هاووڵاتیانی بادینان داوای راگرتنی بۆردومانەكانی توركیا دەكەن

«چارەسەر ئەوەیە پارتی و پەكەكە رێكبكەون و رێگەنەدەن توركیا زیاتر سود لەناكۆكی نێوانیان وەربگرێت»

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

زیاتر لە 20 ساڵە فڕۆكەكانی توركیا ناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك بۆردومان دەكەن و بەو هۆیەوە تا ئێستا 34 كەسی مەدەنی شەهیدكراون و 250 گوند چۆڵ كراون بێجگە زیانە مادییەكان،  دوای ئەو هەموو قوربانییە هاووڵاتیانی بادینان و بەرپرسانی كارگێڕی داوای راگرتنی بۆردومانەكانی توركیاو راگرتنی لەشكركێشی بۆ سەرخاكی هەرێم دەكەنەوە.

سوپای توركیا بەبیانووی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەمانگی نیسانی ئەمساڵەوە لەشكركێشی ئەنجامداوەو بەقوڵایی 25 كیلۆمەترو بەپانتایی 20 كیلۆمەتری دیكە ناوچەكانی بادینانی داگیركردووەو دەیان بنكەی نوێی سەربازیی دروستكردووەو سەدان ئەرتەشی لەو ناوچانە بڵاوەپێكردووە.

بەپێی هەندێ سەرچاوە زیاتر لە 40 بارەگای میت لەهەرێمی كوردستاندا بوونی هەیەو زۆرینەیان لەپارێزگای دهۆك و هەولێردایە.

توركیا بەردەوامە لە لەشكركێشی و بۆردومانەكانی بۆ ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و نوێترین بۆردومانی بۆ ناوچەكانی شارباژێرو پێنجوێن بوو كە زەوی كشتوكاڵی جووتیارانی كردبووە ئامانج.

بەشێك لەهاووڵاتیانی بادینان دەڵێن بۆردومانەكانی توركیا ترس و دڵەڕاوكێی زۆری بۆ دروستكردوون، داوا دەكەن رابگیرێت.

ساڵح زاهیر، چالاكوان و خوێندكاری ماستەر لەقەزای ئاكرێ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «بۆردومانەكانی توركیا چەندین ساڵە بەردەوامە، بەڵام ئێستا لەڕادەبەدەرەو هەر شوێنێكیان بەمەترسی ببینن توركیا بێ دوودڵی ئەگەر لەناوجەرگەی پارێزگاش بێت بۆردومانی دەكات».

ساڵح زاهیر پێشیوابوو كە ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن و زیاتر بەرفراوانترو بەهێزتر دەبن لەناو هەرێمدا، چونكە هەولێرو بەغدا قسەیان نیە لەسەر بابەتەكە و تەنیا لەوشەی (دڵگرانین) زیاتریان پێناكرێت و  لێرەدا خەڵكی ئاسایی بەماڵ و موڵكیانەوە زەرەرمەندی یەكەمن.

«چارەسەر ئەوەیە پارتی و پەكەكە رێكبكەون و رێگەنەدەن توركیا زیاتر سود لەناكۆكی نێوانیان وەربگرێت، حكومەتی عێراق هەڵویست وەربگرێت و بەرپرسیاری سەروەری خاكی هەرێم وەك بەشێك لەعێراق لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەوڵبدات لە رێگای نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی و كۆنگرەی ئیسلامی فشار لەسەر توركیا بكات كە چیتر كوردستان بوردومان نەكات»، ساڵح زاهیر وای وت.

هەروەها سدقی موحەمەد شەریف، خاوەنی یەكێك لەشوێنە گەشتیاریەكانی سنوری قەزای ئامێدی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « بوونی پەكەكە لەسنورەكەمان  و هێرشەكانی توركیا بۆ سەریان بووەتە هۆی نەهێشتنی بژێوی ژیانمان، ژمارەیەك لەشوێنی نیشتەجێبوونم هەیە پێش ئەوەی دۆخەكە ئاڵوز بێت ژمارەیەكی زۆر لەخێزانەكان لەخواروو و ناوەڕاست عێراق تەنانەت لەژمارەیەك لەپارێزگاكانی تری كوردستان روویان لەقەزای ئامێدی دەكرد بەمەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش و لەكاتی پشودان و مانەوەیان لەم یەكە گەشتیارییانەی ئێمە نیشتەجێ دەبوون. «

سدقی وتیشی وردە وردە ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەكەو زیادبوونی ئەم هێرشانە بووەتە هۆی كەمبوونی هاتنی گەشتیارەكان و مانەوەیان لەسنوری ئامێدی، ئەوەش بەهۆی ترسیان لە بەركەوتن و پاراستنی سەلامەتیان كە ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر كارەكەیان كردووە، وتیشی:» زیاتر لە 15 دەفتەر دۆلارم لە پرۆژەكەدا خەرجكردووە وا بڕوات بەنرخێكی زۆر هەرزان  دەبێت بیفرۆشم، چونكە ئێستا لەجیاتی قازانج بكەم تووشی زیانێكی گەورە بووم».

كچێكی دانیشتووی ناحیەی چەمانكێ رەخنەی توند دەگرێت لەداگیركارییەكانی توركیا بۆ ناوچەكانی بادینان و دەشڵێت:» توركیا دەیان شوێنیان گرتووەو ئێستا بەموڵكی خۆیان دەزانن».

كاژین موحسین، دانیشتوی ناحیەی چەمانكێ سەر بەقەزای ئامێدی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « ئەوەندەی لەبیرمە توركیا بۆردومانی ناوچەكانی ئێمە دەكات، كەسیش نیە پێی بڵێت تاكەی ئەمە بەردەوام دەبێت، تەنها لەسنوری قەزای ئامێدی و ناحیەی كانێ ماسێ، توركیا بەدەیان كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكمان، ئەمەش داگیركارییە، ڕستە پەكەكە لەسنورەكەمان هەیە، بەڵام خۆ ناكرێت بەبیانوی بوونی پەكەكە خاكی ئێمەش داگیربكرێت».

«هەڵوێستی عێراق وڵاتانی ئەوروپا زۆر شەرمنانەیە بەرامبەر بۆردومانەكانی توركیا، بیست ساڵە هەر دەڵێن نابێت توركیا خاكی هەرێمی كوردستان بۆردومان بكات، دەبێت هوشدارییەكی توند بدرێتە توركیاو رێگا نەدەن چیتر یەك بست سوپای توركیا بێتە ناوخاكی هەرێم، بەڵام هەموو ئەمانە هەر قسە بووە» كاژین موحسین وا دەڵێت.

دانیشتوەیەكی شاری دهۆك پێیوابوو بەردەوامی بۆردومانەكانی توركیا كاریگەریی لەسەر هەموو سێكتەرەكانی ژیان كردووەو هاتنی گەشتیارەكان كەمیكردووە.

عەبدولناسر حەسەن، پارێزەرو دانیشتووی دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « ئەوەی توركیا دەیكات بەتەواوی داگیركارییە، هەروەها بنكە سەربازییەكانی لە بامەڕنێ و كانی ماسێ و ناحیەی زێلكان سەر بەقەزای شێخان، سەروەری دەوڵەتی عێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە».

ئەو پارێزەرە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بەداخەوە توركیا سنورێكی زۆری بەزاندووە بەتایبەت لەپارێزگای دهۆك، ئەوەش بەبیانوی بوونی پەكەكە، بەردەوامی بۆردومانەكانی توركیا كاریگەری لەسەر هەموو سێكتەرەكانی ژیان كردووە و جوڵەی بازرگانی و هاتنی گەشتیارەكان و زۆر بواری دیكە كەمیكردووە.

بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ داوا دەكات سنورێك بۆ توركیا دابنرێت و فشارێكی بەهێزی لێبكرێت تا چیتر ناوچەكانیان بۆردومان نەكرێت.

سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد كە تەنها 2020 و 2021 لەسنوری ناحیەكە سێ‌ كەسی سڤیل شەهیدكراون لەگەڵ برینداربوونی دوو كەس، بۆردومانی ناوچەكەش رانەگیراوە هەر ماوە ماوە توركیا سنوری ناحیەی كانێ‌ ماسێ‌ بۆردومان دەكات و ئەوەش كاریگەری نێگەتیڤی كردووەتەسەر كارو بژێویی هاووڵاتیانی سنورەكە، وتیشی:» هەر شاندێكی حكومی كە سەردانی ناحیەكەمان دەكات یان ئێمە بەشدار دەبین لەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان یەكەم داواكاریمان ئەوەیە كە سنورێك بۆ توركیا دابنرێت و فشارێكی بەهێزی لێبكرێت تا چیتر ناوچەكانمان بۆردومان نەكات، بەڵام بێسوود بووە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار