پەرلەمان شەلەل دەبێت و دوو ئەركی سەرەكی لەدەستدەدات
«پەرلەمان بەمەبەست پەكخراوەو ئەمساڵیش پرۆژەی بودجە نییەو كار بۆ بودجەی 2022 دەكەین»
3 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
سەرۆكی پەرلەمان دوا بزماری بەتابوتی پرۆژەی بودجەی ئەمساڵدا كوتی كە رۆژی شەممەی رابردوو خولی بەهارەی راگەیاندو تا مانگێكی دیكە پەرلەمان كۆبوونەوە ئەنجام نادات، لەكاتێكدا كە حكومەتی هەرێم دوای سەد رۆژ لەگەیشتنی پرۆژە بودجەی 2021 ئامادەنەبووە رەوانەی پەرلەمانی بكات.
رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە بەیانێك كۆتایی خولی بەهارەی راگەیاند، بەمەش پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی مانگێك دەچێتە پشووی فەرمییەوە، هەرچەندە پشووی بەهارەی پەرلەمان دەبوایە لەمانگەكانی (٧) و (٨) بووایە، بەڵام پێشتر دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ماوەی مانگێك وەرزی یاسادانانی درێژكردەوە.
بەپێی دەقی بەیانەكەی سەرۆكی پەرلەمان كە تێیدا هاتووە:» بەپێی بڕیاری ژماە (٧)ی ساڵی ٢٠٢١، ماوەی درێژكردنەوەی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لەخولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لە ٢٠٢١/٧/٣١ كۆتایی دێت و پاڵپشت بەم بڕیارە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری راگەیاندنی كۆتاییهاتنی (خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی دا».
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەبێت لەمانگی تشرینی یەكەم 10ی هەموو ساڵێك پرۆژە بودجەی ساڵی داهاتوو ئامادە بكرێت تا لەماوەی دوو مانگدا پەرلەمان راپۆرتی خۆی لەسەر ئامادە بكات و خوێندنەوەی بۆ بكات و دواتر پەسەندی بكات، بەڵام ئەمساڵیش پرۆژەی بودجەی 2021 تەنها لەسەر كاغەز لەدۆڵابەكانی حكومەتی هەرێمدا هەڵگیراوەو رەوانەی پەرلەمان نەكراوە.
پەرلەمانی كوردستان بەپێی پەیڕەو سێ ئەركی هەیە كە (دەرچواندنی یاسا، یاسای بودجە، چاودێریكردنی كارەكانی حكومەتی هەرێم)، بەڵام لەخولی چوارەم و ئەم خولەی ئێستا (خولی پێنجەم) دوو ئەركی لەدەستداوەو تەنها یاسا دەردەكات بەبێ چاودێریكردنی حكومەت بوونی یاسای بودجە كۆبوونەوەكان ئەنجامدەدات.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» بەردەوام لە سیراعداین لەگەڵ حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ناردنی پرۆژەی بودجە، باڵام ئیتر بۆ ئەمساڵ ناردنی هیچ سوودی نییە».
شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»پەرلەمان پەكخراوە بەمەبەست كە نەتوانێت چاودێری كارەكانی حكومەت بكات بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندی بەژیانی خەڵكەوە هەیە كە مەسەلەی بودجە یەكێكە لەوانەو بەنایاسایی حەوت ساڵە وجودی نییە».
ناوبراو پێیوابوو كە ماوەیەكی زۆرە لە»سیراعداین لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتدا فشارەكانمان بەردەوامە، بەڵام تازە هاتنی پرۆژەی بودجەی 2021 هیچ سوودی نابێت و شەڕ بۆ پرۆژە بودجەی 2022 دەكەین».
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی كە لەهەمانكاتدا سەرۆكی لیژنەی داراییە لەپەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات كە»پەرلەمان بەهۆی نەهاتنی پرۆژەی بودجەوە ناتوانێت چاودێری حكومەت بكات و شەلەل بووە».
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لە راستیدا ئێمە تائێستا چاوەڕێن حكومەتی هەرێم پرۆژە بودجەی 2021 رەوانەی پەرلەمان بكات، بەڵام تائێستا دیار نییە، ئەوەی كە گرنگە ناردنی پرۆژەكەیەو كۆبوونەوەی نائاسایی بۆ دەكەین و ئێمە ئامادەكاریمان بۆ كردووە».
هەروەها باسی لەوەشكرد كە حەوت ساڵە یاسای بودجە نەبووەو هەر كاتێك بێت باشترە لەوەی كە نەگاتە پەرلەمان، بەڵام «پێویستە ئامادە بكرێت بۆ پرۆژە بودجەی 2022».
هاوكات سەرۆكی لیژنەی دارایی هێمای بۆ ئەوەشكرد كە»نا تەبیعییە حەوت ساڵە پرۆژەی بودجە نەهاتۆتە پەرلەمان كە دادپەروەری و شەفافییەت بەرجەستە نابێت لەسەرچاوەكانی داهات و خەرجییەكان».
زیاد جەبار ئەوەی دووپاتكردەوە كە یاسای بودجە نەبێت، پایەی سێیەمیش كە چاودێری كردنی حكومەتە هەموو جومگەكانی تێكداوە» پەرلەمان تووشی شەلەل دەبێت».
پێشەوا هەورامی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»پشووی پەرلەمان راگەیەندراوەو دانیشتەكان دەكەوێتە مانگی داهاتوو، باشترە كار بۆ پرۆژە بودجەی 2022 بكرێت لەئێستاوە».
ناوبراو باسی لەوەشكرد، حكومەتی هەرێم تا ئەو (200) ملیارەی بەغدا نەگەیشت بەرچاوڕوونی نەبووە، بۆ پرۆژە بودجەی 2021، ئێستا كە بڕیارە مانگانە ئەو بڕە بێت و دەكەوینە مانگی نۆ بۆ كۆبوونەوەكانی پەرلەمان باشترە كار بۆ پرۆژە بودجەی ساڵی داهاتوو بكرێت.
ماوەی زیاتر لەسەد رۆژە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم پرۆژە بودجەی 2021 رەوانەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم كردووەو لەئەنجومەنی وەزیرانیش لیژنەیەكی باڵا پێداچوونەوەیان تێدا كردووەو ئامادە كراوە بۆ رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان، بەڵام تائێستا حكومەتی هەرێم نەیناردووەو تەنها دەڵێن لە ئامادەكارییەكانی بەردەوامن و بەم زووانە رەوانە دەكرێت.
پرۆژە بودجەی 2021ی حكومەتی هەرێم بە (15) ترلیۆن دینار خەمڵێندراو نزیكەی دوو ترلیۆن و (900) ملیار دینار كورتهێنانی تێدابوو.
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی كە نەیویست ناوی بهێندرێت بۆ هاوڵاتى ئەوەی دووپاتكردەوە كە یاداشت دراوەتە وەزیری دارایی و ئابووری تا بیگەیەنێتە ئەنجومەنی وەزیران و كار بۆ پرۆژە بودجەی 2022 بكرێت.
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» وەزارەتی دارایی بەگشتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەی سەر بەوەزارەت زۆر ماندووبوون لەئامادەكردنی پرۆژە بودجەی 2021 كە پرۆژەیەكی شەفاف بوو سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان و قەرزەكانی لەخۆگرتبوو، لەكاتێكدا حەوت ساڵە پرۆژەی بودجە نەبووە، كاتێكی زۆر خەریكی ئامادەكردنی بووین».
هەروەها جەختی لەوەشكردەوە كە یاداشتی ئامادەكاری پرۆژە بودجەی 2022 دراوەتە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری كە بڕیارە ئەم هەفتەیە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تەسلیمی سەرۆكایەتی حكومەتی بكات، وتیشی:» زۆر درەنگە بۆ ئامادەكردنی پرۆژە بودجەی ساڵی داهاتوو، چونكە وەزارەت لەمانگی چواردا نووسراو بۆ وەزارەتەكان دەكات كە خەمڵاندنی خۆیان بۆ داهات و خەرجییەكان بخەنەڕوو ئەوەش پرۆسەیەكە چەند مانگێكی دەوێت تا وەڵام دەدەنەوە، بۆیە ئەگەر لەئێستاشەوە كاری تێدابكەین سێ بۆ چوار مانگی دیكەی دەوێت».
هاوكات ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی پێشیوابوو ئەگەر تەنها بۆ سێ مانگیش بووە، پرۆژە بودجەی 2021 رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت تا ببێتە بنەمایەك بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو» تا دادپەروەری لەدابەشكردنی داهاتەكان و بەپێی ژمارەی دانیشتوان پرۆژەكان جێبەجێ بكرێت، سەرەڕای ئەوەی لە قەیرانی دارایداین، بەڵام بوونی یاسای بودجە باشترە لەنەبوونی، چونكە گەندەڵی ناشەفافییەت زیاتر دەكات كە حەوت ساڵە هەرێم بەو شێوەیە كاردەكات».
«ئەگەر پرۆژەی 2021 نەچێتە پەرلەمان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوەو پێمان بڵێن ئامادەكاری بكەن بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو، ئەوا ئێمە بنەمایەكی باشمان هەیە بۆ ئامادەكردنی بودجەی 2022 و بۆ ئەمساڵیش دەتوانین حساباتی دارایی رەوانەی پەرلەمان بكەین لەڕێگەی حكومەتی هەرێمەوە»، بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی وای وت.