بەرپرسانی قەزای بەردەڕەش داوای دەستپێكردنەوەی پرۆژەیەكی قەزاكەیان دەكەن
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
قایمقامییەتی قەزای بەردەرەش داوای دەستپێكردنەوەی پرۆژەیەكیان دەكەن كە بە بودجەی پترۆ دۆلار دروستكراوەو پرۆژەكەیان راگیراوە.
بەردەرەش لەساڵی 2007 بووەتە قەزا سەر بە پارێزگای دهۆك، سێ ناحیە و 106 گوند لەخۆ دەگرێت و ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 150 هەزاركەسە.
نوح ئیبراهیم، دانیشتوی ناوەندی قەزای بەردەرەش، خوێندكاری زانكۆیە بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد نەبوونی كتێبخانەی گشتی لە قەزای بەردەرەش كێشەیەكی زۆری بۆیان دروستكردووە و بۆ بەدەستهێنانی كتێبێك دەبێت سەردانی ئاكرێ و دهۆك بكەن، وتیشی:»ئەوەش خەرجی دەوێت جگە لەمەش كاتێكی زۆری پێویستە تا بچی و بگەڕێیتەوە، نازانم بۆ بەردەرەش ئەوەندە پشتگۆیی خراوە لەزۆربەی قەزا و تەنانەت لەناحیەكانیش هەیە ، جیاوازی ئێمەو و ئەوان چیە؟».
بۆتان شەمسەدین، وتەبێژی قایمقامیەتی قەزای بەردەرەش لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت»بینایەك لەناوەندی قەزای بەردەرەش چەند ساڵێكە لەسەر پارەی پترۆ دۆلار دەست بە دروستكردنی كراوە كە تایبەتە بە مۆزەخانە و كتێبخانەی گشتی قەزاكە، بەڵام ماوەیەكی زۆرە پڕۆژەكە راگیراوە بەهۆی نەبوونی پارە».
ناوبراو باسی لەوەشكرد راستە حكومەت لەو ماوەیە بڕە پارەیەكی بۆ هەندێك پرۆژەی دابین كردووە، بەڵام ئەوەی مۆزەخانە و كتێبخانەی گشتی جیاوازە»هەوڵەكانی قایمقامی بەردەرەش بۆ كردنەوەی كتێبخانەیەكی گشتی لەقەزاكە بەردەوامەو بەلای ئێمەوە شتێكی زۆر گرنگە، چاوەڕێی دەزگا پەیوەندیدارەكان دەكەین تا چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەكە بدۆزنەوە».
هاوكات، ئیسماعیل تاهیر، بەرێوەبەری گشتی كتێبخانەكانی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بڕیاری كردنەوی كتێبخانەیەكی گشتی لەقەزای بەردەرەش لەوەزارەتی رۆشنبیری دەرچووە، بەڵام لەبەرنەبوونی فەرمانبەر و شوێنێك بۆ كتێبخانەكە تا ئێستا نەكراوەتەوە».
«كێشەمان لەكتێب نیە، ئێمە دەتوانین لەماوەی مانگێگدا 10 هەزار كتێب دابین بكەین، حەوت كتێبخانەی گشتیمان هەیە ، كێشەمان لەسێ ناوچەی سنوری پارێزگای دهۆك هەیە، ئەویش ناحیەی بامەڕنێ و ناحیەی مانگێش لەگەڵ قەزای بەردەرەش» ئیسماعیل تاهیر وای وت