بافڵ تاڵەبانی: دەبێت هاریکارییەکان بەردەوامبن لە رێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی یەکە سەربازییەکان

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:" دەبێت هاریکاری زیاتر هەبێت لەنێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوپەیمانان بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی دروست نەبێت هاریکارییەکان بەردەوامبن لە رێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی یەکە سەربازییەکان".

ئەمرۆ دووشەممە، 6ی ئەیلوولی 2021. بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی لە دەباشان لەگەڵ، جەنەراڵ فابرۆ، لێپرسراوی ھێزە تایبەتەکانی ئیتاڵیا لە عێراق و سووریا کۆبووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی، لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتی گشتی و هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان، بارودۆخی ئه‌منی ‌ناوچه‌كه‌ و جه‌نگی دژ به‌ تیرۆر له ‌عێراق و سووریا و هه‌وڵه‌كان بۆ كۆتاییهێنان بە پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش تاوتوێكراون.

هاوکات، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەتایبەت ھێزەکانی ئیتاڵیا کە ھاوکار و پشتیوانی بەردەوامبوون لەجەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مەشقپێکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە داوایکردووە، "هەماهەنگی و هاریکارییەکان بەردەوامبن لە رێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی یەکە سەربازییەکان".

لە ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەیدا ئەوەش هاتووە، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی، "هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان زۆر گرنگە و دەبێت هەموومان هاوکاربین لەپێناو پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان و سەقامگیری و ئارامیی ناوچەکە".

هاوکات، ئاماژەی بەوەکردووە، "دەبێت هاریکاری زیاتر هەبێت لەنێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوپەیمانان بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی دروست نەبێت و هەموومان پێکەوە ئاسایشی ناوچەکە بپارێزین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار