هیچ سزایەك بۆ نەبەستنی پێوەری ئاو بوونی نییە

بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم جەخت لەوەدەكاتەوە نەبەستنی پێوەری ئاو هیچ سزایەكی نیەو دەشڵێت:»ئەو پارەیەی كە ئێستا لەهاووڵاتیان وەردەگیرێت تەنیا كرێی ئاوە نەك نەبەستنی پێوەری ئاو».

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»تائێستا نەبەستی پێوەری ئاو هیچ سزایەكی نیەو نە سزاكە بەپارە بۆ هیچ هاووڵاتیەك هاتووەتەوە نە لێشی وەرگیراوە».

هەروەها وتیشی:» لەئێستادا ئەوەی وەردەگیرێت تەنیا كرێی ئاوە، جا بەپێوەر بێت بۆ ئەوانەی كە پێوەری ئاویان بەستووە یان بەبێ پێوەر بۆ ئەوانەی تائێستا پێوەرەكەیان نەبەستووە».

هاوكات، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم باسی لەوەشكرد «ئەو هاوبەشانەی كە پێوەری ئاویان نەبەستووە، مانگانە 80 هەزاریان لێوەردەگیرێت، بەڵام ئەوانەی پێوەری ئاویان بەستووە، مانگانە 45 هەزاری بۆ دەنووسرێت لەدوای ئەوەوە بە پێوەرەكە هەژمار دەكرێت».

بەستنی پێوەری ئاو لەساڵی 2015وە لەهەرێمی كوردستان لەڕێگەی پڕۆژەیەكەوە دەستی پێكرد، تائێستا نزیكەی لەسەدا 64ی بەشداربووی ئاو لەهەرێمدا پێوەری ئاوی بەستووە، لەو ژمارەیەی كە زیاتر لە 982 هەزار هاوبەشی ئاو هەیە.

هەندێك لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان نووسراوێكی فەرمییان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان سەبارەت بەسزادانی نەبەستنی پێوەری ئاوو رایدەگەیەنن ئەو سزادانە نایاساییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بەنووسراوی فەرمی داوامانكرد سەرۆكایەتی پەرلەمان حكومەت لە نایاساییبوونی سزای نەبەستنی (پێوەری ئاو)ی هاووڵاتیان ئاگاداربكاتەوەو سزاكە هەڵوەشێنێتەوەو لە بری ئەوە كار بەیاسا نوێیەكە بكەن».

 عومەر گوڵپی هێمای بۆ ئەوەشكرد حكومەت دەبێت لەمامەڵەكردن لەگەڵ بابەتی پێوەری ئاو بەرنامەو سیاسەتێكی نوێ بگرێتە بەر كەگونجاو بێت لەگەڵ دۆخی ژیانی هاووڵاتیانو كێشەو داواكانیانو خراپی دۆخی ئاوی خواردنەوە لەژمارەیەك شارو شارۆچكەدا.

ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ پێشیوابوو لەكاتی هەڵبژاردن بەداخەوە بە پسوڵەی سزایەكی پێنجسەد هەزارییەوە لەبەردەرگای كەسوكاری شەهیدانی ئەنفال و جینۆساید وەستاون، لەكوێش؟ لەناحیەی شۆڕش و قەزای چەمچەماڵ، پسوڵەی سزای نەبەستنی ئاویان بە 500 هەزار دینار بۆ هاتووەتەوە.

ئەندامێكی دیكەی پەرلەمانی كوردستان جەخت لە سزادانی هاووڵاتیان دەكاتەوە كە پێوەری ئاویان نەبەستووە.

دابان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەپەرلەمانی كوردستان و لەپرۆژەیاسای پاراستنی تۆڕە بنچینەكانی ئاوو ئاوەڕۆدا، رەتمان كردەوە هیچ سزایەكی هاووڵاتیان بدرێت بەهۆی نەبەستنی پێوەر».

ئەم پەرلەمانتارە داواش لە هاووڵاتیان دەكات هیچ كەسێك پارەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو نەدات و وتی:» ئەو سزایانەی لەڕابردوو و ئێستاشدا هاتوونەتەوە، هەژمار ناكرێت، هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی نیە بۆ نەبەستنی پێوەری ئاو، سزاكان تەنیا فشارەو ئەگەر یاساو لێپێچینەوە هەبێت، دەبێت بەرپرسانی وەزارەتی شارەوانی و ئەوانەی تێوەگلاون! سزا بدرێن نەك هاووڵاتیان».

 «گەورەترین سەرپێچی و كاری نایاسایی وەزارەتی شارەوانی ئەوەیە، لەماوەی رابردوودا سزای نەبەستنی پێوەری بەسەر خەڵكدا سەپاند هەر جارەو بەبڕێك، پارە لەهەندێك كەس وەرگیراوە، ئێستا لەدووڕیانی ئەوەدان ئەو پارانە بۆ خەڵك بگێڕنەوە یاخود بەردەوام بن لەسزادانی خەڵك! بۆیە پێویستە داواكاری گشتی لەسەر ئەم پرسە بێتە دەنگ»، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وای وت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار