نوێنەری زیندانیان بۆ هاوڵاتی: ئاسایش تۆڵەی ئازایەتی و بەرخودان لە بەندکراوان دەکاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

نوێنەری زیندانیانی بادینان دەڵێت:" لەدوای دادگایی کردنەکەی ڕۆژی ٢٩ی مانگ کە شایەتیەکەیان هەڵوەشاندۆتەوە و وتویانە متمانەیان بە ئاسایشی پارتی و دادگا نەماوە لە تۆڵەی ئەوەدا لەو ڕۆژەوە تا ئێستا زیتدانیان خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێن".

ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان، لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت :" هۆکاری ئەو سزادان و ئەشکەنجەدانانە، دوای ئەوە بووە کە لە دادگا زیندانیان وتویانە ئێمە نەخێر متمانەمان بە ئاسایشی پارتی نیە و متمانەمان بە دادگا نیە و ئەمانە پەنجەیان بەرز کردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە بژی ئازادی و بمرێت دیکتاتۆرو قەرەباڵغی و دەنگەدەنگ دروست بووە و دوای ئەوە کە براون بۆ زیندان ئەشکەنجە دراون وەک تۆڵە سەندنەوەیەک لە دژی ئەو بەرخودان و ئازایەتیەی بەرامبەر خەڵک و پەرلەمانتار و کەسوکارەکانیان نیشانیان داوە".

نوێنەری زیندانیانی بادینان، زیاتر ڕونیکردەوە و وتی :"ڕۆژی ٢٩ی مانگ دادگایی کردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشکی بوو زیندانیەکانی تر (شڤان سەعید و شێروان شێروانی و ئاریوان عیسا و گۆدار زێباری) وەک شایەت لەسەریان هێنرابوو کە شایەتیان لەسەر بدەن کە ئەمانە تێکدەر و تیرۆرستن و ویستویانە تەقینەوە بکەن و ئەوانیش ئەو شایەتیەیان ردەتکردەوە و ڕایان گەیاندووە "لەزێر فشاردا ٥٠ وەرەقەیان پێ وازۆ کردوین کە نەمانزانیوە ئەمە چییە و ڕێگگەیان نەداوە بیخوێنینەوە" ".

هاوکات ئەمڕۆ تیمی پارێزه‌رانی چالاكوانه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی بادینان بانگه‌وازێكیان بۆ رای گشتی بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێن " سزادراوانی بادینان (ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان ) زۆر ئەزیەت دەدرێن و فشاری زۆیان بۆ دەهێنرێت"، تیمه‌كه‌ داوای به‌پیره‌وه‌ هاتن.

بانگه‌وازه‌كه‌ی تیمی پارێزه‌رانی سزادراوانی بادینان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 7ی ئابی 2021، ئاراسته‌ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایتی پەڕلەمان کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، فراكسیونه‌ جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەستەی مافی مرۆڤ و تەواوی لایەنە پەیوەنددارەکان  كراوه‌.

له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ تیمه‌كه‌ ده‌ڵێت كه‌ هەر ئێستا هەواڵیان پێگەیشتووه‌ کە سزادراوانی بادینان (ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان) زۆر ئەزیەت دەدرێن و فشاری زۆیان بۆ دەهێنرێت/ له‌سه‌ر ئه‌و بنمه‌مایه‌ش داوایه‌ك ده‌كات و ده‌ڵێت "داواتان لێ دەکەین بە پیر بانگەوازەکەمانەوە بێن کە بارودۆخی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و مامەڵەی کارمەندانی ئیدارەی زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێر لەگەڵ سزادراوانی بادینان لەو پەڕی خراپیدایە و دورە لە هەموو بەها ئینسانییەکان و هیچ رەچاوی مافەکانی زیندانیانیان لەگەڵ ناکرێت".

تیمی پارێزه‌ران داواشیكردوه‌ بە زوترین کات سزادراوه‌كان بگوازرێنەوە بۆ چاکسازی گەورانی هەولێر یاخود چاکسازی زەڕکا لە دهۆک و رونیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ بەپێی یاسا دوای سزادانی هەر ڕاگیراوێک دەبێت بگوازرێنەوە چاکسازی و وەک هەر زیندانیانی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

له‌كۆتایی بانگه‌وازه‌كه‌شدا تیمی پارێزه‌ران رایگه‌یاندوه‌ "ئەوانە مرۆڤن و ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانەن و هیچ بیانوویەک نییە بۆ  هێشتنەوەیان لە زیندانی ئاسایش و نایاساییشە مانەوەیان لە ئاسایش و پێویستە بە زووترین کات سزادراوان رادەستی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی بکرێن ".

ڕۆزی ٢٩ی تەمموز ڕۆژی دادگایکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشکی بوو کە لەناو هۆڵی دادگادا لەلایەن زیندانیان و کەسوکار و ئامادەبوانی ناو هۆڵی دادگاییەکەوە دروشمی بژی ئازادی و بمرێت دیکتاتۆر دەوترایەوە و دادگاییەکە دواخرا.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار