سوپای پاسداران هۆشداریی توند دەداتە خەڵکی هەرێمی کوردستان

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران هۆشداریی تووند دەداتە خەڵکی هەرێمی کوردستان کە لە بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دووربکەونەوە و دەڵێت" وەڵامی تیرۆرستەکان دەدەینەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی ئەیلولی 2021 محەممەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە کاتی سەردانکردنی بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران-عێراق بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، لەبارەی دۆخی ناوچەکە و ئەگەری وەڵامی یەکلاکەرەوە و تووندی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ "گرووپە تیرۆرستەکانی دووژمنی شۆڕش" کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون".
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران داوا لە خەڵکی ئەو ناوچانە دەكات کە لە بارەگاکانی ئەو حزبانە دووربکەونەوە بۆ ئەوەی تووشی زیان نەبن.
فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چالاکیی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە، بەڵام هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە، بۆیە دانبەخۆداگرتنی ئەوان تەواو بووە.
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا محەممەد پاکپور وتی، کۆماری ئیسلامی وەڵامێکی تووند بەو چالاکییانە دەداتەوە و داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، لە بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە دوور بکەونەوە تاوەکو زیانیان پێنەگات.
مانگی رابردووش، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوایکرد، حکومەتی عێراق حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەربکات و هۆشداریدا کە ئەگەر ئەو کارە نەکرێت، تاران هێرشدەکاتە سەریان.
سوپای پاسدارانی ئێران لە 08/09/2018 بە مووشەک هێرشیکردەسەر کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە نزیک کۆیە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 17 کەس کە ژمارەیەکیان ئەندامی رێبەریی ئەو حیزبە بوون.
