نرخی نان گران دەكرێت پاش مۆڵەتە 15 رۆژەكەیان بۆ حكومەت
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
زیادبوونی نرخی ئارد لەوڵاتانی دراوسێ بەتایبەت توركیا راستەوخۆ كاریگەری كردەسەر بازاڕی هەرێم و لەهەندێ ناوچە نرخی نان بۆ چەند رۆژێك گران كراو لەئێستادا خاوەنی نانەواخانەكان مۆڵەتێكی 15 رۆژییان بۆ حكومەت داناوە، لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنیدا نرخی نان گران دەكەنەوە.
لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق لەڕێی دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەوە بۆ هەر كەسێك نۆ كیلۆ گرام ئارد دابین دەكات، بەڵام ئارد لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لەوڵاتانی توركیاو ئێرانەوە نرخەكەی گران كراو بازرگانەكانی كوردستانیش نرخەكەیان لەسەر نانەواخانەكان زیاد كرد.
رۆژی دووشەممە 23ی ئاب، خاوەنی نانەواخانەكان كۆبوونەوەیان لەگەڵ حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كردووەو مۆڵەتی 15 رۆژیان داناوە بۆ وەڵامدانەوەو چارەسەركردنی كێشەی نانەواخانەو سەمونخانەكان.
حكومەت بەڵێنی داوە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە، لەهەموو باج و رسوماتی نانەواخانەو سەمونخانەكان خۆش بێت وەك كارئاسانییەك بۆ خاوەنەكانیان و هەوڵبدات ئاردی گونجاویان بۆ دابین بكات.
چالاك رەئووف، سەرۆكی سەندیكای كرێكاران، لقی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « بۆ داواكردنی مافی هەموو كرێكاران و خاوەن نانەواخانەو سەمونخانەكان بەردەوام لەگەڵ قایمقامیەت لەسەر هێڵین تا لەو رێگەیەوە حكومەت هاوكاریی ئەم چینەی كرێكاران بكات و مافیان بۆ دابین بكات».
سەرۆكی سەندیكای كرێكاران ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، حكومەت ماوەی 15 رۆژی داناوە كە داواكاری نانەواخانەو سەمونخانەكان دابین بكات و وتی:» بەدەستخۆشییەوە خاوەن نانەواخانەو سەمونخانەكانیش تائەو 15 رۆژە نرخ و كێشی نان وەك پێشتر دەهێڵنەوە.
ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە خاوەنی نانەواخانەو سەمونخانەكان لەهەرێمی كوردستان داوا دەكەن حكومەت هاوكارییان بكات و كارئاسانییان بۆ بكات، رایدەگەیەنن» ناچارن نرخ و كێشی نان كەمبكەنەوە».
لەسنوری پارێزگای سلێمانی ماوەی دوو رۆژ شەش نان بەهەزار دینار فرۆشراو كێشی گونكە هەویرەكەش كرایە 110 بۆ 100 گرامو لەكاتێكدا پێشتر هەشت نان بە هەزار دینار بووەو كێشی هەر گونكێك 120 گرام بووە.
داود عومەر نوێنەری خاوەن نانەواخانەكان لەسلێمانی لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» نرخی ئاردەكە زۆر بەرزبووەتەوە لەسەرمان، ئێستا فەردەیەكی 50 كیلۆیی كە بە 23 تا 27 هەزار دینار دەفرۆشراو ئێستا نرخەكەی بە32 تا 34 هەزار دینارەو بۆ هەر فەردەیەك شەش بۆ حەوت هەزار دینار چووەتەسەری».
بەپێی خەمڵاندنی نوێنەری نانەواخانەكانی سلێمانی، فەردەیەك ئاردی 50 كیلۆیی 760 نانی بازاڕی لێ بەرهەمدەهێنرێت ئەگەر هەشت نان بدرێتە هەزار دینار، ئەوا 95 هەزار دینار دەگیڕێتەوە بۆیان،»ئەو پارەیە بۆ تێچووی كرێكارو غازو پارەی ئاوو كارەبا و پێداویستی رۆژانەی دیكەی لێدەردەكرێت، بۆیە قازانجێكی وای نامێنێتەوە بۆ خاوەن نانەواخانەكان».
هەروەها داود عومەر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «قایمقامیەتی ناوەندی سلێمانی و ئیدارە لەسلێمانیدا هیچ دەسەڵاتێكیان نیەو تەنیا هەموو بڕیارەكان لەلایەن پارتییەوە دەردەچێت، با بێت كارەبامان بۆ دابین بكەن یاخود غازەكە كە لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدایە بۆمان دابین بكەن، بەڵام چونكە دەسەڵاتیان نیە، بۆمان ناكەن».
لەسلێمانی 650 نانەواخانەو 460 سەمونخانە هەیەو رۆژانە بەنزیكەیی پێنج هەزار فەردە ئارد بۆ دروستكردنی نان و سەموون بەكاردەهێنن، نرخی یەك فەردە ئارد لە 27 هەزار دینارەوە بۆ 42 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، بەپێی جۆری ئاردەكە نرخەكەشی دەگۆڕێت.
سلێمانی مانگانە پێویستی بە 23 هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئارد، بەشێكی زۆری ئارد لەئێران، توركیا و روسیاوە هاوردە دەكرێن، لەدەروازە سنوورییەكان بۆ یەك تۆن ئارد 90 دۆلار گومرگ وەردەگیرێت.
هاوكات لەپارێزگای هەولێر سەرەڕای ئەوەی تائێستا نرخی نان وەك خۆیەتی و هەشت نان بەهەزار دینار دەفرۆشرێت، بەڵام لەكێشی هەر گونكێكدا 20 گرامی بەراورد بەگونكی نانەواخانەكانی سلێمانی كەمترەو هەر نانێك تەنها 100 گرامە.
سەرپەرشتیاری نانەواخانەیەك لەهەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەكرد چاوەڕوانی بڕیاری حكومەتن و داواكایەكان و كێشەكانیان بەیاداشت داوەتە لایەنی پەیوەندیدار.
وشیار عەبدولوەهاب، سەرپەرشتیاری نانەواخانەیەك لەهەولێر، بەهاوڵاتى وت:» تائێستا گۆڕانكاریمان لەنرخی نان و كێشەكەی نەكردووە، چونكە قسەمان لەگەڵ حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كردووەو چاوەڕوانین هاوكاریمان بكەن».
ئەم سەرپەشتیارە جەختی لەوەكردەوە ئەوان باشترین ئارد بەكاردەهێنن و وتی:» نرخی ئارد هەر گران بووە، بەڵام پێویستە حكومەت هاوكارمان بێت لەنرخی غازو كارەباو ئاردی گونجاو كە بۆ نانی بازاڕی باش بێت تا كارئاسانییەك بكات بۆ ئێمە».
لەپارێزگای دهۆك، نرخی نان لەهەندێك لەنانەواخانەكان گران بووەو لەهەندێك لە نانەواخانەكانی دیكە وەك خۆی ماوەتەوەو چاوەڕوانی بڕیاری حكومەتن.
خاوەن نانەواخانەیەك لەدهۆك پێیوایە خەڵكەكە لەبەر ویژدانی خۆیان نرخەكەیان بەرزنەكردووەتەوە، یان نان گران ببێت، ئەگینا هیچ قازانجی بۆ خاوەن نانەواخانەكان نەماوە».
موسا هیمداد، خاوەنی نانەواخانەی میلان لەدهۆك بەهاوڵاتى وت:» ئەوە مانگێكە نرخی ئارد گران بووە، هیچ قازانجێكی بۆ ئێمە نیە، چاوەڕوانی بڕیاری حكومەتین تا رێگەچارەییكیان بۆ بدۆزێتەوە».
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت:»گرانبوونی نرخی نان لەهەموو كێشەكانی دیكە گرنگترەو لەسەر خەتین بۆ ئەوەی چارەسەری بكەین».
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی سەر بەوەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بە وت:» ئێستا لەكۆبوونەوەداین و بەردەوام لەگەڵ حكومەت لەسەر هێڵین، تا بتوانین بەباشترین رێگەچارە چارەسەری كێشەی نانەواخانەو سەمونخانەكان بكەین».
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەكردەوە نابێت لەكوردستان كێشەیەك هەبێت بەناوی كێشەی ئاردو گەنم.
نەوزاد شێخ كامیل، وتیشی:»ئەوەی لەتوانای حكومەتدایە ئاسانكاری تەواو دەكەین، چونكە ئەركی ئێمەیە هەموو رێگەچارەیەك بۆ كرێكارانی ئەو كەرتە بگرینەبەر».
« كێشەی ئارد دوای ئەوە قوڵبووەتەوە كە ئەم دوو مانگە ئاردی بەشە خۆراكی مانگانە ئاردێكی باش بووەو لەبازاڕەكاندا نەفرۆشراوەتەوە، ئاردی بەشە خۆراكی مانگانە نەفرۆشراوەتەوەو لەدەرەوەش ئارد كەم هاتووە، تەنیا ئەوەیە ئەم گرانبوونەی دروستكردووە»، نەوزاد شێخ كامیل وا دەڵێت.