650 هەزار كەس لەهەرێم چاوەڕێی وەرگرتنی ڤاكسینن

بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لەوەزارەتی تەندروستی بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

تائێستا لەهەرێمی كوردستاندا تەنها لەسەدا 13ی دانیشتوان ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووەو بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت:» 650 هەزار كەس لەهەرێم چاوەڕێی وەرگرتنی ڤاكسینن».

لەهەرێی كوردستاندا هەموو ئەوانەی هەردوو ژەمە ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە رای جیاوازیان لەسەری هەیەو بەشێكیان دەڵێن دوای وەرگرتنی كەتووشی پەتای كۆرۆنا بوون ئازاریان كەمتر بووە، بەڵام بەشێكیشیان دەڵێن بەقورسی تووشی كۆرۆنا بوون.

بەشێك  لەو هاونیشتمانیانەی دوو ژەم ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە  باس لەوە دەكەن ئازاری توشبوون و نیشانەكانیان بەكۆرۆنا كەمتر لەسەر دەردەكەوێت.

هێمن مەحمود، تەمەن 37 ساڵ، دانیشتووی سلێمانیەو دوو ژەم ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووەو دواتر تووشی پەتاكە بووە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ڤاكسینەكە وایكردووە ئازاری كۆرۆنا لەسەرم سوكتر بێت، ئەمجارە ئازارەكەی زۆر جیاوازی هەیەو كەمترە، پزیشكەكانیش پێیان وتووم بەهۆی بەكارهێنانی ڤاكسینەكەوەیە».

هەروەها فەرحان مەولود، تەمەن 41 ساڵ، دانیشتوی شاری هەولێرەو دوو ژەم ڤاكسینی وەرگرتووە، بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد تووشی كۆرۆنا بووە زۆر بەسووكی و پزیشكەكان پێیان راگەیاندووە كە بەهۆی وەرگرتنی ڤاكسینەوەیە.

فەرحان وتیشی:» لەدوای وەرگرتنی ڤاكسینەكە، تەندروستیم زۆر جێگیرەو بەرگریم بەرامبەر ڤایرۆسەكە زۆر بەرزە».

هاوكات، شنیار ئەحمەد، كچێكی تەمەن 24 ساڵانەو دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە، تائێستا سێ جار تووشی كۆرۆنا بووەو دوو ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە، هێمای بۆ ئەوەكرد لەدوای وەرگرتنی ڤاكسین ئازاری كۆرۆناكە زۆر كەمتر بووەو وتی» پێش وەرگرتنی ڤاكسین و دوای وەرگرتنی تووشی كۆرۆنا بووم، واتا دووجار ڤایرۆسەكەم گرتووە، ئازارەكەی زۆر زۆر كەمترەو بەسوكتر تووشی ڤایرۆسەكە دەبیت».

ئەم كچە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، جاری یەكەم ئازارێكی زۆری هەبووەو ماوەیەكی زیاتر ڤایرۆسەكە لەگەڵیدا ماوەتەوەو وتی» دوای وەرگرتنی ڤاكسینەكە دووجاری دیكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەڵام بەنیشانەی زۆر كەمترو ئازارێكی كەمتر».

لەلایەكی دیكەوە پیاوێكی تەمەن 61 ساڵ دەڵێت سەرەڕای وەرگرتنی ڤاكسین، بەقورسی تووشی پەتای كۆرۆنا بووە.

سەعید عەبدوڵا، پیاوێكی تەمەن 61 ساڵی دانیشتووی دهۆكە، دوو ژەم ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە بەهاوڵاتی وت:» بەئاستێكی قورس تووشبووم لەكاتێكدا دوو ژەمە ڤاكسینیشم وەرگرتووە».

ئەم پیاوە زیاتر وونیكردەوەو وتی:» راستە لەوانەیە بەتەواوی بەرگریم پەیدا نەكردبێت بۆ ڤایرۆسەكە، بەڵام هەر دەبوایە كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی ئازارەكەم هەبوایە».

بەهەمان شێوە هێرۆ بابانی، تەمەن 31 ساڵ، دانیشتووی هەولێرەو دوو ژەمە ڤاكسینی وەرگرتوەو زۆر بەقورسی تووشی كۆرۆنا بووە.

دایكی هێرۆ گێڕایەوە كە كچەكەی لەكۆمپانیایەك كاری كردووە بۆیە هەر زوو دوو ژەمە ڤاكسینی وەرگرتووەو وتی:» لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ماوەی دوو هەفتەیە لەنەخۆشخانەیەو باری تەندروستی جێگیر نیە».

دایكی هێرۆ جەختی لەوەكردەوە لەناو خێزانەكەیاندا تەنیا هێرۆ ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووەو هەمووشیان تووشی كۆرۆنا بوون و وتی:»تەنیا هێرۆ لەگەڵ ئەوەی ڤاكسینی وەرگرتووە بەقورسی تووشی ڤایرۆسەكە بووە، ئەگینا خۆشم و كوڕو كچەكانی دیكەم زۆر بەسوكی توشبووین».

ئەم دایكە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئێستا ترسی هەیە لەوەرگرتنی ڤاكسین و وتی:» دەترسم هەر منداڵێكی ترم ڤاكسینەكە وەربگرێت بەو شێوەیەی هێرۆ بەقورسی تووشی كۆرۆنا ببێت».

سوارە عەلی، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی لەنەخۆشخانەی شار لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو كەسانەی تەنانەت یەك ژەم ڤاكسین وەردەگرێت، بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەكە پەیدادەكات، بۆیە كە دوو ژەمی وەرگرت دەیپارێزت لەڤایرۆسەكەو بەسوكی تووشی دەبێت».

هەروەها ئەو پزیشكە پێشیوابوو ئەو كەسانەشی یەكەم ژەم ڤاكسینی وەرگرتووە باشترە لەوەی هەر هیچ ڤاكسینی وەرنەگرتووە.

هاوكات پزیشكەكەی نەخۆشخانەی شار جەختی لەوەشكردەوە تەنیا ئەو كەسانەی گروپی مەترسیدارن (ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە) لەتوشبوون بەڤایرۆسەكە دەبێت بەردەوام خۆپارێزی تەواو بكەن و تەنانەت دوای وەرگرتنی دوو ژەمە ڤاكسینەكەش.

تائێستا لەهەرێمی كوردستان لەسەدا 13ی دانیشتوانی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووەو هەزاران كەسی دیكە چاوەڕێن لەڕێگەی سیستمی ناو تۆماركردن بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە.

حەربی كەتۆ، بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لەوەزارەتی تەندروستی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەپێی ژمارەی دانیشتوان تائێستا نزیكەی لەسەدا 13ی دانیشتوانی هەرێم ڤاكسینیان وەرگرتووە».

بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لەوەزارەتی تەندروستی جەختی لەوەشكردەوە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر ناوی خۆیان تۆماردەكەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین و وتی:» تائێستا 650هەزار كەس ناویان تۆمار كردووە».

حەربی كەتۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەوانەی ژەمی یەكەمی ڤاكسین وەردەگرن دوای 21 رۆژ لەڕێگەی سیستمەكەوە پەیوەندیان پێوە دەكرێت بۆ وەرگرتنی ژەمی دووەم و وتی:» خەڵكی خۆشیان زۆر چاوەڕێی وەرگرتنی ژەمی دووەمن و دێنەوە تاڤاكسینەكە وەربگرن».

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی تائێستا زیاتر لە 750 هەزار ڤاكسینی كۆرۆنا هاتۆتە هەرێمەوە بەهەرسێ جۆرەكەیەوە، كە زیاتر لە 450 هەزار ژەم بەكارهاتووە و پرۆسەكە بەردەوامە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیان ڤاكسین وەردەگرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار