لەبارەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانەوە مژدەیەك دەدرێتە مووچەخۆران
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كردنەوەی هەژماری بانكی بەهەنگاوێكی باش وەسف دەكەن و دەشڵێن:» مووچە پاشەكەوتكراوەكان دەخرێتە سەر هەژماری بانكی مووچەخۆران».
لەساڵی 2015 تاكۆتایی هاتنی كابینەی هەشتەم حكومەتی هەرێم مانگانە بڕێك لەمووچەی مووچەخۆرانی دەبڕی بەناوی پاشەكەوتەوە كە تائێستا نزیكەی 10 ترلیۆن دیناری شایستەی دارایی مووچەخۆران قەرزارەو بڕیارە بەكردنەوەی هەژماری بانكی بەژمارە ئەو قەرزە بدرێتەوە بەمووچەخۆران.
رۆژی دووشەممە، 30ی ئابی 2021 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە لە 1-7-2020 چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێی ماددەی 13 لەیاساكە، وەزارەتی دارایی راسپێردراوە بەكردنەوەی هەژماری بانكی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم.
وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند:» مژدەی ئەوەتان دەدەینێ كە ئەو یاسایەو ماددەی 13 چووە بواری جێبەجێكردنەوەو لەهەنگاوی یەكەمدا هەژماری بانكی بۆ سەرجەم موچەخۆرانی كەرتی شارستانی و پۆلیس چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە».
هەروەها وەزیری دارایی جەختی لەوەشكردەوە، پرۆسەكە تەنها لەچوارچێوەی هەژماری بانكی بۆ موچە ناوەستێت، بەڵكو پەرەی پێدەدرێـت و ژمارەی كەسی بێ هاوتای لەگەڵدایە»، ئەو هەنگاوە لەداهاتوودا فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش دەگرێتەوە».
پڕۆژە یاسای چاكسازی لەساڵی رابردووەوە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوەو حكومەتی هەرێم تائێستا تەنیا كاری لەسەر چەند ماددەیەكی كردووە، یەكێك لەو ماددانە كردنەوەی ئەژمێری بانكی موچەخۆرانە.
سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» كردنەوەی ئەژماری بانكی بۆ مووچەخۆران بۆ ئەوەیە مووچە پاشەكەوتكراوەكانیش بخرێتە سەر حسابەكانیان».
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» كردنەوەی ئەژمێری بانكی فەرمانبەران و موچەخۆران لەبەر دوو هۆكار بووە، یەكەم بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەرەو سیستمی بانكی بڕوات كە بەداخەوە تائێستا نیەو كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی گەندەڵی و ئەمنیەت و زۆر لایەنی دیكە هەیەو دووەمیش بابەتە گرنگەكە و ئامانجەكەی ئێمە پاشەكەوتی موچەیە تا هەموو شایستە داراییە خەرجكراوو ناخەرجكراوەكان لەو ژمارە بانكیەدا تۆماربكرێت».
شایستەی دارایی خەرجكراو بریتیە لەو موچانەی كە مانگانە فەرمانبەرو موچەخۆران وەریدەگرن و خەرجنەكراوەكانیش بریتیە لەپاشەكەوت و لێبڕینی موچەی فەرمانبەران كە لەماوەی ساڵانی رابردووەوە ئەنجامدرابوو لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمان پێشیوابوو ئامانجە گرنگەكە ئەوەیە ئەو قەرزەی فەرمانبەران لەپاشەكەوت و لێبڕین هەیانە لەئەژمێرەكەدا تۆمار دەكرێت و ببێتە یاسا بەسەر حكومەتی هەرێمەوە تا مولزەم بێت بەدانەوەی.
لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان 90 بانكی حكومی و ئەهلی بوونیان هەیەو تەنیا ژمارەیەكی كەمیان بەستراونەتەوە بەسیستمێكی ئەلیكترۆنی و وەزارەتی دارایی بەپێی وتەی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان خەریكی بەستنەوەی سەرجەم بانكەكانە بەیەكترییەوە.
زیاد جەبار هۆكاری دواكەوتن لەجێبەجێكردنی ئەم مادەدیەی یاسای چاكسازی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە گێڕایەوە بۆ رێكخستنەوەی بانكەكان كەوەزارەتی دارایی سەرقاڵی رێكخستنەوەو بەستنەوەی سیستمی بانكەكان بووە بەیەكەوە، «تاكۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانكی موچەخۆران تەواو ناكرێت، ئەگەر تەواو بكرێت جێگەی دڵخۆشییە».
سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەوەشی دووپاتكردەوە بوونی هەژماری بانكیەكە ئاسانكاری دەكات بۆ كەمكردنەوەی موچەی بندیوار، بەڵام ئەوەی كە بندیوارێك مانگانە تەنیا بۆ موچەكەی دەڕوات و موچە وەردەگرێت ئەوە چارەسەر ناكات، چونكە ئەم سیستمە كار لەسەر ناو دەكات بۆیە كاریگەری نابێت».
لەبڕگەی دووەمی ماددەی 13ی یاسای چاكسازیدا هاتووە كردنەوەی هەژماری بانكی لەپێناو بەدەستهێنانی شایستە داراییە خەرجكراوو خەرجنەكراوەكانی فەرمانبەراندایە.
زیاد جەبار وتیشی» وەزارەتی دارایی دوای ئەژمێرە بانكیەكە كار لەسەر ئەوە دەكات بەژمارە قەرزەكان بچێتە سەر ئەژمارەكان و دواتر چۆن ئەو ژمارانە دەبنە پارەو دەتوانێت بەكاربهێرێت».
ئەندامێكی دیكەی لیژنەی دارایی ئەوە دەخاتەڕوو كردنەوەی ئەژماری بانكی هاوكار دەبێت بۆ نەهێشتنی بندیوارەكان.
شێركۆ جەودەت، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» دروستكردنی ئەو ئەژمێرە بانكیە بێگومان كاریگەرییەكی زۆری دەبێت بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی و هاوكار دەبێت بۆ بابەتی بەكارهێنانی پارەی قەرزی فەرمانبەران لە ئەژمێرە بانكییەكەیدا لە پێدانەوەی ئیلتیزاماتی حكومەت لە باج و پارەی ئاوو كارەبا».
هەروەها شێركۆ جەودەت باسی لەوەشكرد ئەژمێرە بانكیەكە تەواو هاوكار دەبێت بۆ كەمكردنەوەی بندیوارو وادەكات تەنیا فەرمانبەری كردەیی بمێنێت و بتوانێت موچە وەربگرێت.
ئەندامەكەی فراكسیۆنی یەكگرتوو، جەختی لەوەشكردەوە، بەشی گرنگی یاساكە، پاشەكەوتكراوی موچەی فەرمانبەرانەو وتی:» بەڵام هیچ زەمانێكی نیە كەبكرێت، چونكە حكومەت قەرزاری موچەخۆران دەبێت و بەژمارە تۆماردەكرێت و دەبێتە یاساو فەرمانبەران دەتوانن وەك مامەڵەی دیجیتاڵی بەكاربیهێنن، بۆیە كردنی مەحاڵە».
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان پێیوابوو كردنەوەی هەژماری بانكی پەیوەندی بەكۆتایی هێنان بەبندیوارەكانەوە نییە.
بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی لیژنی دارایی لەپەرلەمان كوردستان، لەلێدونێكدا بە هاوڵاتى وت:» ئەم سیستمە پەیوەندی بەبندیوارەوە نیە، بەڵكو سیستمی بایۆمەتری تەواو وادەكات سەرجەم دۆسیەی فەرمانبەران یەكلابكاتەوە».
«كردنەوەی ئەژمێرە بانكیەكە بۆ ئەوەیە ئەو شایستە داراییانەی فەرمانبەران كە لەلای حكومەت ماوەتەوە، بەناوی پاشەكەوت و لێبڕینەوە، دەچێتە سەر ئەژمێرە بانكیەكە و وادەكات چەندین راسپاردە هەیە كەئێمە دەتوانین بیدەینە حكومەت رێنمایی پێ دەربكات بۆ خەرجكردنی ئەو بڕە پارانەی كە لەو ئەژمێرەدا هەیە»، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان لەلیژنەی دارایی وا دەڵێت.
هاوكات عومەر گوڵپی، ئەندامی فراسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان هێمای بۆ ئەوەكرد با ژمارە بانكیت هەبێت كە نەتوانێت وەك بانكێكی مۆدێرن مامەڵە بكات ئەوە ئەو ژمارە حسابیە بە بێ جێبەجێكردنی بڕگە یاساییەكانی وەك خۆی هیچ بەهایەكی نیە.
پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ وتیشی:» كردنەوەی ئەژمێری بانكی كاتێك بۆ فەرمانبەران گرنگە كە حكومەت مامەڵە لەگەڵ موچەخۆران بكات بۆ ئەوەی ئەو پاشەكەوت و لێبڕینەی حكومەت لەموچەخۆری بڕیوە بچێتە ئەژمارەكەوەو لەباج و كرێی ئەوو كارەبا و رسوماتی دیكە بەكاریبهێنێت».
جەختی لەوەشكردەوە، كردنەوەی ئەژمێرە بانكیەكە ئەگەر ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز هەبێت بەسادەترین پڕۆگرامی ئەلیكترۆنی موچەخۆرانی ناشایستە جیادەكاتەوە.