هاونیشتیمانییەك بەگوللە دۆشكەی سوپای توركیا گیانی لەدەستدا

بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ بۆ هاوڵاتى :

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمارعەزیز

گوللەی سوپای توركیا تەنها رووی لەگەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان نەكردووە، بەڵكو كەسانی سڤیل و مەدەنیش بوونەتە قوربانی و رۆژی 13ی ئاب هاونیشتیمانیەكی گوندی دێشیش لەكاتی ئاودانی باخەكەی بەتەقەی سوپای توركیا گیانی لەدەستداوە بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ناحییەكە.

ئیبراهیم حەسەن محەمەد تەمەن 50 ساڵ، خاوەنی حەوت منداڵ خەڵكی گوندی دێشیشە سەر بەناحیەی كانێ ماسێ، بەڵام بەهۆی شەڕی پەكەكەو توركیا زیاتر لەچوار مانگ بوو لەزاخۆ دەژیا، رۆژی 13ی ئابی 2021 بەگوللەیەكی دۆشەكەی سوپای توركیا گیانی لەدەستدا.

ئەبوبەكر حەسەن محەمەد، برای ئیبراهیمە كەئێستا لەشاری زاخۆ دەژی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت: «لەكاتژمێر 5ی بەرەبەیانی رۆژی 13ی ئاب برایەكەم لەگەڵ هاوڕێیەكی خۆی لەزاخۆوە دەچنە گوندی دێشیش بەمەبەستی ئاودانی باخەكەی، دوای گەیشتنیان بۆ ناو گوند، گوللەیەك بەسەری براكەم دەكەوێت و یەكسەر گیانی لەدەستدا».

ئەبوبەكر حەسەن وتیشی: «دەمانەوێت خوێنی براكەم بەبەلاش نەڕوات و بەشەهید هەژمار بكرێت ، ناتوانین بچینە سەر گوندەكانی خۆمان بەردەوام شەڕو ئالۆزی لەنێوان پەكەكە و سوپای توركیا هەیە».

گوندی دێشیش بەدووری 10 كم دەكەوێتە ناوەندی ناحیەی كانێ ماسێ، پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی بادینان 30 تا 40 خێزان لەناو گوند دەژیان، بەڵام لەسەرەتای مانگی نیسانەوە تائێستا گوندەكە چوڵكراوە .

سەربەرست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» ئەو هاووڵاتیە بەتەقەی دۆشكەی سوپای توركیا كوژراوەو خاڵە سەربازییەكانی توركیا بەتەواوی گوندەكەیان كۆنتروڵ كردووە».

سەربەست سەبری وتیشی:» لەكۆی 76 گوند لەسنوری ناحیەكە  36یان لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نەماون و  سوپای توركیا لەسەرەوەیەو پەكەكەش لەخوارەوەیە و ئارام نین، بۆیە داوامان لەخەڵك كردووە بەهیچ شێوەیەك سەردانی ئەو گوندانە نەكەن و خۆیان بەرپرسیار دەبن لەڕوودانی هەر رووداوێك».

هاوكات، فەرهاد عەبدوڵلا خەڵكی گوندی دێشیشە، هەر لەدوای ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر ناوچەكە ماڵی خۆی گواستووەتەوە بۆ شاری زاخۆ بە  وت:»خاوەنی باخ و زەوی كشتوكاڵین، هەموو مانگێك چەند جارێك دەچنە گوند بۆ مەبەستی ئاودان، ئەگەر نەچین رەنجی ماندوبوونیان بەفیڕو دەڕوات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار