چوار لە زیندانیانی بادینان "مانگرتن تا مردن" يان ڕاگەیاند

4 ساڵ لەمەوپێش



  هاوڵاتى

دانیشتنی دووەمی دادگای هەولێر بۆ دادگاییکردنی چوار چالاکوانی بادینان، دواخرا و چالاکوانانیش وەک ناڕەزایی لەبەرامبەر ئەو دواخستنە، بڕیاری "مانگرتن تا مردن" یان دا.

 ئەمڕۆ دانیشتنی دووەمی دادگای هەولێر بۆ کەیسی هەر یەک لە چالاکوانان ‘مەسعود عەلی حاجی، بەندەوار ئەیوب ڕەشید، کارگەر عەباس عەلی، شێروان تەها ئەمین ‘، بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە دواخرا.

بەشدار حەسەن، پارێزەرى کەیسی دەستگیرکراوانى بادینان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند:" دانیشتنەکە بەهۆى گۆڕانکاریى لە سەرۆکى دادگا و دوو ئەندامى دیکەى دادگا، کە دۆسیەکەیان نەخوێندبووەوە و بەمەبەستى وردبینیى لە دۆسیەکە، دانیشتنەکە بۆ کاتێکى نادیار دواخرا.

ئەو پارێزەرە ئاماژەى بەوەشکرد، وەک دەستگیرکراوان خۆیان دەڵێن، دۆخیان خراپە و ڕێگەیان پێنادرێت لە گەڵ کەسوکارییان قسەبکەن و مامەڵەى کارمەندانى ئاسایش لەگەڵیان لە ئاستێکى خراپدایە، ئەوەش پێچەوانەى سەرجەم یاساکانى مافى مرۆڤە.

 بەشدار حەسەن ڕاشیگەیاند:" دەستگیرکراوان زۆر ناڕەحەت و بێزارن و لەبەردەم دادوەر و سەرۆکى دادگا بڕیارى مانگرتنیان دا و وتیان، کە مانگرتنەکە ناشکێنن".

لەبارەى ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەسگتیکروان کراوە، بەشدار حەسەن، وتی: ئەو دەستگیرکراوانە بەوە تاوانبار دەکرێن، کە گوایە ویستویانە گروپ و ڕێکخراو دروست بکەن، بەمەبەستى تێکدانى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، بەڵام ئەوە ڕاست نیە، چونکە ئەوانە خەڵکێکى ئازادیخوازن.

وتیشى:" یەکێک لەوتاوانانەى کە ئەو دەستگیرکراوانەى پێ تۆمەتبارکراوە ئەوەیە، کە لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆبوونەتەوە و پڕۆژەیان پێداون، لەکاتێکدا پڕۆژەکەیان بریتی بووە لە تێکەڵکردنەوەى ژنانى ئێزدى بە کۆمەڵگە و ئەوەش هیچ تاوانێکى نیشتیمانىی تێدا نییە.

لە کۆتاییشدا ئەوەى خستەڕوو، پێشتر قسەم لەگەڵ دایکى شێروان تەها کرد، کە پێى ڕاگەیاندبووم، ئەمڕۆ لە دانیشتنى دادگا ئامادە دەبێت، چونکە ئومێدى هەبوو کوڕەکەى ئازاد بکرێت، بەڵام دوێنێ کۆچى دوایی کرد و تا ئێستاش شیروان ئەو هەواڵەى نەزانیوە.

هاوكات، کامەران عوسمان ئەندامی تیمی هەرێمی کوردستانی ڕێکخراوی  سی پی تی’تیمی ئاشتییپارێزی کوردستان’، لە کۆنگرەکەدا لەبەردەم دادگای هەولێر وتی: لە کۆتایی دانیشتنەکەی دادگادا هەر چوار دەستگیرکراوەکە بە دەنگی بەرز وتیان، بە دەرەوەی ڕابگەیەنن، کە ئەوان مانگرتنی تا مردنیان لە زیندان ڕادەگەیەنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار