پەكەكە بەردەوامە لەبەرخودان و تەسلیمبوون لەبەرنامەماندا نییە

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كەجەكە بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد لەبەرخودان بەردەوامەو ماوەی 38 ساڵە لەشەڕدایە بەرانبەر سوپای توركیا، بەرپرسی پەیوەندیەكانی كەجەكە دەڵێت:» پەكەكە نۆ جار ئاگربەستی تاكلایەنەی راگەیاندووەو حكومەتەكانی توركیا پابەند نەبووی پێوەی، بۆیە بەردەوامین لەبەرخودان و ملكەچبوون و تەسلیمبوون لەبەرنامەماندا نییە».

عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، دوای چەند ساڵێك لەخەباتی نهێنی دواجار بەشێوەیەكی فەرمی خەباتی چەكداری لەدژی حكومەتی ئەو توركیا راگەیاند كە ماوەی 38 ساڵە لەمەوبەرو لە15ی (تەباخ) ئابی ساڵی 1984 لەپێناو مافەكانی گەلی كورد دەستیان بە بەرخودان كردووەو گەریلا بووەتە بڵندگۆی شۆڕشێكی كڵپەدار لەپێناو ئازادی زمان و نەتەوەدا.

دوو ساڵی رابردوو لەلایەك بۆ پەكەكەو لەلایەكی تر بۆ حكومەتی توركیا سەختترین كات بووە، چونكە لەو ماوەیەدا چالاكییەكانی پەكەكە لەدژی سوپای توركیا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی و توركیاش بەهەموو چەكە پێشكەوتوو توانا سەربازیەكەیەوە لەدژی پەكەكە شەڕی گەیاندە لوتكە.

ئێستا دوای ئەو 38 ساڵە لەشەڕو خوێنڕشتن توركیا بەهەموو توانا سیاسی و سەربازییەكەیەوە رووبەڕووی پەكەكە بووەتەوە، شەڕی خستووەتە ناو دڵی ناوچەی جوگرافی پەكەكە لەناو خاكی هەرێم، لەبەرامبەریشدا توركیا لەساڵانی رابردوو زیاتر  هێرشی توندی پەكەكەی لەسەرە بەجۆرێك كەم رۆژی هەفتە هەیە بەژمارەی جیاواز سەربازی ئەو وڵاتە نەكرێنە ئامانجی گەریلاكانی پەكەكە.

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆنسەی بەڕێوەبەری-كەجەكە دەڵێت:» بەهیچ شێوەیەك تەسلیم بوون و ملكەچكردن بۆ توركیا لەبەرنامەی گەلی كوردو بەتایبەت پەكەكەدا نییە».

زاگرۆس هیوا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتىوت:» ئێمە هەمووكات ئامادەبووین بۆ ئاشتی، بۆ ئەو مەبەستەش نۆ جار ئاگربەستی تاكلایەنەمان راگەیاندووە، بەڵام دەوڵەتی تورك هەموو جارێك دەستی بەشەڕ كردووەتەوە، هۆكارەكەش ئەوەیە ئەردۆغان دوژمنایەتی گەلی كوردی دەستپێكردووەو نایەوێت كورد بوونی هەبێت».

هەروەها وتیشی:» ئەگەر پشتیوانی پەكەكە نەبوایە ئەوا دەوڵەتی تورك لەماوەی 34 ساڵی رابردوودا گەلی كوردی لەناودەبرد، گەلی كوردیش هاوشانی پەكەكە خەبات و تێكۆشانی كردووە».

دەستپێكی شەڕی پەكەكەو سوپای توركیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی 1984و یەكەم چالاكی چەكداریی ئەو رێكخراوە كوردییە لەدژی سوپای توركیا لەناوچەكانی ئەڕوح شەمزینان بەسەرۆكایەتی مەعسوم كۆركوماز (عەگید) بەكرداری دەستیپێكرد.

پەكەكە لەناوەڕاستی ساڵی 1974 سەرەتا وەك گروپێك كە 23 كەس دەركەوتن و لەئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەژێر ناوی «ئاپۆچی» كارەكانی دەكردو عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكایەتی ئەو گروپەی دەكرد، گروپەكە لە 1984 لەگوندی (فیسی) سەر بەقەزای لیجە لەپارێزگای ئامەد لەباكوری كوردستان پەكەكەیان راگەیاند.

مەتین دەمهات فەرماندە لەهێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» 38 ساڵە گەریلا لەچوار پارچەی كوردستان لەدژی داگیركەران راوەستاون، ئەگەر گەریلا نەبوایە گەلی كوردان قڕكرابوون، دەوڵەتی تورك تەنیا پەكەكە بەتاكە بەربەست دەزانێت بۆ ئەوەی گەلی كورد لەناوبەرێت و كوردستان داگیربكات، بۆیە هەموو دژایەتی خۆی لەپەكەكەدا خەرج دەكات».

هاوكات، دەمهات باسی لەوەشكرد پەكەكە لەو ماوەیەدا بەهەزاران گیانی گەریلای بەكوردستان بەخشیوە، ئەمە هەروا ئاسان نییە بەدەم بوترێت، وتیشی:» بەداخەوە ئێستا لەباشوری كوردستان لەپشتەوە هەموو هاوكارییەك پێشكەش بەداگیركەران دەكرێت».

بنكەو بارەگاكانی پەكەكە ماوەیەكی زۆر لەناوچە شاخاوییەكانی باكوری كوردستان بوو، بەڵام بۆ خۆپاراستنی زیاترو دورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەبارەگاكانی، پەناگەی خۆی گواستەوە بۆ بناری قەندیل و لەسەرەتای ساڵەكانی 1999 بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی و یەكێتی لەقەندیل نیشتەجێبوون.

 بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی ژمارەی گەریلاكاكانی پەكەكە بەنزیكەی 15 هەزار گەریلا مەزندە دەكرێت كە بەناوچەكانی هەر چوار پارچەی كوردستاندا بڵاوبوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام گەنجانی كوردو تاك تاكەش لەنەتەوەكانی تر پەیوەندی بە ریزەكانی ئەو پارتەوە دەكەن، هاوكات رۆژانە لەشەڕی توركیادا گەریلاش شەهید دەبێت.

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لەشەڕی 38 ساڵەی نێوانیان نزیكەی 60 هەزار كەس لەهێزەكانی یەكتر كوژراون بەبێ ئەو كەسانەی دیكە كە بوونەتە قوربانی.

بۆ پەكەكە رەنگە گەورەترین زیان دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان بووبێت كە لەساڵی 1999 لە گەلەكۆمەكیەكی دەزگای هەواڵگیری چەند وڵاتێكدا كە لە نایرۆبی پایتەختی كینیا دەستگیركراو دواتر رادەستی حكومەتی توركیا كرایەوە، بەڵام دەستگیركردنی ئۆجەلان نەبووە هۆی  لاوازبوونی پەكەكە.

دوای ئەو 38 ساڵە لەشەڕو خوێنڕشتن هێشتا هیچكام لەپەكەكە و توركیا نەگەیشتوونەتە ئامانجەكەیان كەتوركیا دەیەوێت پەكەكە بەتەواوی لەناوبەرێت و كورد نەبێتە خاوەنی هیچ مافێك لەو وڵاتەدا، پەكەكەش نەیتوانیوە توركیا ناچار بكات شەڕ رابگرێت و دەست بەپڕۆسەی ئاشتی بكات.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا پەكەكە ژمارەیەك سەركردەی باڵاو فەرماندەی ئاست جیاوازی بەدەستی توركیا شەهیدبوون كە دیارترینیان (زەكی شەنگالی، دیار غەریب، سەرحەت ڤارتۆ، دەمهات عەگید)و چەند فەرماندەی دیكە، ئەوەش لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا گەورەترین زیان بوون لەپەكەكە كەوتووە.

ساڵی 2014 پەكەكە بۆ جاری نۆیەم ئاگربەستی تاكلایەنەی راگەیاند بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا دەستپێبكات، دوای چەندین كۆبوونەوەی ئاشكراو نهێنی لەئەنقەرەو ئیمراڵیو قەندیل و ئەوروپا دەستپێكرد، دواتر گفتوگۆكان رێكەوتنی دۆڵمە باخچەی لێكەوتەوە، بەڵام لەمانگی شوباتی ساڵی 2015 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا تاكلایەنە پرۆسەكەی هەڵوەشاندەوە.

بەردان ئۆزتورك هاوسەرۆكی كۆنگرەی گۆمەڵگەی دیموكراتیك (كەجەدە) و پەرلەمانتاری هەدەپە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئێمە وەك هەدەپە هەمیشە داوای رێگای ئاشتیانەمان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، جگە لەو رێگەیەش هیچ رێگەیەكی دیكە ئەنجامی نابێت، چونكە شەڕ تەنیا ماڵوێرانی لەدوایە بۆ هەردوولا».

هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە گەلی كورد دەستبەرداری مافەكانی خۆی نابێت و لەجاران زیاتر خەبات و تێكۆشان بەهێزتر دەكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار