حكومەتی هەرێم پارەی دوو مووچەیی وەردەگرێتەوە
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایی بۆ هاوڵاتى : نازانرێت رێژەیەك لەمووچەكانیان دەبڕدرێت یا لەمووچەكانیان مانگانە لێیان وەردەگیرێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:» بڕی ئەو مووچانەی وەرگیراوە لەلایەن ئەو مووچەخۆرانەوە كە زیاتر لە مووچەیەكیان وەرگرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە و تەنیا ئەو مووچەیە وەردەگرێت كە خۆیان هەڵیانبژاردووە».
دووشەممە 6ی ئەیلولی 2021 وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنووسراوێكدا كە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە، بڵاویكردووەتەوە و رایگەیاندووە:» بڕی ئەو مووچانەی وەرگیراوە لەلایەن ئەو مووچەخۆرانەوە كە زیاتر لە مووچەیەكیان وەرگرتووە پێش 1-7-2020 لێیان وەرناگیرێتەوە».
هەروەها تێیدا هاتووە كە» بەڵام ئەوانەی لەدوای 1-7-2020 زیاتر لە مووچەیەكیان وەرگرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە و تەنیا ئەو مووچەیە وەردەگرێت كە خۆیان هەڵیانبژاردووە، هەر بڕە پارەیەكیش لەپێش ئەو بەروارە لێیان وەرگیرابێ بۆیان دەگەڕێندرێتەوە».
حكومەتی هەرێم ساڵی رابردوو لەپەرلەمانی كوردستان یاسای چاكسازی پەسەند كردو تێیدا بڕیاردرا كابینەی نۆیەم دەست بەجێبەجێكردنی ماددەو بڕگەكانی بكات، كە تێیدا باسی ئەوانە كراوە كە بە نایاسایی دوو مووچەو سێ مووچەیی وەردەگرن لێیان ببڕدرێت تا دادپەروەری لە دابەشكردنی مووچەدا بێتە دی.
بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم كە نەیویست ناوی بنووسرێت بۆ هاوڵاتى ئەوەی ئاشكرا كرد، لەئێستادا بەهۆی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە تەنیا بڕیارەكە دەرچووە كە مووچەكانیان لێوەردەگیرێتەوە، بەڵام تائێستا دیارینەكراوە بە چ میكانیزمێك لێیان وەردەگیرێتەوە.
هەروەها وتیشی:» نازانرێت رێژەیەك لە مووچەكانیان دەبڕدرێت یاخود لە مووچەكانیان مانگانە لێیان وەردەگیرێتەوە».
سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» بڕیارەكە دەرچووە لێیان وەردەگیرێتەوە، لەوانەیە لەو مووچەیە بێت كە هەیانە».
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان، بە هاوڵاتى وت:» بەپێی یاساكە كە ماوەیەكی دوورودرێژە سیستمی بایۆمەتری كراوە، بەوردی لە تەحقیقدا بووە و وردبینی تەواوی تێداكراوە نەكا هەڵەیەك بكرێت، كەسێك بەهەڵە و بەناهەق مووچەكەی ببڕدرێت و وانەبێت، بۆیە لە ئەنجامدا بڕیاردراوە ئەوانە راستەقینەن و مووچەكانیان ببڕدرێت».
هەروەها سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو بەپێی ئەوەی لەنووسراوەكەدا باسكراوە و مووچەكانیان لەمانگی حەوتەوە لێوەردەگیرێتەوەو ئەوەشی پێشتر تێپەڕیوەو و رۆیشتووە لەپێش بەرواری 1ی 7ی 2020 وە لێان وەرناگیرێتەوە.
لە یاسای چاكسازیدا باسی شێوازی وەرگرتنەوەكەی نەكراوە، چونكە خۆی لە بنەڕەتدا ئەوەی كراوە پێچەوانەی یاسایە كە ئەوانە زیاتر لە مووچەیەكیان وەرگرتووە.
زیاد جەبار ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بەدڵنیاییەوە كە بڕیارەكە دەرچووە لێیان وەردەگیرێتەوە، وتیشی:»لەوانەیە لەو مووچەیەی بێت كە هەیانە».
هاوكات، شێركۆ جەودەت، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئەو بڕیارە بۆ ئەوانەیە كە سەرە مووچەن و لەمووچەیەك زیاتریان هەیە لەسیستمی بایۆمەتریدا دەركەوتووە، بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت كە مووچەكانیان لێوەربگیرێتەوە».
« لەم مانگەوە مووچەكانیان تەواو رادەگیرێت، وەزارەتی دارایی داواشیان لێدەكات ئەو مووچانەی وەریانگرتووە بەزیادە لێیان وەربگیرێتەوە»، شێركۆ جەودەت وای وت.
شێركۆ جەودەت ئەوەشی روونكردەوە كە لە یاسای چاكسازیدا باسی شێوازی وەرگرتنەوەكەی نەكراوە، چونكە خۆی لە بنەڕەتدا ئەوەی كراوە پێچەوانەی یاسایە كە ئەوانە زیاتر لە مووچەیەكیان وەرگرتووە.