بەرەی هاوپەیمانیی باکور دژی تاڵیبان کێن و چۆن شەڕ دەکەن؟
3 ساڵ لەمەوپێش
نامۆ سەربەست
بزوتنەوەی تاڵیبان توانی لەماوەیەكی كورتدا زۆرینەی خاكی ئەفغانستان كۆنترۆڵ بكات، بەڵام هاوشێوەی ساڵی 1996 نەیتوانی تەواوی وڵاتەكە بخاتە ژێر دەستی خۆیەوەو دووبارە ویلایەتی پەنجشێر بووەوە پێگەی بەرهەڵستكارانی.
ویلایەتی پەنجشێرو ئەفسانەی بەرگری
ویلایەتی پەنجشێر كە مانای پێنج شێر دەگەیەنێت، دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی كابوڵی پایتەخت و تەنیا 150 كیلۆمەتر لێوەی دوورە، بەپێی دوا ئامارەكان، دانیشتوانەكەی نزیكەی 173 هەزار كەس دەبن و زۆرینەیان لەنەتەوەی تاجیكین.
لەهەشتاكانی سەدەی رابردوودا كاتێك یەكێتی سۆڤیەتی ئەوكات ئەفغانستانی داگیركرد، پەنجشێر تاكە ویلایەت بوو نەیتوانی بچێتە ناوی و تاكاتی كشانەوەی بەسەربەخۆیی مایەوە، ئەوكات ئەحمەد شا مەسعود سەركردایەتی هێزی بەرگریكردنەكەی دەكرد و بەهۆیەوە بەشێرەكەی پەنجشێر ناسرا.
دوای كشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت و شكستی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی فرەلایەنە و كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە، ئەحمەد شا مەسعود دووبارە گەڕایەوە ئەوێ و بەهەمان شێوەی یەكێتی سۆڤیەت نەیهێشت تاڵیبان دەستی بگاتە ئەو ویلایەتە.
رۆژی 9ی ئەیلولی 2001، واتە تەنیا دوو رۆژ پێش رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر، لەكردەوەیەكی خۆكوژیدا ئەحمەد شا مەسعود لەلایەن رێكخراوی قاعیدەوە، كەئەوكات هاوپەیمانی تاڵیبان بوو لەبەڕێوەبردنی ئەفغانستاندا تیرۆركراو بەماوەیەكی كەم دوای ئەو رووداوە، ئەمریكا ئەفغانستانی داگیركرد.
ئازایەتی و دڵسۆزیی ئەحمەد شا مەسعود وایكرد، وەك دیارترین و خۆشەویستترین سەركردەی ئەو وڵاتە بناسرێت و نازناوی شێرەكەی پەنجشێری لێنراو تائێستاش خەڵك وێنەكانی لەسەر تابلۆكان و دیواری ماڵان و تەنانەت جامی ئۆتۆمبێلەكانیشیان هەڵدەواسن.
پەنجشێر ئەگەرچی سروشتێكی زۆر جوانی هەیە، بەڵام لەڕووی سەربازییەوە یەكێكە لەناوچە هەرە سەختەكان و دۆڵی پەنجشێر پڕە لە ئەشكەوت و گردو ناوچەیەكی بەردەڵانە. ئەوەش وایكردووە بەرگریكردن لێی ئاسانتربێت و هەموو هەوڵێك بۆ هێرشكردنە سەری شكست بهێنێت.
ئەحمەد مەسعود شاو رێچكەكەی باوكی
لەگەڵ چوونە ناوەوەی تاڵیباندا بۆ كابوڵ، ئەحمەد مەسعود شا كوڕی ئەحمەد شا مەسعود لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەركەوت بەهەلیكۆپتەر بەرەو ویلایەتی پەنجشێر بەڕێكەوت، دوای گەیشتنی پەیامێكی ئاراستەی ئەفغانییەكان كردو داوایلێكردن پەیوەندی پێوەبكەن بۆ بەرگریكردن دژی تاڵیبان.
ئەحمەد مەسعود شا لەدایكبووی ساڵی 1989یەو بەهۆی پەیوەندییەكانی باوكییەوە، خوێندنی سەرەتایی لە تاجیكستان تەواوكردو دوای كوژرانی باوكی خوێندنی ئامادەیی لەئێران و پاشان روویكردە بەریتانیاو ساڵی 2012 ئەكادیمیای ساندهێرستی سەربازیی خوێند، كە یەكێكە لەڕاقیترین و ناودارترین ئەكادیمیاكانی جیهان.
دواتر چووە زانكۆی كینكز كۆلێج Kings College و ساڵی 2015 بەكالۆریۆسی لە لێكۆڵینەوە سەربازییەكاندا بەدەستهێنا و ساڵێك دوای ئەوە ماجستێری لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە زانكۆی سیتی بەریتانی بەدەستهێنا. هەر ئەو ساڵە (2016) گەڕایەوە ئەفغانستان و بووە سەرۆكی دامەزراوەی ئەحمەد شا مەسعود.
لەگەڵ دەستپێكردنی وتووێژەكانی نێوان ئەمریكا و تاڵیبان لە 2019 دا، ئەحمەد مەسعود چووە كایەی سیاسییەوە و لەویلایەتی پەنجشێر پارتێكی سیاسی بەناوی بەرەی بەرگری دروستكردو سەركردایەتی وتووێژی ئاشتیی نێوان لایەنە ئەفغانییەكانی كرد.
داواكاریی ئەحمەد مەسعود بریتیبوو لەئەوەی ئەفغانستان ببێتە وڵاتێكی لامەركەزی و ئازادییەكان فەراهەم بكرێت و ئیسلامێكی میانڕەو پەیڕەوبكرێت و هەموو لایەنەكان كۆببنەوە بۆ لەناوبردنی یەكجارەكیی تاڵیبان.
لەگەڵ رێككەوتنی تاڵیبان و ئەمریكادا، ئەحمەد مەسعود پێشبینی گەڕانەوەی بەهێزی تاڵیبانی كرد، بۆیە كەوتە دروستكردنی هێزی سەربازیی و كۆكردنەوەی چەك، ئەوەبوو پێشبینییەكەی هاتەدی و تاڵیبان زۆرینەی وڵاتەكەی كۆنترۆڵكردەوە.
دوای كەوتنی كابوڵ، ئەحمەد چووە پەنجشێرو بە چەندڕۆژێك دوای ئەوە وەك راگەیاندنی دەستپێكردنی بەرگری وتارێكی لەڕۆژنامەی واشینتۆن پۆستی ئەمریكیدا بڵاوكردەوەو نووسی:» لەدۆڵی پەنجشێرەوە بۆتان دەنووسم ئامادەم لەسەر رێچكەكەی باوكم بڕۆم، ئەو چەكانەمان هەیە كە پشوودرێژانە لەڕۆژگارەكانی باوكمدا كۆمانكردەوە، چونكە دەمانزانی ئەم رۆژە دێت».
هەروەها لەوتارەكەیدا باسی لەوەكردووە بەدەر لەو چەكانەی كۆیانكردووەتەوە، بەشێكی زۆری ئەو سەربازە ئەفغانییانەی توڕەو بێزاربوون لە خۆبەدەستەوەدانی فەرماندەكانیان، بەچەك و كەرەستەكانیانەوە پەیوەندییان پێوەكردوون و چەندین ئەندامی هێزە تایبەتەكانیش، كە بەنوخبەی هێزی سەربازیی ئەفغانستان دادەنران و تەنیا ئەوان توانییان لەچەند شوێنێك بەرگری بكەن دژی تاڵیبان، پەیوەندییان پێوەكردوون.
هاوكات لەوتارەكەیدا ئەوەشی خستۆتەڕوو « ئەوانە بەس نین و دەبێت ئەمریكا دەستبەرداری دیموكراسیەتی ئەفغانستان نەبێت لەپێناوی تاڵیباندا و بە چەك و پارە هاوكارییان بكات، چەندڕۆژێك دوای ئەوە وتارێكی لەڕۆژنامەی لوفیگارۆی فەڕەنسیدا بڵاوكردەوەو هەمان داوای لە فەڕەنسییەكانیش كرد».
بەرەی بەرگریی باكوور
دوای هەڵاتنی ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان، ئەمەرڵا ساڵح جێگری یەكەمی سەرۆك چووە پەنجشێر و لەوێوە خۆی وەك سەرۆكی شەرعیی و كاتیی وڵات ناساندو رایگەیاند:»بەپێی دەستوری ئەفغانستان لەكاتی هەڵاتن یان دەستلەكاركێشانەوە یان مردنی سەرۆكدا، جێگری یەكەم دەبێتە سەرۆكی وڵات تاكاتی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ».
لەوێ وێنەكانی لەگەڵ ئەحمەد مەسعوددا بڵاوبووەوە كە پێكەوە بەرەیەكی بەرگرییان دژی تاڵیبان دروستكردووەو بسمیلا موحەمەدی وەزیری بەرگریی ئەفغانستانیشیان لەگەڵدایە. ئەوە بەدەر لەچەندین سەرۆك هۆزو ئەندام و ئەفسەری هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستان.
ژمارەی ئەو هێزەی تائێستا كۆیانكردووەتەوە زۆر بەوردی دیاری نەكراوە، هەندێك دەڵێن زیاتر لەشەش هەزار جەنگاوەرەو هەندێكی تریش دەڵێن دەگاتە 10 هەزارو لەوانەیە زیاتریش بێت، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە رۆژانە ژمارەیان لەزیادبووندایە و بەپێی راپۆرتەكانی یەڵدا حەكیم پەیامنێری ئاژانسی بی بی سی و عزەتوڵا مهرداد پەیامنێری رۆژنامەی واشینتۆن پۆست لە ئەفغانستان، رۆژانە خەڵك لەناوچە جیاوازەكانی ئەفغانستانەوە پەیوەندییان پێوە دەكەن، بەتایبەتی ئەندامانی پێشووی سوپاو هێزە ئەمنییەكانی تر.
لەڕووی چەك و پێداویستی سەربازییشەوە، ئەو پەیامنێرانە ئاشكرایانكردووە زۆرینەی ئەو چەكانەی لەبەردەستیاندایە، ئەوانەیە كاتی خۆی لەكشانەوەی سوپای سۆڤیەت دەستیان كەوتووەو بەشێكیشی سەربازەكان لەگەڵ خۆیان هێناویانە.
لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش چەند ڤیدیۆیەك بڵاوكرایەوە تیایدا دەركەوت بەرەی بەرگریی چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازییان لەبەردەستدایە و چەندین ئۆتۆمبێل و زرێپۆشی كاتی سۆڤیەتییان نۆژەن كردووەتەوە و خستویانەتەوە كار. ئەوە بەدەر لەچەند هەلیكۆپتەرێكی سەربازیی كە بەر لە بەجێهێشتنی كابوڵا ئەحمەد مەسعود توانی دەستیان بەسەردابگرێت و نەهێڵێت بكەونە دەست تاڵیبان و بردنی بۆ پەنجشێر.
ئەگەرەكانی رێككەوتن و سەركەوتن
ویلایەتی پەنجشێر رووبەرەكەی سێ هەزارو 610 كیلۆمەتری چوارگۆشەیەو سنوری نێودەوڵەتی لەگەڵ هیچ وڵاتێكی دراوسێدا نییە، بەڵام هێزەكانی بەرەی بەرگری لەبری ئەوەی بەرەو ویلایەتەكانی بەدخشان و توخار بڕۆن تا بگەنە سنوری وڵاتی تاجیكستان و ئابڵوقەكەی سەریان بشكێنن و دەروازەیەك بۆ گەیشتنی هاوكاری و یارمەتی دەرەكی و نێودەوڵەتی بكەنەوە، بەرەو ویلایەتەكانی پەروان و بەگلان پێشڕەوییان كرد كە دەیانگەیەنێتە كابوڵی پایتەخت.
سەبارەت بەو هێرشە، بیسملا موحەمەدی وەزیری بەرگری لە تویتێكدا نووسی:»
«دەستگیرا بەسەر شارۆچكەكانی دیە سەڵاح و بانو و پولی حەسار لەویلایەتی بەگلانی هاوسنوری پەنجشێردا»
لەلای خۆشیەوە ئەسەدوڵا بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی بانو رایگەیاند:»بەپشتیوانی خودا موجاهدینەكانمان توانییان سێ شارۆچكە ئازادبكەن و ئێستا ئێمە بەرەو ناوچەی خینجان بەڕێوەین و بەمزووانە ویلایەتی بەنگلان لەتاڵیبان پاكدەكەینەوە».
هاوكات هێزێكی تریان بەسەرۆكایەتی ئەمەرڵا ساڵح توانییان ناوچەی جایكار لەویلایەتی پەروان كۆنترۆڵ بكەن.
سەرەتای ئەم هەفتەیە بزوتنەوەی تاڵیبان لەڕێگای باڵیۆزی روسیاوە پەیامێكی نارد بۆ بەرەی بەرگری و داوای دانوستانی لێكردن، لەو بارەیەوە دیمیتری جیرنۆڤ باڵیۆزی روسیا لەو وڵاتە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:»نوێنەرێكی تاڵیبان سەردانی باڵیۆزخانەكەی كردین و بەوپێیەی دەزانن روسیا بارستاییەكی گەورەی لای هێزە سیاسییە جیاوازەكانی ئەفغانستان هەیە، داوای لێكردین نامەیەك بنێرین بۆ پەنجشێر كە بڵێت بزوتنەوەكە نایەوێت بەزەبری هێز بچێتە ناوچەكەوەو حەزی بەچارەسەری ئاشتییانەو رێككەوتنی سیاسی هەیە و چاوەڕێی دانوستانە و دەیەوێت بەڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەرڵا ساڵح كێشەكە چارەسەربكات».
لەوەڵامدا ئەحمەد مەسعود شا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی شەرقول ئەوسەت رایگەیاندووە كە» لەپێناو ئاشتیدا ئامادەم لەخوێنی باوكیشم ببورم، بەمەرجێك تاڵیبان راست بكەن و مەرجەكانی ئاشتی جێبەجێبكەن، ئەوان دەڵێن ئەفغانستان نابێتەوە شوێنی توندوتیژی و تیرۆری نێودەوڵەتی، دەبێت ئەوانە بەكرداری ببینین».
بزوتنەوەی تاڵیبان مۆڵەتی تەنیا چوار كاتژمێریدایە بەرگریكاران بۆ ئەوەی خۆیان بەدەستەوە بدەن و لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەكەدا سەدان چەكداری بەڕێكرد بۆ كۆنترۆڵكردنی و لەتویتێكدا لەلاپەڕەی فەرمی بزوتنەوەكەدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسییان:»دوای ئەوەی بەرپرسەكانی ویلایەتەكە رەتیانكردەوە بەئاشتییانە رادەستی بكەن، لەئێستادا سەدان موجاهیدی ئیمارەتی ئیسلامی بەرەو ویلایەتی پەنجشێر بەڕێوەن بۆ كۆنترۆڵكردنی».
سەبارەت بەئەگەرەكانی سەركەوتن هەندێك چاودێری دۆزی ئەفغانستان باس لەئەوە دەكەن كە ئەحمەد مەسعود شا ناتوانێت وەكو باوكی سەركەوتوو بێت لەسەركردایەتیكردنی بەرەی بەرگریدا، لەوبارەیەوە جیل دۆرنسۆرۆ، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لەزانكۆی یەكەمی پاریس، بەئاژانسی فرانس 24ی راگەیاند:»بەرگریكردنەكە لە پەنجشێر بە سەركردایەتیی كەسێكە لە سێبەری ئەفسانەكەی باوكیدا دەژی و هێندەی ئەو پشتیوانیی و بارستایی سیاسی و خەڵكی نییە، لەگەڵ كەسێكی تر كە تەواو سیاسییە و بۆ چەندین ساڵ پێگەی سەركردایەتیی هەبووە، هاوكات پەیوەندی نێوان ئەحمەد مەسعود و ئەمەرڵا ساڵح تاڕادەیەك ئالۆزە و هەر لەسەرەتاوە جۆرێك لەنەگونجاندن هەبووە لەنێوانیاندا.»
هەروەها ئەو لێكۆڵەرە فەڕەنسییە راشیگەیاند:» تاڵیبان لەهەر چوار لاوە ئابڵوقەی پەنجشێری داوە و تەنانەت پێویستی بەئەوەش نییە هێرشی بۆ بكات، هەر هێندەی بەسە ئابڵوقەكەی توند بكاتەوە تائەوان خۆیان بەدەستەوە دەدەن».
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێكی كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی، ئەو ئاماژانە وا دەردەخەن هێزەكانی بەرەی بەرگری رێگای نهێنییان هەبێت بۆ گەیشتنی چەك و خۆراك و پێداویستییەكانیان لەوڵاتانی دەرەوەو بەتایبەتی لە تاجیكستانەوە، بەهەمان شێوەی ئەوەی لە ساڵی 80 كان و 90 كانی سەدەی رابردوودا، ئەحمەد شا مەسعودی ئەفسانەی بەرگریی ئەفغانستان دەیتوانی لەدۆڵی پەنجشێری ئابڵوقە دراوەوە درێژە بەبەرگرییەكەی دژی یەكێتی سۆڤیەت و دواتریش تاڵیبان بدات.
هاوكات بیل ڕۆجیۆ لەسەنتەری ئێف دی دی ئەمریكی بۆ لێكۆڵینەوە بە سی ئێن ئێنی راگەیاند:»ئەحمەد مەسعود بەرگرییەكەی لەسەر بناغەی نەتەوەی تاجیكی داناوە، بۆیە ئەفغانییەكانی تر پشتیوانی ناكەن و لەڕووی هاوكاری دەرەكییشەوە وڵاتانی وەك چین و هیندستان كە پێشتر هاوكاریی باوكیان دەكرد، لەیەكەمینی ئەوانە بوون ددانیان بەحوكمی تاڵیباندا نا».
لەبەرامبەردا نووسەر و لێكۆڵەری ئەفغانی خودادە رۆزداری بەماڵپەڕی سكای نیوزی راگەیاند:»ئەحمەد مەسعود هاوشێوەی باوكیەتی لەكارێزما و سەركردایەتیكردنداو دەتوانێت هەموو ئەفغانییەكان یەكبخاتەوە. بەدەر لەئەوەش جوگرافیای سەختی ناوچەكە پاڵپشتێكی گەورەیانەو یەكێتیی نێوان خەڵك و سەركردایەتی سیاسیی و سەربازیی لەویلایەتەكەدا بۆ هەموو لایەك ئاشكرایەو ئەوەش گەورەترین چەكیانە».
سەبارەت بەهێزی تاڵیبان و توانای كۆنترۆڵكردنەوەی ویلایەتەكە، جۆن بۆڵتۆن لێكۆڵەری سیاسیی دیار، لەلێكۆڵینەوەیەكیدا كە لەگۆڤاری ناشناڵ ئینترێستی ئەمریكیدا بڵاویكردەوە، نووسیویەتی:»تاڵیبان ئەو بەهێزە نین كە دەردەكەوێت و سەركەوتنی ئێستایان كۆتایی چیرۆكەكە نییە، هەستكردنیان بەسەركەوتن ئاوێنەی هێزو جەماوەرییان نییە، بەڵكو هی هاوكاریی پاكستانە».
«ئەفغانەكان زۆر بەدەگمەن تا مردن شەڕ دەكەن، لەبری ئەوە پاڵ دەدەنە لای لایەنی باڵادەست، بۆیە نیشاندانی لاوازیی لەلایەن بایدنەوە دیارییەك بوو بۆ سەركردەكانی تاڵیبان تاحاكمی ویلایەتەكان قایل بكەن لەپێناو پاراستنی ژیانیاندا واز لەدەسەڵات بهێنن، ئەوە بەدەر لەخراپی و لاوازیی سەرۆك ئەشرەف غەنی كە دوای هەڵاتنی، بیسملا محەمەدی وەزیری بەرگری نووسی؛ لەپشتەوە دەستیان بەستینەوەو وڵاتەكەیان فرۆشت، نەفرەت لەغەنی و چەكدارەكانی»، جۆن بۆڵتۆن وای وتووە.
سەبارەت بەهاوكاریی دەرەكییش، میكائیل كۆگمان شارەزای كاروباری باشوری ئاسیا لەسەنتەری ویلسۆنی ئەمریكی لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی DWی ئەڵمانی راگەیاند:»راپەڕینەكەی ئەحمەد مەسعود لەكاتێكدایە بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا بەماڵپەڕی ئێكسیۆسی راگەیاندووە، رێگا بەبزوتنەوەی تاڵیبان نادەن پارەو یەدەگی بانكی ناوەندیی ئەفغانستان بەكاربهێنێت كە دەگاتە 9.5 ملیار دۆلارو لەویلایەتە یەكگرتووەكان هەڵگیراوە، بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێستا ئەمەرڵا ساڵح سەرۆكی شەرعیی ئەو وڵاتەیە، پێدەچێت ئەو پارانە رادەستی ئەو بكرێن، ئەوە بەدەر لە ئەوەی ئەمجارەیان ئەحمەد مەسعود پشت بەئەمریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا دەبەستێت بۆ هاوكاریكردنی، نەك چین و هیندستان».
ئەو شارەزایە پێشیوابوو كە لەڕووی چەك و تەقەمەنییەوە ئەفغانستان لانكەی قاچاغچییەتی چەكەو سەختیی ناوچەكە وادەكات هیچ ئابڵوقەیەك نەتوانێت رێگربێت لەگەیشتنی بە پەنجشێر.
لەگەڵ بەڕێكەوتنی هێزەكانی تاڵیباندا بەرەو پەنجشێر، بێرنارد هێنری لیڤی نووسەری فەرەنسی، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، وێنەیەكی خۆی و ئەحمەد مەسعودی بڵاوكردەوەو نووسیویەتی: »بەتەلەفون قسەم لەگەڵ ئەحمەد مەسعود، كوڕی ئەحمەد شا مەسعودی سەركردەی بەرەی بەرگریی نیشتمانی ئەفغانستان كرد، پێی وتم، خۆبەدەستەوەدان لەفەرهەنگی ئێمەدا نیە، بەرگریكردن تازە دەستپێدەكات».