ناردنی مانگانەی 200 ملیار دینار بۆ هەرێم لەلایەن بەغداوە بەردەوام دەبێت
وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
ماردین نورەدین
وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە دڵنیایی دەداتە موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە لەلایەن بەغداوە بەردەوام دەبێت و ئەمینداری گشتی حكومەتی عێراق بەفەرمی نووسراوی كردووە بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە.
سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بەپێی نوسراوی ژمارە (257) كە لەئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق حەمید ناعیم ئەلغەزی وەك بڕیار دەرچووە، كە لەكۆبونەوەی 3/8/2021 ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێكی داوە پەیوەستە بەهەرێمی كوردستانەوە كەخەرجكردنی 200 ملیار دینار مانگانە وەك شایستەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت».
هەروەها وتیشی:»ئەمە كۆتا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە، لەسەر ئەم مەوزوعە لەكۆبوونەوەی سێی مانگ بڕیاری لێدراوەو چواری ئاب ئەمینداری گشتی حكومەتی عێراق كردوویەتی بەبڕیار و بڵاویكردووەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان».
سەمیر هەورامی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە چاوەڕێین ئەم 200 ملیار دینارە مانگانە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و بۆ موچەی موچەخۆران خەرجی بكەن.
پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت:» رێكەوتنی سیاسی تا ئەوكاتەی خزمەت بەبەرژەوەندی هەردوولا بكات جێبەجێ دەكرێت «.
ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتى وت:» ئەگەر هەڵبژاردنەكان بكرێت لەبەر بوونی هەڵبژاردنەكان و جۆرێك لەهاوپەیمانی نێوان هەندێك هێزی سیاسی كوردی و عێراقی، ئەم 200 ملیارە ئەگەری ئەوەی هەیە بێت».
ناوبراو پێشیوابوو هیچ شتێك لەعێراقدا گرەنتی نییە، ئەگەر بچێتە چوارچێوەی قاڵبە یاساییەكەی ئەوا ناتوانێ ئیلتیزام بكات ئەگەری هەیە تاهەڵبژاردن بەردەوام بێت.
بڕیارە 10ی 10ی 2021، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت كە دابەشبووە بەسەر 81 بازنەو سەدان كاندید كێبڕكێی بردنەوەی 329 كورسی پەرلەمان دەكەن.