ماكرۆن؛ بەڵێنەكانی بۆ هەڵەبجە دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
قایمقامی پارێزگای هەڵەبجە جەخت لەوە دەكاتەوە كە لەڕێگەی دوو رێكخراوی فەرەنسییەوە هاوكاری دەگەیەنرێتە پارێزگاكەیان بۆ نەخۆشخانەی كیمیاوی و ئاوەدانكردنەوەی گوندی هاوار (كاكەییەكان).
دوای تەواوبوونی سەردانەكەی بۆ بەغدا، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لەكاتی سەردانی بۆ هەرێمی كوردستانی لە بەرواری 29ی ئابی 2021، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا تێیدا باسی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان فەرەنسا و هەرێمی كوردستانی كرد لە رووی مرۆییەوە.
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند:» ئێوە دەزانن كە دۆستایەتیەكی تایبەت لەنێوان فەرەنساو كوردستان هەیە؛ گەلی كوردو گەلی فەرەنسا پەیوەندییەكی تایبەت لەنێوانیاندا هەیە كە لەبڕیاری نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دەستپێدەكات بەتایبەت بڕیاری ژمارە 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە وەكو بنچینەیەكە بۆ هەرێمی كوردستانی ئۆتۆنۆمی....بەڕاستی مێژوویەكی دۆستانەی گەرموگوڕمان هەبووە كە لەلایەن رۆشنبیرەكانمانەوە بەردەوام بوو».
هەروەها راشیگەیاند:»لەهاوكاریكردن لەبارەی بڕینی مێژووییتان بەردەوام دەبین و هەربۆیە لەچەند هەفتەی داهاتوودا فەرەنسا هاوكاریی نەخۆشخانەی هەڵەبجە دەكات كە قوربانیانی هێرشی كیمیایی چارەسەر دەكات».
هاوكات ماكرۆن راشیگەیاند:» ئێمە ژمارەیەك پرۆژەی كۆنكرێتی لەم بوارەدا جێبەجێ دەكەین، بەسەرۆك وەزیرانی عێراقم وت، هاوكارییەكانمان بەیەكەوە لەهەموو بوارەكاندا زیاددەكەین، بۆ گەشەپێدانی ئەم هەرێمە لەخزمەت و بەرژەوەندی گەلی كورددا».
نوخشە ناسیح، قایمقامی پارێزگای هەڵەبجە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئولیڤیێ دێكوتینی كونسوڵی فەرەنسا لەهەولێر لەگەڵ نوێنەری حكومەتی فەرەنسا لە 16ی ئازاری ئەمساڵدا، تەبعەن كونسوڵی فەرەنسا زۆر ئارەزووی ئەوە دەكات ئیش بۆ هەڵەبجە بكەن، بەتایبەت چەند جارێك هاتووە بۆ نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتووانی كیمیاوی كە چیان پێویستە تا دابینی بكەن».
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە كونسوڵی فەرەنسا وەك كونسوڵی وڵاتانی دیكە نەبووەو بەجددی هاتۆتە پێشەوەو بەڵێنی پێداین كە هەوڵدەدات» ئێمە بەردەوام داوا دەكەین لەوڵاتان كە نوێنەرایەتیان هەیە لەهەرێمدا سەردانی پارێزگاكە دەكەن، بەڵام كەسیان وەك كونسوڵی فەرەنسا بە عەمەلی نەهاتۆتە پێشەوە».
قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە وتیشی:» كونسوڵی فەرەنسا پێیوتین حەز دەكەن هاوكاری كەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەكان بكەن وەك كاكەییەكان و پێكەوەچوون بۆ گوندی هاوار، كە پرۆژەی ئاویان بۆ جێبەجێ دەكەن».
هەروەها نوخشە ناسیح باسی لەوەشكرد كە لە 16ی ئازاری ئەمساڵدا و لەیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا نوێنەری بەشی قەیرانەكانی حكومەتی فەرەنسا هاتە هەڵەبجە، وتیشی:» حكومەتی فەرەنسا فەند دەدات بەچەند رێكخراوێك، رێكخراوێكی فەرەنسی هاتووە كە پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری گوندی هاوار دەكەن دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چەند پێداویستییەك بۆ نەخۆشخانەی چارەسەری كیمیاوی دەكڕن».
هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە رێكخراوێكی دیكەی فەرەنسی بۆ ماوەی نۆ مانگ خولی راهێنان دەكاتەوە بۆ نەخۆشخانەی چارەسەری كیمیاوی هەڵەبجەو نەخۆشەكان كە لەڕووی دەروونییەوە چۆن مامەڵە بكەن و لەگەڵیاندا بكرێت و بڕیارە ئەو كارانە بكەن.
قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە فەرەنسا یەكێكە لەو وڵاتانەی دەیانەوێت بەردەوام بن لەهاوكارییەكانیان بۆ پارێزگای هەڵەبجە