تاڵیبان؛ لەتۆرابۆرا تا ئێران
سەدان چەكداری تاڵیبان لەشاری مەشهەدی ئێران مەشق و راهێنانیان پێكراوەو ئامادەكراون بۆ شەڕ
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەفغانستان كە نیو سەدەیە گیرۆدەی جەنگە بەگەڕانەوەی جارێكی دیكەی دەسەڵاتی تاڵیبان دوای (20) ساڵ بۆ ئەو وڵاتە بووە مایەی سەرنج، تاڵیبان كە لەتۆرابۆرا خۆی حەشار دەدا خۆی گیاندەوە دەسەڵات و خامنەیش پشتیوانییان دەكات.
تاڵیبان لە رابردودا وەك دوژمنێكی ئایدیایی و ستراتیژیی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا بووەتە دۆست و دراوسێی دوژمنەكەی جارانی، بۆیە لەنێو گەرمەی ئەو رووداوانەی ئێستا لەئەفغانستان دەگوزەرێت گرنگە پەی بەنهێنیی پەیوەندیی تاران و تاڵیبان ببرێت.
تاڵیبانێك كە تۆمەتبارە بە كوشتنی (10) دیپلۆماتكارو رۆژنامەوانێكی كۆماری ئیسلامی ئێران و گرتنەوەی ئاو لەئێران ئەویش لەكاتێك كە ئەو وڵاتە گیرۆدەی وشكەساڵیی بووە چۆنە ئەمڕۆ متمانەی تارانی بەدەستهێناوە لەكاتێكدا ئێرانیش لە رابردودا ئەوەی لەدەستی هاتبێت بۆ دوژمنایەتیی ئەو گروپە درێغی نەكردوە و ساڵی (1998) بە جێگیركردنی (270)هەزار سەرباز لە سنورەكانی چاوەڕییی فەرمانی كۆتایی بوو بۆ لێدانی تاڵیبان و تەنانەت ساڵی (2001) هاوكاریی ئەمەریكای كرد بۆ لێدانی ئەلقاعیدە و تاڵیبان لە ئەفغانستان، هەموو ئەم روداوانە لە رابردوودا وا دەكەن بڕواكردن بە رێككەوتنی تاڵیبان و تاران قورس بێت لە كاتێكدا راستییەكی حاشاهەڵنەگرە.
رەنگە پرسی (شیعە، ئاو، سنوری هاوبەش، ماددە هۆشبەرەكان، دوژمنی دوژمنەكان) گرنگترین ئەو بابەتانە بن كەتاران و تاڵیبان لەیەك نزیك دەكاتەوە.
چۆن تاڵیبانی دوژمن دەبێت بەدۆستی ئێران
ساڵی (1998) دوای ئەوەی تاڵیبان توانی زۆربەی شارەكانی ئەفغانستان داگیربكات، لەشاری مەزار شەریف هێرش كرایەسەر كۆنسوڵخانەی ئێران و لەئەنجامدا (10) دیپلۆماتكاری ئێرانی و رۆژنامەوانێكی سەر بە راگەیاندنی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو روداوەدا كوژران و ئەمەش بەڕەشترین مێژووی نێوان ئێران و تاڵیبان لەقەڵەمدەدرێت، چونكە ئێران لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا نزیكەی (270) هەزار سەربازو سوپای پڕچەكی خۆی بۆ لێدانی تاڵیبان لەسەر سنورەكانی نێوانیان جێگیر كردو لە ئان و ساتی روودانی ئەو جەنگەدا تاڵیبان رایگەیاند ئەو روداوە پەیوەندیی بەهێزە چەكدارەكانی ئەوانەوە نەبووەو گروپێك بەناوی (سوپای سەحابە) كە سەر بەوڵاتی پاكستان بوون ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە، ئەم لێدوانەی تاڵیبان ئاوی كرد بە ئاگرەكەداو ئەو هەزاران سەربازو زرێپۆشانەی ئێران بۆ جەنگ لەدژی تاڵیبان ئامادەی كردبوو لەشێوازی مانۆڕێكی سەربازیی سەرجەمیان كشانەوە.
ئەم روداوە بەئاستێك دۆخی ئێران و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئاڵۆز كردبوو كە نوێنەرو نێردراوی تایبەتیی كۆماری ئیسلامی ئێران بەنهێنیی دەچێتە ئەفغانستان بۆ دڵنیایی لە راستیی روداوەكەو دواجاریش یەكێك لە كارمەند و دیپلۆماتكارە رزگاربووەكەی كۆنسوڵخانەی ئێران لە مەزار شەریف بەگێڕانەوە راستیی روداوەكە دەبێتە هۆی رێگریی لەو جەنگە، لەسەر ئەم رووداوە فیلمێك بەناوی (مەزار شەریف) لەئێران بەرهەمهێنراوە كە چیرۆكێكە لەهۆكاری وەستانی جەنگی نێوان ئێران و تاڵیبان.
ئاشكرابوونی پەیوەندییەكانی تاڵیبان و تاران
لەساڵی (2013) بۆ یەكەمجار بەئاشكرا گروپی تاڵیبان دوو وەفدی خۆیان لە ئاستی باڵادا رەوانەی ئێران دەكەن بە مەبەستی دانوستان و پەیوەندیی سیاسی و لە بەرامبەردا حكومەتی ئەو كاتی ئەفغانستان رەخنەی لە كۆماری ئیسلامیی ئێران گرت كە مەبەستی لەو دانوستاندنە ئەوەیە تاڵیبان بۆ تێكدانی دۆخی ئەمنیی لە ئەفغانستان بەكاربهێنێت.
ئێران دوای ساڵی (2014) دوای سەرهەڵدانی داعش بۆ پاراستنی سنورەكانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاڵیبان بەرفراونتر كردو ئەمەش بووە هەنگاوێك بۆ پەیوەندیی سەربازیی و سیاسی و دیپلۆماسیی گەرم و گوڕتر لە نێوان تاران و تاڵیباندا.
پەیوەندییەكانی تاران و تاڵیبان لەساڵی (2016) و دوای كوشتنی مەلا ئەختەر مەنسور یەكێك لەسەركردەكانی تاڵیبان لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمەریكا زۆر زیاتر ئاشكرا بوو ، بۆ یەكەمجار كۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی (2018) بوونی پەیوەندیی لەگەڵ ئەو گروپەدا رەت نەكردوەو رایگەیاند؛ ئێران بەئاگاداریی حكومەتی ئەفغانستان گفتوگۆو دانوستانی لەگەڵ تاڵیبان كردوە بەمەبەستی چارەسەری كێشە ئەمنی و ئاسایشییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
پاكستان رایگەیاند لەو ئۆتۆمبێلەی كە مەلا ئەختەری تێدا كراوەتە ئامانج، پاسپۆرتێك دۆزراوەتەوە كە دەریدەخات ئەو بۆ ماوەی دوو مانگ لەئێران بووە.
ساڵی (2017) جەنەراڵ شەریف یەفتەلی سەرۆك ئەركانی پێشوی سوپای ئەفغانستان رایگەیاند؛ زۆرینەی ئەو چەك و كەرەستەی سەربازییانەی گروپی تاڵیبان بەكاریان دەهێنێت لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرهەمهێنراوە یان دابین كراوە.
لەلایەكی دیكەوە بەرپرسانی سەربازیی ئەفغانستان رایانگەیاندوە زۆربەی فەرماندە و سەركردەكانی گروپی تاڵیبان لەشاری مەشهەد لەئێران نیشتەجێن كەهاوسنورە لەگەڵ ئەفغانستان.
رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمەریكی لەساڵی (2012) و ساڵی (2015) بڵاوی كردوەتەوە كە ژمارەیەك لەسەركردەكان و ئەندامانی تاڵیبان لەساڵی (2014) لەشار مەشهەد جێگیربوون و تەنانەت نوسینگەی پەیوەندییەكانیان لەو شارە دامەزراندووە.
ئەنتۆنیۆ جیوستاتس، نوسەری ئیتاڵی كە خاوەنی زیاترین لیكۆڵینەوەیە لەسەر تاڵیبان، ئاشكرای كردووە كە تاڵیبان چوار ناوەندی سەركردایەتیی هەیە كە بە (شورا) ناویان دەهێنێت و ئەو چوار شورایەش بریتین لەشوراكانی (پیشاوەر، میران شا، باكور، مەشهەد) بۆیە روونە كە بەشێك لە بڕیارو فەرمانەكان بۆ تاڵیبان لەشورای مەشهەدەوە دەردەكرێت.
ئەو نووسەرە پێی وایە شورای مەشهەد كە لەلایەن (فەیلەقی قودس)ی سەر بەسوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانیی دەكرێت كێشەو ناكۆكیی لەگەڵ بەشەكانی دیكەی سەركردایەتیی تاڵیباندا هەیەو لەساڵی (2017) مەلا هەیبەتوڵڵا كە یەكێك لە ئەمیرو سەركردەكانی تاڵیبانە، بڕیاردەر و فتوادەری ئەو گروپە بووە بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ چەند سەركردەیەكی دیكەی ناو تاڵیبان، پەنایان بۆ ئێران هێناوەو لەو وڵاتە نیشتەجێبون.
رۆژنامەی (تایمز)ی ئەمەریكی لەساڵی (2018) بڵاوی كردەوە كە بەهێزترین جەنگاوەرەكانی تاڵیبان لەئێران راهێنانی سەربازیی دەكەن و تائێستا نزیكەی (600) ئەندامی تاڵیبان لەبوارەكانی تەكنیكی بەرەنگاریی، توانای سەركردایەتی، هاندانی خەڵك بۆ پەیوەستبوون، بەكارهێنانی چەك و كەرەستەی سەربازیی، دروستكردنی بۆمب لەئێران راهێنانیان پێكرابێت.
ساڵی (2019) وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی حەوت بەشیدا پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و تاڵیبانی بڵاوكردەوەو رایگەیاند تاران پشتیوانیی لەتاڵیبان و گروپە تیرۆریستییەكانی دیكەی ئەفغانستان دەكات.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئێران لەساڵی (2019) لەكاتی دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكاو تاڵیبان لەوڵاتی قەتەر بەتەلەفیزیۆنی (NDTV)ی هندستانی راگەیاند؛ بەدڵنیاییەوە تاڵیبان بەشێكن لەداهاتووی ئەفغانستان نەك هەمووی، دواتر لەساڵی (2020) تاڵیبان و واشنتۆن گەیشتنە رێككەوتن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەئەفغانستان.
بەرپرسانی حكومەتی پێشوی ئەفغانستان لەساڵی (2015) رایانگەیاند كە كۆماری ئیسلامی ئێران ناوچەیەكی سەرسنوری نێوان وڵاتەكەی و ئەفغانستانی لەنزیك شاری هەرات بۆ چەكدارانی تاڵیبان تەرخان كردووە لەكاتێكدا پێشتر ئەو ناوچەیە وەك بنكەیەكی سەربازیی بۆ رێكخراوی موجاهیدنی ئەفغانستان بەكاردەهێنرا.
بەرپرسێكی ئەمەریكا رایگەیاندووە كە ترس لەداعش و شەڕ لەدژی ئەمەریكا دوو هۆكاری سەرەكین كە كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر زیاتر لە رابردوو خۆی لەتاڵیبان نزیك كردووەتەوە.
شیعە لەئەفغانستان
ژمارەی دانیشتوانی ئەفغانستان كەدەگاتە نزیكەی (40) ملیۆن كەس و رێژەی شیعەكان لەنێوان (20%) تا (30%)ی دانیشتوانی ئەو وڵاتەیە كە رەچەڵەكی هەزارە زۆرترین شیعەیان تێدایەو دوای ئەوانیش (قزڵباش، سادات، هراتی، بلوچ، تاجیك، پەشتون) زیاترین ژمارەی شیعەی دوانزە ئیمامییەكانی ئەفغانستان پێكدێنن، چونكە هاوكات لەگەڵ شیعەی (12) ئیمامی، شیعەی جەعفەری و ئیسماعیلی لەو وڵاتە بوونیان هەیە كە ژمارەیان زۆر كەمەو دانیشتوی دوو ویلایەتی (بەدەخشان، بەغلان)ن لەئەفغانستان.
لەنێوان ساڵانی (1297) تا (1318) لەجەنگی ناوخۆدا نزیكەی (60%)ی شیعەكانی ئەفغانستان لەسەر دەستی حكومەتی عەبدولڕەحمان خان و بەپشتیوانیی فەتوای زانایانی ئایینی سوننە لەو وڵاتە كۆمەڵكوژ كران، چونكە ئەوان شیعەكانیان وەك لایەنگری ئێران و مەترسیی بۆ سەر حكومەتی ئەفغانستان لەقەڵەمدەدا.
تاڵیبان هاوشێوەی دەسەڵات و حوكمڕانییەكانی رابردوو دەستی هەبووە لەكۆمەڵكوژیی شیعەكانی سەر بەهۆزی هەزارەو چەند ویلایەتێك كە زۆرینەیان شیعە بوون و لەساڵی (2020) بەپێی ئەو بەڵگانەی كە لەكۆبوونەوەكانی نێوان تاڵیبان و حكومەتی ئەفغانستان لەدەوحەی قەتەر بڵاوبوونەوە، ئەو گروپە هەڵوێستی بەرامبەر شیعەكان توند بووەو رایانگەیاندووە نابێت شیعە بەشداریی حكومەت و دەسەڵاتی سیاسیی لەئەفغانستان بكەن.
ئێران كە دەستی باڵای هەیە لەچەكداركردنی هێزە شیعەكانی جیهان بەتایبەت بۆ جەنگ لەسوریا گروپێكی بەناوی (فاتمیون) دروست كردووە كە زۆربەیان لەپێكهاتەی شیعەی ئەفغانستانن و لەسوریا دژی نەیارانی دەسەڵات دەجەنگن، بۆیە شیعە لەئەفغانستان رەنگە لەم سۆنگەیەوە بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگ بێت، چونكە ئێران بەتەنها وڵاتێكی دەسەڵاتی شیعە لەقەڵەمدەدرێت كە خەونی هیلالی شیعەو یەكگرتنی هەموو شیعەكانی جیهانی هەیە.
تاڵیبان كە خۆی بەموسوڵمانی سوننە دەزانێت و پەیڕەوی رێبازی (حەنەفییە) لەئێستادا ژمارەیەك لەهۆزی هەزارەو شیعەكانی ئەفغانستانی خستووەتە ریزی خۆیەوە كەئەمەش هەنگاوێكی سەرنجڕاكێشە لەگروپێكدا كە بەسوننەی توندڕەوو دژە شیعە پێناسە دەكرێت، بۆیە بەم هەنگاوە رەنگە جۆرێك دڵنیایی بداتە كۆمارە شیعەكەی ئێران.
ئاو لەپەیوەندیی نێوان تاڵیبان و تاران
ئێران كێشەی كەمیی ئاویی هەیەو لەمێژووی خۆی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەفغانستان لە (100) ساڵی رابردوودا بەردەوام كێشەی پشكی ئاوی لە روباری هیرمەند لەئەفغانستان هەبوو دواجار دوای كۆمەڵێك كۆبوونەوە و دانوستان لەدەیان قۆناغی جیاوازدا لەساڵی (1972) رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتەكانی ئەو سەردەمی ئەو دوو وڵاتە واژۆ كراو بەپێی رێككەوتنەكە ئەفغانستان كە هەر چركەیەك (22) مەتر سێجا ئاو لە روباری هیرمەند بۆ روباری هامون لەئێران بەربدرێتەوە كەساڵانە دەكاتە (850) ملیۆن مەتر سێجاو بەم بڕە ئاوە دەوترێت مافی ئاو یان پشكی یاسایی.
مێژوو پیشانی داوە كە لەگەڵ ئاڵوگۆڕی هەر حكومەت و سەركردەیەك لەدەسەڵات و حوكمڕانیی ئەو وڵاتەدا یەكەم كارتی فشار كە دژی دەسەڵاتی ئێران بەكاردەهێنرێت گرتنەوەی ئەو رێژە ئاوەیەو تەنانەت لەسەردەمی دەسەڵاتی تاڵیبان لەساڵی (1996) تاساڵی (2001) كە بە (ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان) ناو دەهێنرا چەندینجار ئاوی روباری هیرمەند لەسەر ئێران گیرایەوەو ئەمەش ناكۆكییەكانی نێوان تاڵیبان و ئەفغانستانی لەو سەردەمەدا قوڵ كردەوە، چونكە لەو سەردەمەدا ئێران رووبەڕووی وشكەساڵیی بووەوە و ئەو بڕە ئاوەش بەسەرچاوەیەكی گرنگ و پێویستی دەریاچەی هامون لەئێران ئەژماردەكرێت كە سێیەم گەورەترین دەریاچەی ئەو وڵاتەیە.
تریاك و تاڵیبان
داهاتی ساڵانەی بەرهەمهێنانی تریاك لە رووەكی (كۆكنار) كە بەخەشخاش دەناسرێت زیاتر لە چوار ملیار دۆلارەو ئەم داهاتەش بەشێوازی جیاواز دەچێتە گیرفانی تاڵیبانەوە، چونكە تاڵیبان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی زەكات لەو جوتیارانە وەردەگرێت كە تریاك بەرهەمدەهێن و هاوكات سەرانەو باج لەبازرگانەكان و زۆرجاریش لەقەبارەی گەورەدا باری تریاك لە رێگەی چەكدارانیەوە دەگوازێتەوە و هەموو ئەمانە دەبنە هۆی مسۆگەركردنی زیاتر لەچوار ملیار دۆلار داهات بەپێی راگەیەنراوی نەتەوەیەكگرتووەكان تاڵیبان لەساڵی (2018) تاساڵی (2019) تەنها بەگواستنەوەی تریاك (400) ملیۆن دۆلاری دەستكەوتووە.
زۆبەی تریاكی بەرهەمهێنراوی ئەفغانستان كە دەكاتە (90%)ی هەموو تریاكی جیهان لەو وڵاتە پیشتر دەگوازرێتەوە بۆ ئێران و لەوێوە رەوانەی وڵاتانی توركیا و رۆژئاوا دەكرێت، بۆیە ئەمەش وەك كارتێكی فشار لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران دژی وڵاتانی ئەوروپاو رۆژئاوا بەكاردەهێنرێت، لەكاتێكدا ئەمەریكا تەنها بۆ بنبڕكردنی چاندنی كۆكنار لەئەفغانستان لەماوەی (15) ساڵدا نزیكەی هەشت ملیار دۆلاری تەرخان كردووە.
بەم پێیە دەكرێت تریاك وەك خاڵێكی پێكەوە گرێدانەوەی تاران و تاڵیبان لێی بڕوانرێت.
سنوری وشكانی
ئێران لە رۆژهەڵاتەوە (954) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئەفغانستان هەیەو تاڵیبان بنكەو هێزەكانیان لەپارێزكاكانی كرمان، سیستان و بلوچستان واتە لەو سنورانەدا جێگیر كردووە، بۆیە ئەفسەران و فەرماندەكانی هێزە چەكدارەكانی ئێران بەبەردەوامی ئەو سنورانە بەهەستیار ناودەهێنن و گرنگە كۆماری ئیسلامی ئێران لەو سنورانە دڵنیا ببێتەوەو ئەم دڵنیاییەش دەكەوێتە دەست فەرمان و بڕیاری چەكدارانی تاڵیبان.
دوژمنی دوژمنەكەی ئێران
تاران كە زیاتر لەهەشت ساڵە نەیتوانیوە بگاتە هیچ رێككەوتنێكی راستەقینە لەگەڵ واشنتۆن، رەنگە ئەمە بەس بێت بۆ نزیكبوونەوەی زیاتر لەتاڵیبان و سیاسەتی دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە پەیڕەو بكات، چونكە ئەو گروپە خۆیان بەجەنگاوەری رێبازی ئیسلام و نەیاری ئەمەریكا دەزانن، بەڵام ئەو كۆمەڵە پرسەی كە لەنێوان ئەفغانستان و ئێراندا هەیە بەسە بۆ ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رێككەوتن لەگەڵ هەموو هێزێكی باڵادەستی حوكمڕانی وڵاتانی درواسێی بكات.
ئێستا سیاسەتی نێوەوڵەتیی بەشێوەیەكی خێرا لەگۆڕانكاریدایەو جەنگ و رێككەوتن لەنێوان سەرجەم هێزەكاندا ئەگەرێكی بەردەوامە كە بەئان و سات گۆڕانكاریی بەسەردا دێت لەم رووەوە چاوەڕوانكراوە: هێزێك كە رۆژانێك لەئەشكەوتەكانی تۆرابۆراوە دەركەوتبێت و هیچ ئەزمونێكی ئەوتۆی وڵاتداریی و حوكمڕانیی سیاسیی نەبێت، ئەمڕۆ بچێتە تاران و لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لەئاستی باڵای سیاسی و ستراتیژیدا رێككەوتن بكات.