ئاسایشی دهۆك گروپێك دەستگیردەكات بەتۆمەتی دزین و ئاشكراكردنی پرسیارەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی

وتەبێژی پۆلیسی دهۆك بۆ هاوڵاتى :

3 ساڵ لەمەوپێش



پ.دهۆك

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك ئەوە ئاشكرادەكات كە»پێش چەند رۆژێك لەدهۆك چەند كەسێك لەسەر دزین و دزەپێكردنی پرسیارەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركراون».

دوای بڵابوونەوەی هەواڵی دزەپێكردن و دزینی پرسیارەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لەدهۆك، رۆژنامەی  هاوڵاتى  بەدواداچوونی بۆ بابەتەكە كرد، دەزگا ئەمنیەكان دەڵێن راستە و وەزارەتی پەروەردە نایاوێت قسەی لەسەر بكات.

هێمن سلێمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى  وت:» پێش چەند رۆژێك لەدهۆك چەند كەسێك لەسەر دزین و دزەپێكردنی پرسیارەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركراون، ئەو تۆمەتبارانە لای ئاسایشن و لێكوڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت».

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە چەند رۆژێكی تر ئەو تۆمەتبارانە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆك دەكرێن و لێكوڵینەوەیەكی وردیان لەگەڵدا دەكەن.

هێمن سلێمان وتیشی:»ئەم بابەتە زۆر راستە، ئەگەر راست نەبا بڵاونەدەبووەوە، ئێمە جارێ نازانین ژمارەیان چەند كەسن و كەسەكان كێن مامۆستان یاخود هەندێك كەسی ترن، هەركاتێك رەوانەی ئێمە كران زانیاریی تەواویان لەسەر ئاشكرا دەكەین».

   بەپێی زانیارییەكانی  هاوڵاتى  كە لەبەرپرسانی ئەمنی دهۆك دەستی كەوتووە، ئەو گرووپە لەژمارەیەك مامۆستاو پارێزەرو نووسینگەیەكی فرۆشتنی ئامێرەكانی گواستنەوە (بلووتووس) پێكهاتووەو ئێستا لەلایەن ئاسایشی پارێزگای دهۆك دەستگیركراون.

 پەیوەندی كرد بەوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە تەنها  وتی: « هیچ كۆمێنتێكم لەسەر ئەم بابەتە نیە «.

 هاوكات، عومەر عەلی تەها ، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى  وت: « گشت تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی بەشێوەیەكی زۆر رێكوپێك ئەنجامدراون، دەزگا ئەمنیەكانیش بە روڵی خۆیان هەڵساون بۆ پاراستنی هۆڵەكان، هیچ شتێكی فەرمی بۆ ئێمە نەهاتووە كە پرسیارەكان دزراون، ئێوە دەتوانن لەگەڵ دەزگا ئەمنیەكان قسە بكەن «.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار