20 هەزار پارچە زەویی فەرمانبەران قەرزارین
سەرۆكی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك:
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
سەرۆكی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك بەوەكالەت دەڵێت: لەهیچ شارەوانییەكی سنوری پارێزگای دهۆك پارچە زەوی نیە تا بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكرێت، كەفەرمانی پێدانی زەوی بۆ 20 هەزار فەرمانبەر لەسنوری پارێزگای دهۆك دەرچووە .
خالد سلێمان، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك بەوەكالەت لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» پێش 2012 بڕیاری پێدانی پارچە زەوی بۆ 20 هەزار فەرمانبەر لەسنوری پارێزگای دهۆك دەرچووە، ئێمە قەرزاری ئەوانین، بەڵام چی بكەین هیچ پارچە زەویەك لەسنوری شارەوانییەكانی ئێمە نیە تا بەسەریاندا دابەشی بكەین».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە لەسنوری پارێزگای دهۆك 47 شارەوانییان هەیە، بەڵام هیچ پارچە زەوییەكی ئامادەو ئیفراز بوونی نییەو دەبێت سنوری شارەوانییەكان فراوان بكرێت و كوژاندنەوە بۆ زەوی كشتوكاڵی بكرێت.
سەرۆكی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك ئەوەشی دووپاتكردەوە دەبێت حكومەتی هەرێم فەرمانێك دەربكات تابڕیارەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، تا بتوانن هەندێك پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشبكەن، وتیشی:» ئەوەش لەحكومەتی هەرێم راگیراوەو پێویستی بەڕازەمەندی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانە بۆ كوژاندنەوەی زەوییەكان و فراونكردنی شارەوانییەكان».
هاوكات ئەوەشی خستەڕوو حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی پێكهێناوە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان، كاری ئەو لیژنەیە سەرەتا (جەردێك) دەكەن تا بزانن لەسنوری هەموو شارەوانییەكان چەند پارچە زەوی هەیەو چەند فەرمانبەر بڕیاری بۆ دەرچووە تا زەوی پێبدرێت، «چاوەرێی ئەنجامی لیژنەكە دەكەین، جگە لەو 20 هەزارەی كە فەرمانی دەرچووە زەوی پێبدرێت ، نزیكەی 20 هەزار فەرمانبەری دیكەش مافی ئەوەیان هەیە زەوی وەربگرن».
خالید سلێمان ئەوەی دووپاتكردەوە كە دابەشكردنی زەوی دەمێكە لەلایەن حكومەتی هەرێم راگیراوە، دەبێت بڕیارێكی گشتی بدەن بۆ هەموو شارەوانییەكان تا بەفەرمی دابەشكردنی زەوی دەستپێبكاتەوە.