆم لەسوریا هەوڵماندا خۆبدزینەوەو بگەینە خێزانەكانمان، بەڵام هەرزوو چەكدارانی داعش زانیان، ئێمەیان دەستگیركردو سێ مانگ لەناو توالیتێكدا زیندانیان كردم».
دواینجار ئیبتیهاج دەفروشرێتە پیاوێكی بە رەگەز عیراقی لەشاری موسڵ، بەڵام دوای ماوەیەكی كەم لەلایەن فرۆكەكانی هاوپەیمانی پیاوە عێراقیەكە دەكوژرێت، دوای ئەوە لە رێگای چەند كەسێكەوە ئیبتیهاج رزگاردەكرێت، بەڵام ئەو نەیویست باس لەناوەرۆكی پلانەكە بكات كەچۆن رزگاركراوە.
ئێستا ئیبتیهاج لەكەمپی خانكێ لەگەڵ كەسوكارەكەی ژیان دەگوزەرێنێت وتی:» لەبەر نەبوونی ئیش و هەڵی كار هەندێكجار كرێكاری دەكەم تا بڕێك پارە بەدەستبهێنم «.
« لەساڵی 2018 لەشاری موسڵ رزگاركرام، تائێستاش دایك و باوكی من لەگەڵ چوار خوشك و برایەكم بێسەروشوێنن، راستە ئازادكراوم، بەڵام بەداخەوە حكومەتی عێراق هیچ هاوكاری ئێمەیان نەكردوە، یاسایەك دەرچووە لەپەرلەمانی عیراق كەچەندین بڕگە و ماددەی تایبەت بەئێمەوە پەسندكراوە، بەڵام بەداخەوە تائێستا یەك دینارمان وەرنەگرتووە «.
نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی دەستی داعش، دوا ئاماری رفاندن و رزگاركراوان و مەزارە تەقێنراوەكان و ئاوارەكانی ئێزیدی بڵاودەكاتەوەو ئاشكرای دەكات، تائێستا سێ هەزارو (550) كەس رزگاركراون و (104) كەسیش لەوان شەهیدكراون و دوو هەزارو (763) كەسی تریش لە رفێنراوەكان ماون و تائێستا رزگارنەكراون.
لە راگەیەندراوەكەی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی ئاماژە بەوەش دراوە « ژمارەی ئێزدییەكان لەعێراق ( 550) هەزار كەسە، (360) هەزاریان لەهێرشی داعش ئاوارە بوون و (150) هەزاریان گەڕاونەتەوە شنگال ، لەسەرەتای هێرشەكەی داعش بۆ سەر شنگال (1293) كەس شەهید بوون و (2745) بێ دایك و باوك ماون .
هەر بەپێی ئامارەكە (82) گوڕی بەكۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاكە كەسیش تاوەكو ئێستا دۆزراونەتەوە، هەروەها (68) شوێنی پیرۆزی ئایینی و مەزارگای ئێزدییەكان تەقێنراونەتەوە ، نزیكەی (100) هەزار كەسیش بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە .
لەكۆتایی راگەیەندراوەكە هاتووە، لەئەنجامی هێرشەكەی داعش لەمانگی ئابی ساڵی 2014 (6417) كەس لەژن و پیاو رفێنراون ، لەو ژمارەیەش (3550) كەسیان كە پێكدێن لە ژن و پیاوو منداڵی كوڕو كچ رزگاركراون ، هەروەها (104) كەسیش لەوان شەهیدكراون و (2763) كەسیشیان تاوەكو ئێستا ماون و رزگارنەكراون.