ململانێ؛ هونەرمەندانیش دەگرێتەوە
لەبارەی ڤیووی گۆرانییەكانو لادان لەڕەسەنایەتیی كلتووری كوردی، سەرنجی جیاواز دەخەنەڕوو
3 ساڵ لەمەوپێش
ماردین نورەدین
بەشێك لەهونەرمەندانی هەرێمی كوردستان ململانێكانیان بووەتە زۆرترین بینەرو view لەڕێی (SUBSCIRBED) سەبسكرایبی یوتوبەوە بەبێ كاركردن و دیاری شوناسی هونەری رەسەنی كوردی كەتێیدا لاساییكردنەوەی بێگانەو لادان لەكلتور دەبینرێت.
دیاری قەرەداخی: دیوێكی بۆ دروستكردنی پاڵەوانی سێبەرو وەهمە
گۆرانی و میوزیكی كوردی وەك هەموو سێكتەرەكانی دیكەی ژیان بەر گۆڕانكاری كەوتوون، گڵۆباڵ هات و تەواوی رووخساری ژیانی گۆڕی، بۆیە ناكرێت میوزیك و گۆرانی لەدەرەوەی ئەو گۆڕانكاریەدا بێت.
ناشبێت زۆر بترسین لەهەر تەوژمێك كە دێت و خۆی پێناسە دەكات و دەبێتە مۆدێل، بەو مەرجەی بنچینەو بناغەی هوونەرەكە رەگ و ریشەی داكوتابێت.
دنیای سۆشیال میدیا بارێكی وەهای دروستكردووە كە ئەو ململانێیە دروستبێت، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارە، ژمارەی لایك، فۆڵۆو، ڤیوو.
دیوێكی بەشداری زۆری خەڵكە بۆ ناسینی بەرهەمەكان، دیوێكی دروستكردنی پاڵەوانی سێبەرو وەهم كە لەماوەیەكی كەمدا دەتوانن زۆرترین بینەرو لایكت هەبێت، بەڵام راستی با هەموو كاڵاكەت ئەوە نەبێت، بتوانێت خاوەنی شووناس و داهێنان بێت.
ئەم دنیای ڤیوو لایكە تاڕادەیەك بۆ قۆناغی زۆربەمان تازە بوو، واتا كاتێك بەرهەمهێنانی هونەری و كاری هونەری لەسەردەمی ئێمەدا ئەم بوارە نەڕەخسابوو، بۆیە شتێكی ئاسایی دەبێت كە ئێمە زۆر سەروو و بەندمان نەبێت لەگەڵیدا كە رووبەرێكی گەورەی داگیركردووە.
دیلان هونەر: چەندەها هونەرمەندمان هەیە هەڵپەی ناسینیان هەبووە دەستیان بردووە بۆ شتی ناشرین و سنور بەزاندن
چەندەها هونەرمەندمان هەیە بەشێوەیەكی جوان بێ ئەوەی خۆیان تێكبدەن و بێ ئەوەی دەستیان بۆ نوقتەیەكی ناشرین بردبێتت، تەكنەلۆجیایان كردووە بەسەكۆیەكی هونەری بۆ كارەكانیان، بەڵام لەلایەكی تریشەوە چەندەها هونەرمەندی ترمان هەیە نەیانتوانیوە بەڕێڕەوە راستەكە بڕۆن هەڵپەی ناسینیان هەبووەو دەستیان بردووە بۆ شتی ناشرین ناشرین و سنور بەزاندن كە لەگەڵ كۆمەڵگەی ئێمە هەتا ئەم دەقەیە پێی رانەهاتووین و حاڵەتە لەلامان.
ئێستا هەر لەڕێگەی ئینستاگرام و فەیسبوكەوە هەر بەرهەمێكت هەبێت بڵاودەكرێتەوە
بێگومان گوێگر دەبێت ئەو سەقافەتە هونەریەی هەبێت ببێتە فلتەرێك بۆ هەموو ئەو كەسانەی لەمەجالی هونەرو بزنس و بوارەكانی دیكە كاردەكەن، چەندەها بەرهەمی جوانكاری هەیەو هەزارەها كەسی سەقەت كردووە، چەندەها بەرهەمی جوانكاری هەیە كەهەزار كەس ئیستفادەی لێكردووە، چەندەها گۆرانیبێژمان هەیە خەڵكی ئیزعاج كردووە بەدەنگی و سنوربەزاندنی و كلیپە ناشرینەكانی، چەندەهاشمان هەیە دڵی خەڵكی خۆش كردووە.
ئەگەر سێرچێك لە یوتوب بۆ گۆرانییەكانی پێشتر بكەین دەنوسێ زەكەریا عەبدوڵا 2010 و 2013، واتا ساڵی جارێك بەرهەمەكە بڵاودەكرایەوەو تۆش گوێت لێدەگرت ئەگەر گۆرانی ئێستاش بەم شێوەیە بێت دەمێنێتەوە.
بابەتی كێبڕكێ لەسەر ڤیوو لای من بابەتێكی نۆرماڵە لەبەرئەوەی ئێستا باشترین سەكۆ بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمێكی هونەری سۆشیال میدیایە، سۆشیال میدیاش پێویستە سەبسكرایبێكی باشت هەبێت و بینەرێكی باشت هەبێت، بەڵام قەت بەقیاسم نەزانیوە بۆ باشی یان خراپی كارێكی هونەری لەبەرئەوەی چەندەها كاری هونەریمان هەیە مستەوایەكی باشیان هەیەو باش ئەدا كراوە، بەڵام ڤیویەكی كەمی هەیە، چەنەها گۆرانی ترمان هەیە زۆر خراپە لەڕووی ئەداكردن و كوالێتی و چەندین وردەكاری دیكەی هونەری كە هونەرمەندەكان و موزیسیانەكان لێی تێدەگەن، بەڵام ڤیویەكی زۆری هەیەو بەو قسە بازاڕیەی كە خەڵك دەیڵێت تەقیوەتەوە لەنێو خەڵكدا.
حەمید عوسمان: حەمید عوسمان: هونەری كوردی بەم دۆخەوە بڕوات مۆركی كوردی لەدەستدەدات
لەئێستادا هونەری كوردی ئەگەر بەم پێیەی ئێستا بڕوات و بەم شێوەیە بكرێت من دڵنیام بەزووترین كات مۆركی كوردی و ئەساس و ئەسڵی خۆی لەدەستدەدات، هەموو شێوازەكانی مقاماتی كوردی وەلا نراوە، تێكستە فۆلكلۆرییەكان خەریكە وردە وردە لەناودەچن و نامێنن.
دەتوانم بڵێم لەسەدا 90٪ی گۆرانیەكانی ئەم رۆژە هیچ رەبتێكی بەهونەری كوردییەوە نییە، گۆرانیەكی بیانیان هێناوە بەرگێكی كوردیانەیان كردۆتە بەری بەڵام بەئەساس تورك و یۆنانی و بولغارییە، ئەمە هیچ خزمەتێك نیە بەهونەری كوردی و ئەگەر وابڕوات هونەری كوردی نامێنێت و دەبێت بەهونەری بێگانە، لەبەرئەوەی ئەساسەكەی ئێمە ئەوە نییە ئەساسی هونەرو گۆرانی كوردی ئەو مەقاماناتە بوو كە مشكۆ و سەڵاح داودەو سابیر كوردستانی و حەمەجەزاو ماملێ وتوویانە.
ناسری رەزازی و نەجمەدینی غوڵامی كە ئێستا ماون، ئەمانە گۆرانییە جوانەكانن لەو سەردەمەدا بەو هەموو بێ ئیمكانیاتی و بێ وەزعیەوە ئەوان توانیویانە لەو ژیانە پێ ئاڵۆزیەدا ئەو هونەرە كوردییە جوانە دەربكەن، هەندێ گۆرانی نەجمەدینی غوڵامی هەیە ئەسڵەن لەماڵانیش تۆمار نەكراوە لەژێر خێمەیەكدا بەچواردەوریا بەتانی دانراوەو تۆمار كراوە، ئەو گۆرانیانەشە كەئەمڕۆ من و هاوڕێكانم دەیڵێینەوە.
ئەوەی بەلای منەوە هیچ گرنگییەكی پێنادەم بابەتی ڤیووە، بۆ خۆم كە گۆرانیەكم كردووە بەنموونە، حەفتا هەزار كەس یان شەست هەزار یان سەد هەزار كەس سەیری كردووە، ئەو سەد هەزارە بۆ من سەد ملیۆنە، لەبەرئەوەی من گوێگرەكانم بەحەقیقی ئەو سەد هەزارە سەیریان كردووە، بۆ نموونە من كاتی خۆی بەرهەمی (ئاوێنە)م كردووە كە ئەوكات باوی ڤیوو نەبوو ساڵی 2014 چوار پێنج ملیۆنی تێپەڕاند، ئێستا رەنگە گەشتبێتە 10 ملیۆن، یوتوبەرەكە نەیداینەوە كە پێمان وت تەسلیمانی بكەرەوە لەبەرئەوەی منیش یوتوبی خۆمم دروستكردووە دەیكەینە چەناڵەكەی خۆمان، ئەو قبوڵی نەبوو، ئێمەش نەمانهێشتەوە لەناو یوتوبەكەی ئەودا.
بەو سەردەمەوە بەئێستاشەوە بڕوام بەو شتە نییە، ئەوە تەنها رەقەمێكە، گۆرانی (یارەكەم) لەگەڵ كاك پەیوەند جافدا شەش ملیۆنی تێپەڕاندووە كەئەوانە بینەری حەقیقین.
«من پێم سەیرە گۆرانییەك لەماوەی 10 رۆژدا پێنج ملیۆن تێدەپەڕێنێت، ئەمە شتی وانییە، بۆچی گۆرانی (ئاوێنە) دوای دوو ساڵ بۆمان دەركەوت بووەتە چوار ملیۆن و شتێك، كەواتە ئەم گۆرانییە بەم هەموو ساڵە جێگەی خۆی كردۆتەوە، لەبەرئەوە من وەك خۆم مادەم رەقەمەكان دەسكاری دەكرێت، ئێستا فێربوون دەسكاری رەقەمەكان دەكەن، تۆ ئەگەر سەد دۆلار یان پێنجسەد دۆلارت بدەن بۆ ئەوەی گۆرانییەكەت لەملیۆنێكەوە بۆ بكەن بەحەوت ملیۆن، ئەمە لای من سودی نیە، چاوی خەڵكی پێ هەڵدەخەڵەتێنن، ئەگینا ئەو گۆرانییە بەوەوە جوانە تۆ لەحەقیقەتدا حەزت لەگۆرانی (یارەكەم)ە بچی سێرچی بۆ بكەیت.