كازمی وەڵامی راكان جبوری دایەوە و کۆبوونەوەی "نائاسایی" ئەنجامدا

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، کۆبوونەوەیەکی "نائاسایی" ئەنجامدا و تاوتوێی پێشتهاتە ئەمنییه‌كانی پارێزگای کەرکوک کراوە لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رێگرتن لە رووداوی هاوشێوەی هێرشەکەی سەر هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکە.

ئەمڕۆ دووشەممە 6ی ئەیلولی 2021 بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەچوو، کە تێیدا گفتوگۆکرا لەبارەی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان و دانانی میکانیزمێکی کاریگەر بۆ رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی پێشێلکارییە ئەمنییەکان لە پارێزگای کەرکووک.

بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا کازمی رایگەیاندووە، "تواناکانی دوژمن لاوازە بەڵام خراپ ئیدارەدان و هەندێک جار کەمتەرخەمی لە کارەکانی فەرماندە سەربازییەکان دەبێتە هۆی ئەو جۆرە هێرشانە" و جەختی لە گرنگی گرتنەبەری رێکاری نوێ بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە كرده‌وه‌."

شەوی رابردوو لە شارۆچکەی رەشادی سەر بە قەزای حەویجە لە سنووری پارێزگاری کەرکووک، چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و بەهۆیەوە 13 کەس لە ئەندامانی پۆلیسی فیدراڵی کوژران.

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا مستەفا کازمی رایگەیاندووە، دووژمن لاوازە، بەڵام خراپبەڕێوەبردن و هەندێک کات کەمتەرخەمی دەبێتە هۆی ئەو جۆرە پێشلکارییە ئەمنیانە، بۆیە پێویستە میکانیزمێکی نوێ دابنرێت بە مەبەستی دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستیی کاراکردنی رۆڵی دەزگا ئەمنییەکان و دانانی میکانیزمێکی کاریگەر لە نێوان سەرجەم دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ رێگریکردن لە هێرشی لەو جۆرە کردەوە، هاوکات بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو هێرشە پێکبهندرێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، "پارێزگای کەرکووک فرەڕەنگە و هەوڵی نانەوەی ئاژاوەی تێدا دەدرێت، ئەوە لە کاتێکدایە هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز نزیکە".

دوێنێ‌  یەکشەممە 05ی ئەیلولی2021، راکان سەعید جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دۆخی ئەمنیی کەرکووک لاوازە، رۆژانە هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی هێرشی چەکداری دەبنەوە، بۆشاییەکی ئەمنیی زۆر هەیە کە لەلایەن تیرۆریستانەوە سوودی لێدەبیندرێت و لێیانەوە هێرش دەکرێتە سەر هێزە ئەمنییەکانمان."

بە وتەی راکان سەعید، ئەوان پێشتر هۆشداریان دابوو و وتی: "بەدیاریکراوی لە مانگی تەممووزدا نووسراوی فەرمیمان بۆ سەرۆکوەزیران نارد و تێیدا سەرجەم خاڵە لاوازەکانمان دەستنیشانکردن و هەموو چارەسەرێکیشمان پێشنیاز کرد؛ لە راستیدا سەرۆکوەزیران ئەو نووسراوەی ئێمەی بەسەر سەرجەم فەرماندە ئەمنییەکان دابەشکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکمان بەدی نەکردووە."

پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک راشیگەیاند، "هێزە ئەمنییەکانمان بە بەردەوام لە رۆژئاوای شارەکە لە چیای قەرەچووخ، هەروەها لە وادی نەفت، وادی ئەبو خەناجر و زخێتون و باشووری داقووق رووبەڕووی هێرشی چەکداری دەبنەوە، هەربۆیە داوا دەکەین سەرۆکوەزیران خۆی دەستوەردان بکات، داوای بەستنی دانیشتنێکی خێرا و بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەکەین. خوێنی رۆڵەکانمان پێویستی بە هەڵوەستەیەکی جیددی لەلایەن فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە هەیە."

راکان سەعید ئاماژە بەوە دەدات کە "رفاندن، سەرانەوەرگرتن و هێرشکردنە سەر گوندەکان لەلایەن تیرۆریستانەوە بەردەوامە، لەم دواییانەدا تیرۆریستان هێرشیان کردە سەر گوندی دۆگشمان و تەنانەت مەڕ و ماڵەتەکانیشیان کردنە ئامانج."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار