هەواڵی دڵخۆشكەر نییە بۆ دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران

سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی دەڵێت:» هەوڵ بۆ دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێم و وەزارەتی داراییەوە هەیە، بەڵام  سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان پێیوابوو كە هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەر لەوبارەیەوە بوونی نییە.

لەسەرەتای ساڵی 2014 و كاتێك حكومەتی هەرێم قەیرانی دارایی راگەیاند تائێستا كە زیاتر لەحەوت ساڵ دەكات پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی راگرتووە، بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی دەڵێت:» لە پرۆژە بودجەی 2021دا پلە بەرزكردنەوەی فەرانبەران وەك گرفتێكی میلاكات باسكراوە».

سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی بهێندرێت لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لە بودجەی 2021دا پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران وەك گرفتێكی میلاكات باسكراوەو هیچ بڕە بودجەیەكی تایبەتی بۆ تەرخان نەكراوە».

هەروەها وتیشی:»  فەرمانبەر لەكاتی پلە بەرزكردنەوەدا شایستە داراییەكانی كە هەقی خۆیەتی بیدرێتێ،  بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی كە بەسەر هەرێمدا هاتووە پلەبەرزكردنەوە راگیرا و ئەمەش وایكرد چەندەها گرفت لەخانەنشین كردن و چۆنیەتی دابەشكردنی داهاتەكان و لەزۆر لایەنەوە كەموكوڕی دروست بوو لەموچەی فەرمانبەراندا».

هاوكات ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستاش پڕۆژە بودجەیان ناردووە بۆ حكومەتی هەرێم، مەبلەغێكی دیاریكراویان دیارینەكردووە بۆ پلەبەرزكردنەوە، وتیشی:»هەوڵێكی باش هەیە لەلایەن حكومەتی هەرێم و وەزارەتی داراییەوە تا پلە بەرزكردنەوەی موچەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە».

سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەر نییە بۆ دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران».

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەو كاتەوەی پلە بەرزكردنەوەی موچەی فەرمانبەران راگیراوە، تائێستا بەردەوام لەلایەن ئێمەی پەرلەمانتارانەوە یاداشت دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران و هەوڵمانداوە لەپرۆژەی بودجەدا جێی بكرێتەوە، بەداخەوە تائێستا پڕۆژە بودجەكە نەهاتۆتە پەرلەمان تا كاری لەسەر بكەین».

هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی پێشیوابوو بەردەوام وەك ئەركی خۆیان داوایان كردووە حكومەتی هەرێم پێداچوونەوە بكات و ئەو مافە شەرعی و یاساییەی فەرمانبەران جێبەجێبكات.

زیاد جەبار وتیشی:»تائێستا هەواڵی دڵخۆشكەر نیە و چاوەڕێین، بەو پێیەی حەوت ساڵە  پلە بەرزكردنەوە راگیراوە، بۆیە بێگومان كاریگەری لەسەر خەرجی حكومەت دەبێت چونكە گۆڕانكاریەكی زۆر لە موچەی فەرمانبەراندا روودەدات».

هاوكات ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتى وت:»لەئێستادا هیچ پاساوێك بۆ راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی موچەی فەرمانبەران نیە، لەكاتێكدا كە سەرجەم فەرمانبەران  پلە بەرزكردنەوەی ئەو حەوت ساڵەیان بۆ بكرێت شتێكی وا لەداهاتەكان ناگۆڕێت لەكاتێكدا دەقی یاسای چاكسازی وەك خۆی جێبەجێبكرێت».

هەڵەدنی پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كرد بەپێی زیادبوونی داهاتەكان پلە بەرزكردنەوەی موچەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار