30 وڵات رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر قبووڵكردنی پاسپۆرتی كۆرۆنا

‌وڵاتان كار بۆ دەركردنی پاسپۆرتی كۆرۆنا دەكەن لەپێناو زیادبوونی جوڵەی ئابووریدا

3 ساڵ لەمەوپێش



نامۆ سەربەست

چەند وڵاتێك دەستیانكردووە بەهەنگاونان بۆ دەركردنی (پاسپۆرتی كۆرۆنا) تاوەكو كارئاسانی بكەن بۆ گەشتكردنی هاووڵاتییەكانیان و ئامادەبوون لەچالاكی و كۆبوونەوەكاندا تا لەو رێگەیەوە جوڵەی ئابوورییەكان زیاتر ببێت.

ئەم جۆرە پاسپۆرتە دەكرێت لەڕێی ئەپڵیكەیشنێكەوە بێت لەسەر مۆبایلە زیرەكەكان و لەوانەشە هاوشێوەی پاسپۆرتی ئاسایی دەربكرێت و كەسەكان بتوانن بەكاری بهێنن، لەهەندێك وڵاتیش لەشێوەی بڕوانامەیەكی دیجیتاڵیدا دەدرێت.

ئامانج لەدەركردنی ئەم جۆرە پاسپۆرتە بەخشینی ئازادیی زیاترە بەئەوانەی پێكوتیان وەرگرتووە بۆ جوڵەو هاتوچۆو گەڕان، كە دەبێتە مایەی بووژانەوەی زیاتری ئابوری و كەمكردنەوەی شوێنە داخراوەكان و سەركەوتنی چالاكییە هونەری و كلتوری و وەرزشییەكان.

ئامانجێكی تری هاندانی هاووڵاتییانە بۆ وەرگرتنی پێكوتەكە، تا بتوانن بچنە هەر شوێنێك بیانەوێت.

هەندێك وڵات بەكرداریی دەركردنی ئەم جۆرە پاسپۆرتەی جێگیر كردووە، كە رێگا بەهاووڵاتییەكانی دەدات لەسەر ئاستێكی فراوان گەشتبكەن و بەشداریی لەچالاكییەكاندا بكەن، بۆیە خاویی هەندێك وڵاتی تر لەكوتانی هاووڵاتییەكانیدا، ترسی ئەوەیان لەلا دروستدەكات لەڕێڕەوەكە دوابكەون.

لەم راپۆرتەدا هەنگاوەكانی چەند وڵاتێك دەخەینەڕوو لەدەركردنی پاسپۆرتی كۆرۆنا و ناواخنەكانیان.

شانشینی یەكگرتوو:

لەئێستادا ئەو شوێنانەی خراونەتە ئاستی (مەترسیی گەورە)وە؛ وەكو یانە شەوانەكان؛ مەرجی ئەوەیان دانەناوە ئەو كەسانەی سەردانیان دەكەن بیسەلمێنن كوتراون. ئەوە وێڕای ئەوەی بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئاشكرایكرد پلانگەلێكیان هەیە بۆ ئەوەی تاكۆتایی ئەیلولی داهاتوو:»كوتانی تەواوەتی ببێتە مەرج بۆ چوونە ژوورەوەی یانە شەوانەكان و ئەو شوێنانەی تریش كەخەڵكی زۆری تێدا كۆدەبێتەوە».

بەپێی ئەو رێوشوێنە نوێیانە، هاووڵاتیان دەبێت بەڵگەیەك بخاتەڕوو بیسەلمێنێت پێكوتی وەرگرتووە، ئەوەش لەڕێگای ئەپڵیكەیشنی (كۆڤید پاس Coved Pass)ی سەر بەدەستەی تەندروستیی نیشتیمانیی بەریتانی.

ئەو ئەپڵیكەیشنە، یان ئەپڵیكەیشنە هاوشێوەكانی لەشانشینی یەكگرتوودا، وادەكات ئەوانەی پێكوتی تەواویان وەرگرتووە، لەكاتی گەڕانەوەیاندا لەزۆرینەی ئەو وڵاتانەی خراونەتە لیستی سوری بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە، پێویست نەكات كەرەنتین بكرێن.

بەپێی داتاكانی حكومەتی بەریتانیا، تائێستا (30) وڵات رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر قبوڵكردنی پاسپۆرتی كۆرۆنای بەریتانیا، لەنێویاندا ئیسپانیاو یۆنان. بەڵام هەڵگری پاسپۆرتەكە دەبێت بەر لەگەشتەكەی چێكی یاساكانی ئەو وڵاتە بكات كەدەیەوێت گەشتی بۆ بكات.

یەكێتی ئەوروپا:

پاسپۆرتی كۆرۆنای یەكێتی ئەوروپا لەسەرجەم (27) وڵاتەكەی ئەندامی یەكێتییەكەداو سویسراو ئایسلەندا نەرویج و لیختنشتاین كاری پێدەكرێت.

هاووڵاتییانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەتوانن پاسپۆرتەكە لەسەر ئەپڵیكەیشنێك دابەزێنن، یاخود كۆپییەكی كاغەزی هاوشێوەی پاسپۆرتی ئاسایی وەبگرن، بەبێ هیچ تێچوویەك. پاسپۆرتەكە بۆ ئەوانەش بەردەستە كە هاووڵاتیی وڵاتانی دەرەوەی یەكێتییەكەن، بەڵام بەشێوەیەكی یاسایی لەیەكێك لەو وڵاتانەدا دەژین و مافی گەشتكردنیان بۆ وڵاتانی تری ئەندامی یەكێتییەكە هەیە.

بەوپێیەی بەریتانیا چیتر ئەندامی یەكێتییەكە نییە، بۆیە بۆ هاووڵاتییانی ئەوێ بەردەست نییە.

پاسپۆرتەكە دەدرێتە ئەوانەی پێكوتیان وەرگرتووە، یان كاتێكی زۆر كەمە پشكنینیان كردووەو ئەنجامەكەی سالب بووە یان ماوەیەكی كەمە لەپەتاكە چاك بووەتەوە.

هەڵگری پاسپۆرتەكە لەكاتی بڕینی سنوردا لەناو یەكێتی ئەوروپادا، پێویستی بەپشكنین و كەرەنتین نابێت

فەڕەنسا:

حكومەتی فەڕەنسا پاسپۆرتێكی تەندروستیی دەركردووە، رێگا بەهاووڵاتییەكانی دەدات بچنە چێشتخانەكان و سواری فڕۆكە و شەمەندەفەر ببن.

لەئێستادا ئەو شوێنانەی زیاتر لە (50) كەس دەگرێت، كردوویانەتە مەرج كە دەبێت كەسەكە بەڵگەیەك نیشانبدات پێكوتی وەرگرتووە یان ئەنجامی پشكنینی كۆرۆناكەی سالب بووە، تاوەكو بتوانێت بچێتە ژوورەوە.

حكومەتی فەڕەنسا بڕیاریشی داوە دەبێت لەسەرەتای مانگی ئابەوە هەموو گەورەكان دەستبكەن بەوەرگرتنی پاسپۆرتەكەو ئەو منداڵانەشی تەمەنیان لە (12) ساڵ زیاترە لە (30) ئەیلولەوە دەستبكەن بەوەرگرتنی.

هەروەها بۆ دەستخستنی پاسپۆرتەكەش، دەبێت كەسەكە بەڵگە پێشكەشبكات كەپێكوتی تەواوی وەرگرتووە، یان ئەنجامێكی نوێی پشكنین بخاتەڕوو كە چاكبووەتەوە یاخود تووش نەبووە.

لەسەرەتای دەركردنی بڕیارەكەوە، هەموو كۆتایی هەفتەیەك سەدان هەزار كەس لەشوێنە جیاوازەكانی فەڕەنسادا خۆپیشاندان دژی پاسپۆرتی كۆرۆناو بەزۆر كوتانی كارمەندانی كەرتی تەندروستی ئەنجامدەدەن و رۆژی شەممە 31ی تەمموز بۆ هەفتەی سێیەم لەسەریەك خۆپیشاندانەكان دووبارە بوونەوەو ژمارەی خۆپیشاندەران بەڕێژەیەكی بەرچاو زیاتر ببوو.

خۆپیشاندەران هۆكارەكەیان بۆ ئەوە گێڕایەوە، ئەو بڕیارانە دەبێتە مایەی جیاكاریی لەنێوان هاووڵاتییانداو رێگریی لەئازادییەكانیان دەكات.

ئیسرائیل:

وڵاتی ئیسرائیل لەئەمساڵدا پاسپۆرتی كۆرۆنای كردە مەرج و دەبوایە كەسەكان بەڵگەیەك نیشانبدەن بیسەلمێنێت كوتراون یان چاكبوونەتەوە، ئەو هەنگاوەی حكومەت وایكرد خەڵك زیاتر خۆیان بكوتن، بەتایبەتی گەنجەكان.

دوای دابەزینی رێژەی توشبوون بەپەتاكە، حكومەت ئەو رێوشوێنەی راگرت، بەڵام ئێستا كەژمارەی توشبوون دیسان كەوتووەتەوە هەڵكشان، حكومەت بەمدواییانە رایگەیاند پلانیان داناوە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی ئەو رێوشوێنانە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل Times Of Israel سیستمەكە ناونراوە سیستمی پاسپۆرتی سەوزو رێگا دەدات كەسانی سەروو (12) ساڵ لەئەوانەی خۆیان كوتاوە یان چاكبوونەتەوە یان ئەنجامی پشكنینی سالبیان وەرگرتووە، ئامادەی چالاكییە گەورەكان ببن و بچنە شوێنە گشتییەكانەوە.

پاسپۆرتە نوێیەكە لە 29ی تەمموزەوە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و چالاكییە كلتوری و وەرزشییەكان و هۆڵەكانی وەرزش و خواردنگەكان و كۆنفرانسەكان و شوێنە گەشتیارییەكان و شوێنەكانی پەرستن دەگرێتەوە.

چین:

ساڵی رابردوو وڵاتی چین سیستمی (كۆدی وەڵامدانەوەی خێرا)ی بەردەستخست كە كەسەكان بەسەر رەنگەكاندا دابەشدەكات، بەجۆرێك رەنگی سەوز رێگا بەكەسەكە دەدات بەبێ هیچ كۆتێك بجوڵێت، بەڵام خاوەنی رەنگی زەرد دەبێت حەوت رۆژ لەماڵەوە بمێنێتەوە.

رەنگەكان كۆمەڵێك داتای زۆری حكومی و كۆمەڵێك زانیاری لەخۆدەگرن كە كەسەكە خۆی دابینیكردووە و لەزۆرێك لەشوێنە گشتییەكانی چین نیشاندانی رەنگی وەڵامدانەوەی خێراكە، كراوەتە مەرجی چونە ژورەوە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست South China Morning Post  لەمانگی ئازاری رابردووەوە چین بڕوانامەیەكی تەندروستیی دیجیتاڵی دەركردووە، باری كوترانی كەسەكەو ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنای تێدا دەرخراوە، بەڵام ئەو بڕوانامەیە تەنیا بۆ هاووڵاتییە چینییەكان بەردەستە، كە هیوادارن لەداهاتوودا وەك پاسپۆرتی كۆرۆنا ئەژماربكرێت و وڵاتانی تر ددانیپێدابنێن تاوەكو بۆ گەشتی دەرەوەی وڵاتیش بتوانن بەكاری بهێنن. بەڵام تائێستا دیارنییە چین لەگەڵ كام وڵاتانەدا لەگفتوگۆدایە بۆ داننان بەو بڕوانامەیەدا وەك پاسپۆرتی كۆرۆنا.

ئەمریكا:

مانگی نیسانی رابردوو كۆشكی سپی بەدوریگرت پاسپۆرتی زۆرەملێی كوتانی كۆرۆنا دەربكات و رایگەیاند كە» دەبێت ماف و تایبەتمەندێتیی هاووڵاتییان بپارێزرێت»، بەڵام بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگای ئێم ئای تی تێكنۆلۆجی MIT Technology وێڕای ئەو بڕیارەی كۆشكی سپی، چوار ویلایەت ئەپڵیكەیشنی كوتانەكەیان كارا كردووەو هەندێك ویلایەتی تر رێوشوێنی تایبەت بەخۆیان داناوە بۆ زیاتركردنی رێژەی خۆكوتان.

ویلایەتی كالیفۆرنیا بڕیاریداوە لەسەرەتای ئەم مانگەوە داوا لەهەموو كارمەندانی بواری تەندروستیی ویلایەتەكە بكات بەڵگەی كوتان نیشانبدەن یاخود هەفتانە پشكنین بكەن و ئەنجامەكەی نیشانبدەن.

ویلایەتی نیویۆرك لەناوەڕاستی ئەیلولی داهاتوەوە، رێكارێكی هاوشێوە دەگرێتەبەرو كارمەندەكانی بەفەرمانبەرانی شارەوانی و پۆلیس و مامۆستایانیشەوە، داواكراودەبن خۆیان بكوتن یان هەفتانە پشكنین بكەن.

ئوستورالیا:

ئەو ئوستورالییانەی خۆیان كوتاوە، لەئێستادا بڕوانامەی دیجیتاڵییان لەسەر مۆبایلەكانیان پێیە.

دان تیهان وەزیری گەشتوگوزاری ئەو وڵاتە رایگەیاند:» پاسپۆرتی كۆرۆنا مافی گەشتكردن بۆ دەرەوەی سنور دابین دەكات بۆ ئەوانەی خۆیان كوتاوە تەنانەت لەو كاتانەشدا كەڕێوشوێنی داخستن و قەدەغەی هاتوچۆ كارابێت، یان هەندێك ناوچەی وڵات بەهۆی تەشەنەی نەخۆشییەكەوە داخرابێتن».

هەروەها راشیگەیاند:» پێدانی ئازادی زیاتر بەئەوانەی خۆیان كوتاوە، هانی ئەوانی تر دەدات بچن پێكوتی كۆرۆنا وەربگرن»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار