هەفتەی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دەستپێدەكات
كاندیدەكانو حزبەكان خۆیان دەخەنە بەردەم تاقیكردنەوەی دەنگدەرانو بانگەشەكان چڕدەكرێنەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، لایەنە سیاسییەكان و كاندیدەكانیان هەفتەی ئایندە بەچڕی دەستدەكەن بە بانگەشە.
پاشگەزبوونەوەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرو چەند لایەنێكی دیكە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكانی مانگی تشریندا گەرموگوڕی دایەوە بەهەڵبژاردنەكان و لەئێستاوە تا هەفتەی ئایندە لایەن و كاندیدەكان دەكەونە پۆستەر هەڵواسین و ریكلام و بانگەشەكانیان.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، عێراق دابەشكراوە بەسەر 81 بازنەداو هەر بازنەیەك چەند كاندیدێك لەخۆی دەگرێت و كێبڕكێ لەسەر 329 كورسی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدەدرێت.
بێجگە لەیەكێتی و گۆڕان كە هاوپەیمانێتیان ئەنجامداوە، لایەنەكانی دیكەی كوردستان بەجیا بەشداری پرۆسەكە دەكەن و چەندین كەسی دیكە بەسەربەخۆ لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك و كەركوك خۆیان كاندید كردووە.
هەرچەندە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەو رۆژەی كاندیدەكانی هەڵبژاردنەكانی پەسەند كرد، ئەوەی ئاشكرا كرد كە لەمڕۆوە دەتوانن دەست بە بانگەشەكانیان بكەن، بەڵام پاش تێپەڕبوونی زیاتر لەمانگێك هێشتا بانگەشەكان دەستیان پێنەكردووە.
وتەبێژی پارتی لەسلێمانی و هەڵەبجە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات سستی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان پەیوەندی بە تێگەیشتنی دەنگدەرەوە هەیە بۆ ململانێ حزبییەكان.
فارس نەوروڵی، وتەبێژی پارتی لەسلێمانی و هەڵەبجە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» دەكرێت بڵێین هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن واتە لەنێوان دوو هەڵبژاردندا شێوازو حەماسیەتی بانگەشە گۆڕانكاری بەسەردا دێت لەكوردستان».
هەروەها وتیشی:» ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاری دەنگدەر كە زیاتر دەست و پەنجەی لەتەك پرۆسەی دیموكراتیدا نەرم دەكات، زیاتر تێگەیشتنی دەبێت بۆ سروشتی ململانێیی حزبی قۆناغ بەقۆناغ مەدەنیانەتر بانگەشە دەكرێت».
وتەبێژی پارتی لەسلێمانی پێشی وابوو ئەمەی ئێستا هەیە لەشێوازی بەڕێوەچوونێكی هێمنانەی بانگەشەیە.
هەروەها ئەندامی لیژنەی باڵای هەماهەنگی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) پێیوابوو درێژترین وادەی بانگەشە وایكردووە بانگەشەكان بەخاوی بەڕێوەبچێت.
یاسین حەمەعەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی باڵای هەماهەنگی هاوپەیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە وت:» ئەم سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن جیاوازی زۆری هەیە لەچاو پێشترداو بانگەشەی هەڵبژاردنیش ئەم جارە جیاوازە لەجارەكانی پێشتر، لەسەرجەم هەڵبژاردنەكانی پێشوو درێژترین وادەی بانگەشەیە كە لەهەڵبژاردنەكانی پێشتر لەمانگێك تێپەڕی نەكردووە».
بەپێی یاسا نوێیەكەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پاش راستاندن و ئەنجامدانی تیروپشك بۆ كاندیدەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، راستەوخۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێكردووەو كاندید سەربەست بووە لەوەی بانگەشە بكات.
یاسین وتیشی:» دیارە ئەو وادەیەش زۆر دورو درێژەو نزیكەی سێ مانگە، بۆیە ئەمە هۆكاری سەرەكی ساردوسڕی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانە تائێستا».
«ئێمە وەكو هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی، گۆڕان) لەچەند هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئامادەكارییەكانمان تەواو دەكەین، بەفەرمی رۆژێك دیاری دەكەین وەكو دەستپێك بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی كوردستان»، ئەندامە باڵاكەی لیژنەی هاوبەشی هاوپەیمانی كوردستان وای وت.
هەندێك لایەنیش هۆكاری سستی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دەگێڕنەوە بۆ كێشە زۆرو یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارە، نادیارەو كێشەی زۆری تێدایە، چونكە لەلایەن 25 حزب و كوتلە سەحبی هەڵبژاردنەكانیان كردووە و لەلایەكی دیكەوە، هەڵبژاردنەكە ئاڵۆزە، بەگشتیش خەڵك لەهەڵبژاردن و گۆڕانكاری بێتاقەتە».
لەبارەی كۆمەڵی دادگەریشەوە، شوان رابەر ئەوەی خستەڕوو وەك حزبەكەیان بەگەرمی بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن، وتیشی:» كاندیدی بەهێزمان هەیەو لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە، قۆناغ بەقۆناغ پلانی دیاریكراوی هەیەو چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ كاندیدەكان كراوەو بڕیایش دراوە لەداهاتوودا بەمیكانیزمێكی سەركەوتوو هەڵمەتی بانگەشەكان چڕبكەینەوە».
هاوكات كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو پێیوابوو لەهەفتەی ئایندەوە پاش دڵنیابوونەوە لەئەنجامدانی هەڵبژاردن بانگەشەكان بەچڕی دەستپێدەكات.
مستەفا عەبدوڵا، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێمە وەكو لیست بەشدارنین و تەنیا وەك كاندیدو كارەكتەرێكی كارای كوردستان لەسەر ئاستی سەركردایەتی لەبازنەكان خۆیان پاڵاوتووە وەكو سەربەخۆو هەریەكەیان بانگەشە بۆ خۆیان دەكەن و ئێمەش هەرچەندی پێویستیان بێت هاوكاریان دەبین لەپرۆسەی بانگەشەدا».
هەروەها جەختی لەوەشكردەوە خاویی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەیوەندی بەپرسی دواخستنەكەیەوە هەبووە كە لایەنە سیاسییەكان و كاندیدەكانی تووشی دڵەڕاوكێ كردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ناشاردرێتەوە كە نائومێدییەك لەناو خەڵكدا دروست بووبوو، وتیشی:» لەچەند رۆژی داهاتوودا بەچڕی بانگەشەكانیان دەستپێدەكات و لەهەموو بازنەكان كاری خۆیان دەكەن وەك هەمان هەڵبژاردنەكانی پێشوو».