ئێزیدییەكان بە 25 كاندیدەوە كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی چوار كورسی دەكەن

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

شەنگال بووەتە چەقی كێبڕكێ و ململانێی توندی هێزو لایەنە سیاسییەكان بۆ بەدەستهێنانی سێ كورسی قەزاكەو كورسییەكی كۆتای ئێزیدییەكان یەبەشەو پارتی و حەشدی شەعبی و لایەنەكانی دیكەش كاندیدیان هەیە.

هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەسیستەمی فرە بازنەیە ئەوەش یەكەم ئەزمونی هاوشێوەی پرۆسەی دەنگدانە لەدوای 2003ەوە، بەو پێیەی پێشتر هەر پارێزگایەك یەك بازنە بوو، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە عێراق دابەشی 81 بازنە كراوە.

سەعید بەتۆش، سەرۆكی حزبی پێشكەوتنی ئێزیدی لەشەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « ئێمە بۆ كورسی كۆتای ئێزیدی كاندیدێكمان هەیە».

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد حەوت كاندید كێبڕكی دەكەن بۆ بەدەستهێنانی كورسی كۆتاو بۆ بازنەی شەنگال كە سێ كورسی بۆ دیاریكراوە، 18 كەس خۆیان كاندید كردووە  كە پارتی، یەكێتی، حەشدی شەعبی، یەبەشە، قائیمەی موحەمەد حەلبوسی، قائیمەی خەمیس خەنجەر، ئەمانەو چەند لایەن و هێزی تر هەموویان كاندید-یان هەیە.

لەتەواوی پارێزگای نەنیەوادا، زیاتر لە دوو ملیۆن و 330 هەزار دەنگدەر هەیەو بەسەر هەشت بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراون، پشكی نەینەوا لەپەرلەمانی داهاتووی عیراق 31 كورسییە، كە هەشت كورسی بۆ ژنانە، ئەوەش بەبێ كۆتای كەمینەكان كە چوار كورسییان هەیە، كۆمسیۆن ناوی 401 كاندیدی لەنەینەوا پەسەندكردووەو كێبڕكێی بەدەستهێنانی 31 كورسی دەكەن .

لەخولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق 9 كورسی كۆتا بۆ كەمینەكان دانراوە كە 65 كاندید لەسەرتاسەری وڵاتدا كێبڕكێی بە دەستهێنانی دەكەن ، ئێزدییەكان بە حەوت كاندید چاویان لەكورسییەكی پەرلەمانی عێراقە.

ئیدریس زوزانی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەلقی 17 پارتی لەشنگال كە ئێستا لەدهۆك دەوام دەكەن لەلێدوانێكدا  بە وت: « ئێمە سێ كەسی زۆر بەهێزو كاریگەرمان كاندید كردووەو خەڵكی شەنگالن، بەدڵنیاییەوە هەرسێ كاندیدمان دەردەچن و هەرسێ كورسی شەنگال بۆ پارتی دەبێت».

لەبارەی گەڕانەوەی ئەوان بۆ شەنگال، ئدریس زوزانی وتی: « بۆ گەڕانەوەمان بۆ شەنگال چاوەرێی بڕیاری سەرۆك بارزانی دەكەین، هەركاتێك سەرۆك بارزانی بڕیار بدات ئەوا بەدڵنیایەوە دەگەڕێنەوەو وەك پێش 2014 و باشتریش خزمەتی خەڵكی شەنگال دەكەین «.

هەروەها عومەر ساڵح، سەرۆكی پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدییان كەسەر بە یەبەشە و ئاسایشی ئێزدیخانە، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» ئێمە یەك كەسمان هەیە ئەویش بۆ بازنەی شەنگالمان كاندید كردووە كە یەبەشەو ئاسایشی ئێزدیخان و تەواوی خەڵكی شەنگال پشتگیری دەكەن».

عومەر ساڵح پێشیوابوو كاندیدەكەی یەبەشە دەنگێكی زۆر بەدەستدەهێنێت و دەچێتە پەرلەمانی عێراق، بڕوای وابوو كە» خەڵكی شەنگال خەبات و بەرخودانی ئێمە هەرگیز لەیاد ناكات».

هاوكات، حەیدەر شەشۆ ، فەرماندەی هێزی ئێزیدخان، كە سەرۆكی حزبی دیمۆكراتی ئێزیدی لەشەنگالە بەهاوڵاتى وت:»كاندیدێكمان هەیە بۆ كێبڕكێی كورسی كۆتای ئێزدییەكان، پێشتر داوامان لەهەموو هێزو لایەنەكانی شەنگال كرد، رێككەوتنێك واژۆبكەین بۆ هەرسێ كورسی بازنەی شەنگال، بەڵام لایەنەكان رازی نەبوون، بۆیە ئێمە بەجیا بەشداردەبین لەهەڵبژاردن و كێبڕكێ لەسەر كورسی كۆتا دەكەین «.

حەیدەر شەشۆ باسی لەوەشكرد سەرەتا لەگەڵ كورسی كۆتای ئێزدییەكان نەبوون و داوایانكرد ئەو كورسیە نەمێنێت و بخرێتە سەر بازنەی شەنگال  لەسێ كورسییەوە بكرێتە چوار كورسی ، بەڵام قبوڵیان نەكردووە.

«حەوت هێزو لایەن  كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی كورسی كوتا، رێككەوتن كرابا زۆر باشتر دەبوو ئەوكات دەنگی ئێزدییەكان پەرت و بڵاو نەدەبوو»، حەیدەر شەشۆ وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار