هاوڵاتی چارەنوسی ئوتومبێلە بێسەرەتاكان ئاشكرادەكات
بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی:
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژە بەوەدەدات كەهێشتا هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بۆ ئوتومبێلە بێسەرەتاكان دەرنەچووە كەژمارەیان نزیكەی بیست هەزار دەبێت، بەڵام پێشنیار بۆ چارەسەركردنیان هەیە.
عەمید فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» تائێستا وەزارەتی ناوخۆ بڕیارینەداوە ئوتومبێلە بێسەرەتاكان تۆمار بكرێن، بەڵام داوای ئامارەكەیان كردووە كەژمارەیان كەمترە لەبیست هەزار ئوتومبێل و ئێمەش داومانەتە وەزارەتی ناوخۆ».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد لەو ژمارەیە كەمتر لەسێ هەزار ئوتومبێلی لەپارێزگای سلێمانیدایەو ئەوانی دیكە لەپارێزگاكانی دیكەدان.
دەربارەی ئەوەی پێشنیار هەبووە ئوتومبێلە بێسەرەتاكان تابلۆی پارێزگای هەڵەبجەیان پێبدرێت تاداهاتەكەی بۆ ئەو پارێزگایە بێت، بەڵام بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت ئەوە تەنها قسەیەو پێشنیار نییەو شتێكی فەرمی لەوەزارەتی ناوخۆ نییە.
دەربارەی ئەوەی پێشنیار هەیە بۆ ئەوەی چارەنووسیان یەكلابكرێتەوە كە لەئێستادا كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی وتی:»پێشنیار هەیە كە رسوماتی مروری و گومرگیان لێوەربگیرێت وەك ئەوەی ساڵی 2017 و 2019 تۆمار بكرێن، چونكە ناكرێت بەبێ ژمارەو ژمارەی ساختە بسوڕێنەوە، تا ئێستا ئەم پێشنیارە لەوەزارەت تەبەنی نەكراوە».
«خەڵك دەبێت چاوەڕوان بێت و نابێت كڕین و فرۆشتنی پێوە بكات، یان بەژمارەی ساختە بسوڕێتەوە تا بڕیار لەچارەنووسی ئوتومبێلە بێسەرەتاكان دەدرێت»، عەمید فەرەیدون عومەر وادەڵێت.
هەروەها وتیشی:»هەركات ئەو پێشنیارە تەبەنی كرا ئەوكات وەزارەتی دارایی و ناوخۆ جۆری رسوماتی هاتوچۆو گومرگەكان دیاری دەكەن كەپێویستە رەچاوی جۆری ئوتومبێل بكرێت»