بەشێك لەكاندیدەكانی پەرلەمانی عێراق بوونەتە «گاڵتەجاڕی» دەنگدەران

كاندیدەكان ئەو لاپەڕانەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەكڕنەوە كە 10 ساڵە هەزاران هەواداریان هەیە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەموو هەڵبژاردنێك و دەستپێكی هەڵمەتی بانگەشەكاندا، كاندیدە عێراقییەكان داهێنان دەكەن لەنواندنی رەفتاری سەیرو سەمەرەو بەكارهێنانی شێوازی ئەوتۆ كە زۆرجار دەبنە مایەی گاڵتەجاڕیی دەنگدەران.

دوای ئەوەی لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018دا هەندێك كاندید مریشكی برژاوو جلی ژێرەوەیان بە لۆگۆو وێنەی خۆیانەوە بەسەر خەڵكدا بەخشییەوە، لەهەڵبژاردنەكانی ئەمجارەدا داهێنانی نوێیان كردووە، لەوانە خولی فێركردنی درومان و سەرتاشین بەخۆڕایی و گروپی گەشتیاری بۆ هەرێمی كوردستان و راكێشانی بۆری ئاوەڕۆو بەخشینەوەی پارەو ئەو بەڵێنانەی كە ناتوانن جێبەجێی بكەن، دیارترینیان بەڵێنی دامەزراندن لەكەرتی حكومیدا و ...هتد.

بەكارهێنانی سەرچاوە حكومییەكان رێگایەكی تری كاندیدەكانە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ، بەمەرجێك لەڕووی یاساییەوە بەهەموو جۆرێك قەدەغەیە، بەڵام ئەو كاندیدانەی سەر بەپارتە باڵادەستەكانن، بەئارەزوی خۆیان سەرچاوە حكومییەكان بەكاردەهێنن بۆ قیرتاوكردنی شەقامەكان و راكێشانی ئاو بۆ ئەو ناوچانەی نییانە.

مانگی تەمموزی رابردوو عێراق رووبەڕووی گەورەترین كێشەی بێكارەبایی بووەوە، لەوكاتەدا محەمەد ئەلغەزی پەرلەمانتاری عێراق لەبەرنامەی (لعبە الكراسی) كەناڵی شەرقییەدا وتی:»ئەمبارەكانی وەزارەتی كارەبا چۆڵكراوە لەمحەویلەكان، چونكە كاندیدی حزبەكان بردوویانە تا لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا بەكاری بهێنن، كەسیش قسە ناكات چونكە كاندیدی هەموو حزبەكانی تێدایە».

ئێستا لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكاندا، ئەو محەویلانە دەستكراوە بەهەڵواسینیان و بوونەتە دەستمایەیەكی گەورە بۆ كاندیدەكان.

هاوكات نوێترین داهێنان لەبانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەدا بریتییە لەگۆڕینی ناوی پەیجەكانی فەیسبوك و تویتەر، لەو بارەیەوە رامی جۆزێف، تایبەتمەند لەبەكارهێنان و چاودێریكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بەڕۆژنامەی ئیندیپێندێتی راگەیاند:»هەندێك لەو لاپەڕانەی فەیسبوك كە پێشتر بۆ كاری خێرخوازی یان گەپبازی (ترفیه) یان بازاڕكردن یاخود كاری مرۆیی یا فێركاریی یادروستكردنی خواردن كرابوونەوە، ئێستا گۆڕاون بۆ ناوی كاندیدەكان. بۆ نموونە پەڕەی (لیژنەی خۆبەخشیی پشتیوانیی مافی شەهیدو بریندارەكانی نەینەوا) گۆڕدراوە بۆ (جەماوەری كاندیدی سەربەخۆ محەمەد شاقولی/بازنەی هەشتەم) هەروەها پەڕەی (بایەم و شەكر) گۆڕدراوە بۆ (كاندیدی ئەندازیار مەروە كوبەیسی) و (قاوەخانەی ئەفەندی) بۆ (جەماوەری كاندید مورتەزا عەبادی)».

سەبارەت بەهۆكاری گۆڕینی ئەو ناوانە جۆزێف راشیگەیاند:»ئەوە كارێكی زیرەكانەیە، لەبری ئەوەی پەڕەیەك دروستبكات و لەسفرەوە دەستپێبكات، ئەو پەڕانە دەكرێتەوە كە بەشداربوویەكی زۆریان هەیە. هاوكات تیمەكانی سوپا ئەلكترۆنییەكانیش دەخەنەكار بۆ بەئامانجگرتنی زۆرترین جەماوەرو چەواشەكردنی رای گشتی».

محەمەد سەبری شارەزای بواری هەڵبژاردن لەوبارەیەوە بۆ ماڵپەڕی (الساعە) دواو وتی:»كاندیدەكان ئەو پەڕانە دەكڕن بۆ قۆستنەوەی ژمارەی شوێنكەوتووەكانی. لەعێراقدا دەیان پەڕەی ملیۆنی هەیە، واتە ئەو فەیسبوكانەی لایكیان لەملیۆنێك زیاترە، بەڵام هی لایەنێكی سیاسی نین و تیایاندایە زیاتر لە 10 ساڵە هەیە».

هەروەها سەبری باسی لەئەوەشكرد كڕینی ئەو لاپەڕانەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك زیاتر لەلایەن پارتە گەورەكانی وەك رەوتی سەدرو هاوپەیمانی پێشكەوتن و دەوڵەتی یاساو رەوتی حیكمەوەیەو ئاشكراشیكرد كە:»تیمەكانی هەڵبژاردن پەیوەندی بەخاوەنی ئەو پەڕانەوە دەكەن و 40 هەزار دۆلاریان دەدەنێ بۆ كڕینەوە لێیان، ئەوە بێجگە لەكڕینەوەی ئەژمارەكانی تویتەر كە  65 هەزار دۆلار تێدەپەڕێنێت».

سەبارەت بەهۆكاری بەكارهێنانی ئەو شێوازانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەبری خستنەڕووی ستراتیج و بەرنامەی كاركردن، عەقیل ئەلدینی ئەندامی هاوپەیمانێتی نەسر بەكەناڵی حوڕەی راگەیاند:» دوای ئەوەی زۆرینەی سیاسییەكان شكستیان هێنا لەگەیاندنی عێراق بەكەناری ئارامی و نەیانتوانی شەقامی عێراقی بەخۆیان و ئەو دیموكراسیەتەی بانگەشەیان بۆ دەكرد قایل بكەن، وایان لێهاتووە رێچكەی خواروخێچ بگرنە بەر تا بەشێوازی ناجۆرو حەیابەرو نایاسایی و نادیموكراسییانە، دەنگی خەڵك بەدەستبهێنن».

«گروپی گەشتیاری و پارە بەخشینەوەو كڕینی خەڵك و دابەشكرنی هاوكاری و كەرەستەی كارەبایی و كەرەستەی ناوماڵ، یان دەستوەردانە كارەكانی حكومەت بەقیرتاوكردنی شەقام و دانانی محەویلەی كارەبا لەئەولەویەتی كارەكانی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی عێراقە»، عەقیل ئەلدینی ئەندامی هاوپەیمانێتی نەسر وای وت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار