کۆمیسیۆن: کۆمپانیایەکی ئیسپانی سەرپەرشتی ئامێرەکان دەکات لە هاککردن و ساختەکاری

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: " کۆمپانیایەکی ئیسپانی سەرپەرشتیی پاراستنی ئامێرەکان دەکات لە هەر هەوڵێکی هاککردن و ساختەکاری دڵنیاییش دەداتە دەنگدەران کە دەنگەکانیان ناگۆڕێن و وەکو خۆی ئەژمار دەکرێن".

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاشکرای دەکات، کۆمپانیایەکی ئیسپانی سەرپەرشتیی پاراستنی ئامێرەکان دەکات لە هەر هەوڵێکی هاککردن و ساختەکاری. دڵنیاییش دەداتە دەنگدەران کە دەنگەکانیان ناگۆڕێن و وەکو خۆی ئەژمار دەکرێن، "هەروەها بە هیچ شێوەیەک کەس ناتوانێت لە جیاتی کەس دەنگ بدات".

سیستەمی ئەلیکترۆنی دووەم جارە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکاربێت، سیستەمەکە بریتییە لە سندوقێکی ئەلیکترۆنیی پەیوەستکراو بە ئامێرێکی تایبەت، کاتێک دەنگدەر کاخەزی دەنگدانەکەی دەخاتە نێو ئامێرەکە و راستەوخۆ دەنگەکە ئەژمار دەکات.

لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2018 هەندێک لایەن گلەیی ئەوەیان دەکرد دەنگەکانیان دزراون یان یاری بە ئەنجامەکان کراوە، بەو هۆیەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک دادوەر پێکهێندرا، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نەخرایەڕوو کە ساختەکاری کراوە و کەسیش سزا نەدرا.

ئەمجارە گەرەنتی دەدرێتە لایەنەکان کە ئامێری دەنگدان ئەنجامەکان راستەوخۆ دەنێرێتە ناوەندی نیشتمانیی کۆمیسیۆن لە بەغدا و دەرفەتی ساختەکاریی تێدا نییە.

بەرپرسێكی پێشووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دووپاتی دەکاتەوە، رێکارەکانی ئەمجارەی کۆمیسیۆن تووندن و ساختەکاری کەم دەکاتەوە، ئەمەش متمانە لای دەنگدەر زیاد دەکات و رێژەی دەنگدانیش بەرز دەکاتەوە.

بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی عێراق، تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن زیاتر لە 24 ملیۆن کارتی دەنگدانی دروستکردوون بە کۆن و نوێیەکانەوە، 19 ملیۆن دەنگدەر کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە و پێنج ملیۆن دەنگدەریش هێشتا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار