سوپای ئیسرائیل پلانی لێدانی پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران دادەڕێژێت

بۆ لێدان لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، ئیسرائیل سوپاو هێزەكانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



نامۆ سەربەست

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند پلانێكی نوێیان هەیە بۆ مەشقكردن لەسەر فڕۆكەی جەنگیی نوێكراوە، تا لەپێگە ئەتۆمییەكانی ئێران بدەن و پێش ئەگەری دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی بكەون.

لەكاتێكدا بینی گانتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشە لەئێران دەكات و بەڵێنی بۆردومانكردنی پێگە ئەتۆمییەكانی دەدات، لەچەند لێدوانیكیدا بۆ میدیا ئیسرائیلییەكانی وەك رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرەنوت و تۆڕی یەنێت و چەندینی تر، گانتس رایگەیاند:»ئێران تەنیا پێویستی بە 10 هەفتە هەیە بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی و ئیسرائیل ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی»

لەمیانی سەردانەكەشیدا بۆ ئەمریكا، نافتالی بینیت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند:»تەلئەبیب مافی جوڵەی هەیە دژی ئێران، ئەگەر هەست بەهەڕەشە بكات لەلایەنێكەوە».

زانیاریی هەوڵگری

هەڕەشەكانی گانتس و بینیت و سوپای ئیسرائیل هاوكاتی یەكتربوون و هەموویان جەختیان لەئەگەری گورز وەشاندن لەئێران كردەوە، بەوەش هەموو دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیل خراوەتە ئامادەباشییەوە بۆ هەموو پێشهاتێكی كتوپڕ.

 ئەفیف كوخافی سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل، گروپێكی پێكهێنا بەسەرۆكایەتی سەرۆكی یەكەی ستراتیجیی سوپا، بۆ داڕشتنی پلانێك كە بەدیهێنانی ئامانج لەهەر هێرشێكی ئیسرائیلی بۆ سەر پێگە ئەتۆمییە ئێرانییەكان مسۆگەر دەكات.

لەلێدوانێكیشیدا بۆ راگەیاندنە ئیسرائیلییەكان، باسی لەئەوە كرد، كە ئێران خاوەخاو دەكات لەدەستپێكردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەكاندا تاكاتی هەبێت بۆمبی ئەتۆمی دروستبكات، بەوتەی كوخافی ئەو پارانەی بۆ بودجەی سەربازیی ئیسرائیل زیادكراوە، پارەیەكە پێش هەمووشتێك تایبەتكراوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.

سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند:»بەرەوپێشچوون لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێراندا پاڵی بەسوپای ئیسرائیلەوە نا پلانە ئۆپراسیۆنییەكانی خێراتربكات و بودجەیەكی بۆ تەرخان بكات».

هاوكات جەختیشیكردەوە لەوەی سوپاكەی بەشێوەیەكی مەنهەجی و بەهەموو رێگایەك، كار دەكات بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئیسرائیل هێزی ئاسمانیی كەرەستەی جەنگی و فڕۆكەی نوێكراوەی ئامادەكردووە و مەشق لەسەر سیمولەیشنی هێرشی دوور مەوداو توانای نیشتنەوەو چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی كەرەستە جەنگییە پێشكەوتووەكانی ئێران دەكات بەتایبەتی دژە فڕۆكەكانی، دەزگای هەواڵگرییەكەی كەوتووەتە كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران.

بەرپرسەكانی دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل مەترسی خۆیان نیشاندا لەوەی ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 60٪ بەرزكردووەتەوە و دروستكردنی چەكی ئەتۆمیش پێویستی بە پیتاندنی 90٪ هەیە، بەرپرسێكی ئەمنیی ئیسرائیلی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بەڕۆژنامەی ئیندیپێندێنتی راگەیاند:»ئێران لەپێشكەوتووترین خاڵی بەرنامە ئەتۆمییەكەیدایە لەڕووی پیتاندنەوە، لەساڵی 2018ەوە كە سەرۆك ترەمپ لەڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە كشایەوە، ریتمی پیتاندن زۆر خێراو دودڵكەر بووە».

پلانی B بۆ وەستاندنی ئێران

رێكەوت نییە كە لەگەرمەی سەرقاڵیی ئیسرائیل بەكێشەی غەززەو كۆرۆنادا، بینی گانتس 60 باڵیۆزی بیانیی لەوڵاتەكەی كۆبكاتەوەو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بۆیان، هەڕەشە لەئێران بكات. لەو كۆبوونەوەیەدا كەڕۆژی پێنجشەممە 27ی ئاب بەڕێوەچوو، گانتس راستەوخۆ نەیوت ئیسرائیل لە ئێران دەدات، بەڵكو وتی:»بەدوری نازانم تەل ئەبیب گورزێكی ئاوها بوەشێنێت».

هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە كە ئێران ماوەیەكی كورتی ماوە بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی و نازانن ئایا رژێمی ئێران ئامادەیە بگاتە رێككەوتن یان نا؟.

لایەنە ئیسرائیلییەكان ئەو كۆبوونەوەیە وەك ئامادەكارییەك دەبینن بۆ لێدانی پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران و كۆكردنەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەدەوری هەڵوێستی ئیسرائیل.

گانتس داوای لەجیهان كرد پلانی B جێبەجێبكەن و لەئێستاوە بەرەوپێشچوونی ئێران رابگرن، چونكە بەوتەی ئەو ئامانجەكە گەیشتنە بەڕێككەوتنێكی درێژخایەنترو بەهێزترو فراوانتر و هۆشداریشیدا كە» گەیشتنی ئێران بە دەرگای ئەتۆمی، دەمانخاتە بەر دەرگای پێشبڕكێیەكی خۆچەكداركردنی ئەتۆمی هەرێمی و لەوانەیە جیهانیش، هەموو دوژمنكارێتیی ئێران تائێستا بەبێ ئەو توانایە بووە، ئەگەر بتوانێت بگاتە ئەتۆمی، ئەوا دوژمنكارییەكەی زیاتر دەكات».

دوای چەندین هەڕەشەی تر دژی حزبوڵا و حەماس و ئێران، نووسینگەی گانتس بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو هەڵوێستە نوێیەكانی تێدا ئاشكراكردو نووسی:»هەڵسەنگاندنەكانمان دەریخستووە كە ئەو درۆنەی پاپۆڕی میرسەر ستریتی بەریتانی كردە ئامانج، لەئێرانەوە هەستاوەو ئەگەری زۆرە بەڕەزامەندیی عەلی خامنەئی رێبەری باڵا بووبێت، ئەوەش سەلماندنێكی ترە كە ئێران هەڕەشەیە بۆ جیهان و ناوچەكە.

لەبەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە كە «ئێران نیەتی لەناوبردنی ئیسرائیلی هەیە و كاردەكات بۆ ئەوەی ئەو كەرەستانەی هەبێت كە ئەو نیەتە جێبەجێبكات، هەروەها لەڕێی باڵەكانیەوە لە عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان و غەززە و درۆن و موشەكی زیرەكەوە كاردەكات و دژی پاپۆڕە بازرگانییەكان لەدەریادا كاردەكات و تەنانەت هێرشی ئەلكترۆنیش لەهەموو جیهاندا دەكات».

پلانی هاوبەش بۆ لاوازكردنی ئێران

لەگەڵ جوڵە ناوخۆییەكانی هێزە ئەمنی و سەربازیی و هەوڵگرییەكانی ئیسرائیلدا، نافتالی بینیت سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە، سەردانی ئەمریكای كردو لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا كۆبووەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی كرداری و پشتیوانیی دەرەكیی زیاتر.

بەر لەگەشتەكەی، نووسینگەی بینیت لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند:»لەگەڵ هاوپەیمانێتیی ستراتیجیی نێوان دوو وڵاتەكەدا، ئیسرائیل بەردەوامدەبێت لە پاراستنی مافەكەی لەسەرداریی سەربازیدا».

دوای گەیشتنی بەئەمریكا، بینیت لەگەڵ لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا كۆبووەوە و تاوتوێی دۆخی سوپای ئیسرائیلیان كردو داوای هاوكاری گەرورەی كرد لەبواری كڕینی سەربازییدا. دوای كۆبوونەوەكەش دیوانی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد سەرۆكی حكومەت بەڵێنی پێدراوە ملیارێك دۆلار وەك هاوكاریی بۆ كڕینی موشەك و پاتری لوتكەی ئاسنین وەربگرێت.

دوای دیدارەكەشی لەگەڵ جۆو بایدن لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا بایدن پابەندبوونی وڵاتەكەی دوپاتكردەوە بەئەوەی كە «ئێران هەرگیز نەتوانێت ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئەگەر دیپلۆماسیەت شكست بهێنێت، ئەوا ئامادەین بژاردەی تر بەكاربهێنین».

لەگەڵ گەڕانەوەشیدا بۆ ئیسرائیل، نافتالی بینیت لەلێدوانێكدا بۆ راگەیەندنەكانی وڵاتەكەی وتی هەموو ئامانجەكانی لەسەردانەكەی ئەمریكا بەدەستهێناوە،»ریككەوتین لەسەر كاری ستراتیجی هاوبەش، بۆ سەركوتكردنی پێشبڕكێ ئەتۆمییەكەی ئێران».

وەڵامی ئێران

لەوەڵامی لێدوانەكەی جۆو بایدندا، عەلی خامنەئی رێبەری باڵای ئێران لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ كابینەی حكومەتی نوێ بەسەرۆكایەتی ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند:»ئیدارەی ئێستای ئەمریكا هیچ لەئەوەی پێشووتر جیاواز نییە، چونكە هەمان شتەكانی ترەمپ دەڵێنەوە، بەڵام بە شێوازێكی تر.»

هەروەها خامنەیی راشیگەیاند:»ئەمریكا لەبواری دیپلۆماسیدا گورگێكی دڕندەیە، هەندێك جار دەگۆڕێت بۆ ڕێوییەكی فێڵباز».

دوای لێدوانەكەی نافتالی بینیت و لەوەڵامی ئەوو هەڕەشەكانی گانتسدا، عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران لەتویتێكدا نووسی:» ئەو قسانە هەڕەشەیەكی نایاسایین، ئێران مافی خۆیەتی لەبژاردە بەردەستەكاندا وەڵامی گونجاو هەڵبژێرێت.»

دواتریش زەهراو ئیرشادی باڵیۆزی ئێران لەنەتەوە یەكگرتووەكان، لەنامەیەكدا بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بەئەو هەڕەشانەی ئیسرائیل نووسی:» بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە بەردەوام و روو لەزیاتربوونەكانی كیانی ئیسرائیلی لەبواری تیرۆری ئەتۆمیدا ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەتوندترین زمان ئیدانەی ئەم جۆرە كارە تیرۆریستییە تاوانبارییانە بكات».

هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لەئیرادە پتەوەكەی دەكاتەوە بۆ بەدەستهێنانی مافە شەرعییەكانی لەبەكارهێنانی وزەی ئەتۆمیدا بۆ مەبەستی ئاشتییانە، هۆشداریدەدات لەهەر هەڵەیەك لەحساباتدا یان هەنگاوێكی سەركێشانە كە كیانی ئیسرائیلی بیهاوێت.

«ئێران مافەكانی خۆی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەپارێزێت بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێكی پێویست بۆ پاراستن و بەرگریكردن لەهاووڵاتیانی و بەرژەوەندی و دامەزراوەو سەروەرییەكەی، لەبەرامبەر هەر كارێكی تیرۆریستی و تێكدەرانەدا»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار