هۆکارەکانی خێرا کەوتنی سوپای ئەفغانستان

ئەو شكستە خێرایەی سوپای ئەفغانستان ئەمریكای نیگەران كردووەو دەڵێن شەڕیان نەكردووە

3 ساڵ لەمەوپێش



نامۆ سەربەست

بزوتنەوەی تاڵیبان پاش 20 ساڵ دەستی گرتەوە بەسەر ئەفغانستاندا بەهێزێكی 40 هەزار چەكدارەوە توانی شكست بەحكومەتەكەی كابوڵ بهێنێت كەسوپایەكی 300 هەزار چەكداری مەشقپێكراوی هەبووە.

لەساڵی 2001ەوە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی زیاتر لە 83 ملیار دۆلاریان لەپێشخستن و مەشقپێكردن و پڕچەككردنی سوپاو هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستاندا خەرجكردووە، بەڵام ئەوە نەیتوانی رێگربێت لەشكستی خێرایان لەبەرامبەر هێزەكانی تاڵیبانداو پایتەختی هەرێمەكانی وڵاتەكە دوابەیەك و بەئاسانی كەوتنە دەستیان.

ئەو شكستە خێرایەی سوپا بووە مایەی پرسیاری گەورە، كە ئایا هۆكارەكە بۆ لاوازیی پڕچەككردن و مەشقەكانیان دەگەڕێتەوە؟ یان پەیوەندیی بەحكومەتەكەی ئەشرەف غەنی و دەنگۆی گەندەڵیی و خراپیی ئیدارەدانەكەیەوە هەیە؟

نیشانەكانی شكست

پێشڕەوییە خێراكەی تاڵیبان پرسیارگەلێكی لەنێوەندە سیاسی و سەربازییە ئەمریكییەكاندا دروستكردووە سەبارەت بەئەوەی، ئایا هەوڵەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ ئەوەی سوپای ئەفغانستان بكاتە هێزێكی شەڕكەری بەتواناو سەربەخۆ شكستی هێناوە؟ یان سەربازەكان هەستدەكەن فەرماندەكانیان دەستبەرداریان بوون و پشتیان تێكردوون؟

داڕمانەكە تەنیا لەچەند رۆژی رابردووەوە دەستیپێنەكرد، بەڵكو چەند مانگێكە بەردەوامە، لەمانگی ئایارەوە هێزە ئەفغانییەكان لەداڕمانی تەواودابوون، هێرشە خێراكانی تاڵیبان بووە مایەی خۆبەدەستەوەدانی بەكۆمەڵی هێزەكانی سەرۆك ئەشرەف غەنی و دەستكەوتنی بایی سەدان ملیۆن دۆلار هەلیكۆپتەرو چەك و پێداویستی تر لەلایەن تاڵیبانەوە، كە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، ئەمریكییەكان داویانەتە سوپا.

تاڵیبان بەچەند پێگەیەكی دابڕاو لەیەكتر دەستیپێكرد، لەناوچە شاخاوی و دەشتاییەكاندا ئابڵوقەی هێزەكانی سوپاو پۆلیسی دەدا تافیشەك و خواردنیان لێدەبڕا، ئەوسا بەڵێنیان دەدانێ ئەگەر چەك و كەرەستەكانیان رادەستبكەن، رێگایان دەدەن بە سەلامەتی بڕۆن و ناوچەكە بەجێبهێڵن، هێزە ئەفغانییەكانیش لەبێهیوایی بەهاناوە هاتن و گەیشتنی پاڵپشتیدا قایل دەبوون. بەوەش تاڵیبان رۆژ بەڕۆژ توانای جوڵەو كۆنترۆڵكردنی رێگا سەرەكیی و گرنگەكان و پاشانیش شارۆچكەو ناوچەكانی تریان زیاتر دەبوو.

پێش ئەو شكستانەش خاڵە مەنهەجییە لاوازەكانی ناو هێزە ئەفغانییەكان بەئاشكرا دیاربوو، لەسەر كاغەز ژمارەیان زیاتر لە 300 هەزار بوو، بەڵام بەوتەی بەرپرسە ئەمریكییەكان بۆ ڕۆژنامەی ئیندپێندێنتی بەریتانی، لەڕۆژی ئابڵوقەدانی كابولدا، كەمتر لە پەنجا هەزاریان مابووەوە.

بۆیە یەكێك لەهۆكارەكانیان بۆ ئەوە گێڕایەوە، كەڕۆژئاوا سوربووە لەسەر ئەوەی سوپایەكی مۆدێرن بۆ ئەفغانستان دروستبكات بەئاڵۆزییە لۆجستی و شێوازی گەیاندنە نوێیەكانەوە، بەڵام ڕوداوەكانی ئەم دواییە سەلماندنی لە غیابی ئەمریكا و ناتۆدا وڵاتێكی وەك ئەفغانستان، ناتوانێت سوپایەكی مۆدێرنی لە ئەو جۆرە بەڕێوەبەرێت.

گلەیی و گازندەكان

لەكاتێكدا بەرپرسە ئەفغانییەكان لە چوارچێوەیەكی نهێنیی تێكەڵ بەگەندەڵیدا، چاویان لەئەوە دەپۆشی كە ژمارەی راستەقینەی هێزەكانیان زۆر لە ئەوە كەمترە كە لەسەر كاغەز نوسراوە.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكیدا لەكابولەوە ئاشكرایكرد، ژمارەیەك لە فەرماندە سەربازییەكان هەستكردنیان بەبێزاریی و گلەیی دەربڕیوە لەنەگەیشتنی خواردن پێیان لەهێڵی رووبەڕووبوونەوەی قەندەهاردا، كە دووەم گرنگترین شاری وڵاتەكەیە و بەدەست ماندویەتی و لاوازییەوە ناڵاندویانە كە ئەو بڕوایەی لەڕیزەكانی سوپادا پتەوكردووە كە حكومەتەكەی ئەشرەف غەنی شایستەی قوربانیدان و لەپێناودا مردن نییە.

دوای كەوتنی بارەگای فەرماندەیی فیرقەی 217و بڵاوبوونەوەی دەستبەسەرداگرتنی هەلیكۆپتەرو درۆنەكان لەلایەن تاڵیبانەوە، جەنەراڵ عەباس تەواكولی فەرماندەی فیرقەكە رەخنەی توندی لەسیاسی و پەرلەمانتارەكانی كابول گرت و تاوانباریكردن بە هاوبەشیكردن لەهەڵگیرساندنی ئەو ئاگری ترس و پشێوییەی دوژمن دەیەوێت، وتی كۆنترۆڵكردنی خاك لەلایەن تاڵیبانەوە لەئەنجامی جەنگێكی دەرونییەوە بووە نەك دۆڕاندنی شەڕ.

فڕۆكەوانە ئەفغانییەكانیش گازندەی ئەوەیان دەكرد فەرماندەكانیان گرنگیی بەدۆخی فڕۆكەكان زیاتر دەدەن وەك لەئەوانەی لێیان دەخوڕن، لەكاتێكدا ئاگاداربوون تاڵیبان هەڵمەتێكی تیرۆركردنی لەدژیان دەستپێكردبوو. هێزەكانی نوخبەش (كۆماندۆ) كە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەت بەرگرییان دەكرد، بەبێ بوونی ئامانجێكی دیاریكراو، لەهەرێمێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگوازرانەوە، بەوەش تووشی بێخەوی و ماندویەتیی ببوون.

سەنگەر گۆڕین

ئەو میلیشیایانەی لەگەڵ حكومەتدا هاوپەیمان بوون و وەك هێزێك دەركەوتن بتوانن پاڵپشتی تواناكانی سوپابن، لەگەڵ گۆڕینی لایەنگیری و وەلائیاندا خۆیان بەدەستەوەدا. هەرێمێكی گەورەی باكور بڕیاربوو هێزێكی گەورەی میلیشیاكان بەسەركردایەتی عەبدولڕەشید دەستوم، جێگری پێشوی سەرۆكی ئەفغانستان بەرگری لێبكات كە 40 ساڵە بەگۆڕینی وەلائو گرێبەستكردن لەجەنگە دوا بەیەكەكان ماوەتەوە، ئەمجارەش سەنگەری گۆڕی و چووە پاڵ تاڵیبان.

محەمەد ئیسماعیل خان وەزیری ئاوو وزەی پێشوو، دوای ئەوەی چەند هەفتەیەك بەرگریكرد، ئەویش خۆیدا بەدەست تاڵیبانەوە، چەندین هێزی میلیشیایی تریش كە بڕیاربوو بەرگری بكەن، سەنگەریان گۆڕی و چوونە پاڵ تاڵیبان.

هێزی تاڵیبان

لەگەرمەی هەرەسهێنانی سوپادا، هەمیشە هێزی تاڵیبان جێی پرسیاربوو، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، هەڵسەنگاندنە فەرمییەكان دەڵێن لەنێوان 50 بۆ 60 هەزار جەنگاوەردایە، بەڵام بەرپرسە ئەمریكییەكان بەڕۆژنامەكەیان راگەیاند، ژمارەی هێزەكانی تاڵیبان بەهۆی چوونە ناوی جەنگاوەری بیانییەوە گەورە بووە، هاوكات لەو ناوچانەی كۆنترۆڵی دەكردن هەڵمەتی تەجنیدی دەستپێدەكرد. هەندێك شارەزای تریش بەڕۆژنامەكەیان راگەیاند، تاڵیبان بەشی گەورەی هێزەكەی لەپاكستانی هاوسێیەوە دەستكەوتووە، كە چەندین ساڵە هاوكاریی بزوتنەوەكە دەكات.

گەندەڵیی

گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمریكی لەڕاپۆرتێكدا لەزاری چەندین شارەزاو بەرپرسی سیاسی و سەربازیی ئەمریكی ئەفغانییەوە نووسیویەتی، گرفتی شكستهێنانی هێزەكانی ئەفغانستان لەدابینكردنی چەك و پێداویستی و مەشقدا نییە، بەڵكو هۆكارەكانی ئەو شكستە ئابڕوبەرە لەحكومەتەكەی ئەشرەف غەنییەوە هەڵدەقوڵێت، چونكە وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگریی بەگەندەڵی و بێتوانایی و نەبوونی سەركردایەتی و بەرژەوەندیی كەسیی ناوبانگیان دەركردووە.

بۆ نموونە ئەو پۆلیسانەی چەكداركران و نێردران بۆ شەڕ لە هێڵەكانی پێشەوە، چەند مانگێكە وەزارەتی ناوخۆ موچەی پێنەداون، بەهەمان شێوە وەزارەتی بەرگری، خواردن و ئاوو چەكی پێویستی بۆ پۆلیس و سەربازەكان دابین نەدەكردو هێڵەكانی گەیاندن دزران و چەك و فیشەك و كەرەستەكانی تر لەبازاڕی ڕەشدا فرۆشران و بەشێكی زۆری گەیشتە دەستی تاڵیبان، ئەوەش وایكرد زۆرینەی سەربازو پۆلیسەكان پێگەكانیان چۆڵبكەن و بگەڕێنەوە هەرێمەكانی خۆیان تا بەرگری لەخێزانەكانیان بكەن.

كۆماری سێ كەس

گۆڤارەكەوە لەڕێی چەند سەرچاوەیەكی ترەوە ئەوە ئاشكرا دەكات كە ئەشرەف غەنی سەرۆك، شێتیی مەزنیی (جنون العضمة)ی هەیە، ئەوەش وایكردووە بڕیاری خراپ بدات بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی ناوەندیی و بەڕێژەیەكی مەترسیدار بەرپرسە گەورەكان دەگۆڕێت، لەنێویاندا وەزیرەكانی ناوخۆو بەرگری و حاكمی ویلایەتەكان و فەرماندەكانی پۆلیس كەچەندین ساڵە دزی و پارە شتنەوە لەخزمەتگوزارییە مەدەنییەكاندا بەردەوامە.

هەروەها راپۆرتەكە ئاماژە بەئەوە دەكات سەرۆك غەنی كۆمارێكی سێ كەسیی دامەزراندووە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو سێ كەسەی سوكانی حوكمی وڵاتیان بەدەستەوەیە، ئەوانیش ئەشرەف غەنی سەرۆك و حەمەدەڵا موحیب راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانییەكەی و فەزڵ مەحمود فەزڵی سەرۆكی نوسینگەكەین كەهەرسێكیشیان ماوەیەكی زۆر لەدەرەوەی وڵات ژیاون و پاسپۆرتی بیانییان پێیەو رەگەزنامەی دووەمیان هەیە. ئەفغانستان لە 34 ویلایەت و 421 هەرێم پێكهاتووەو دانیشتوانەكەی 38 ملیۆن كەسە و نزیكەی شەش ملیۆن كەس لەكابوولی پایتەختدا دەژین،

رووبەری ئەفغانستان 652 هەزارو 860 كیلۆمەتەری چوارگۆشەیە، كەئەمەش هاوتایە دوو هێندەی رووبەڕی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیایە.

وەزیری بەرگری ئەمریكا دوای كۆنترۆڵكردنی كابوڵی پایتەختی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە رایگەیاند كەنیگەرانن. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، رایگەیاند: «هێزە سەربازییەكانی ئەفغانستان شەڕی بزووتنەوەی تاڵیبانیان نەكرد، جێگەی نیگەرانیمانە، چونكە ماوەی 20 ساڵ راهێنان بەهێزە سەربازییەكانی ئەفغانستان كرا، چەك و كەرەستەی سەربازیی مۆدێرنیان بۆ دابینكرا، بەڵام شەڕیان نەكرد».

راشیگەیاند:»ئەوەی لەئەفغانستان روویدا، بەهۆی نەبوونی سەركردایەتییەوە بووە لەلایەن ئەفغانییەكانەوە».

هەروەها مارك میڵی، سوپاسالاری ئەمریكا رایگەیاند»دەكرێت دۆخی ئەفغانستان ببێتەهۆی دروستبوونی هەڕەشەیەكی گەورە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار