نێچیرڤان بارزانی: سوپاسی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەكەم

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" سوپاسی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەكەم کە لە شەڕی داعش هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "باسی بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەڵبژاردنمان کرد."

جۆزێپ بۆرێلیش ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە رۆڵی گەورەیان هەبووە لە تێکشکاندنی داعش، ئەوانیش بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لەو شەڕە. 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "سەردانەکەی جۆزێپ بۆرێل نیشانەی هاوسۆزیی یەکێتیی ئەوروپایە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی، سەردانەکەی بۆرێل "لەکاتێکی گرنگدایە و بەرزی دەنرخێنین." لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەیشیان لە نیوەڕۆخوانێکدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئاسایش و سەقامگیریی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ عێراق، پەیوەندی و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شەڕی دژی داعش و هەڕەشەکانی، هەڵبژاردنەکانی عێراق و گرنگیی بەشداریکردنی تیمەکانی چاودێریی یەکێتیی ئەوروپا، دۆخی ناوچەکە، پرسی کۆچ و چەند بابەتێکی دیکەی جێگەی بایەخی هاوبەش."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای کرد کە لە شەڕی داعش هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە و یارمەتیی مرۆییان پێشکەش کردوون. 

گۆڕانی کەشوهەوا کە کاریگەریی لەسەر تەواوی گۆی زەوی هەیە، هەرێمی کوردستانیش لەو کاریگەرییانە بەدەر نییە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "تا دێت روونتر دەبێتەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ئاسایش و پێشکەوتنی عێراق مەترسییە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی بەوە "خۆشحاڵن" کە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان لە پەیمانی پارێزگارانی ئەوروپا بوونەتە ئەندام، بەهۆی ئەوەی بە پشتگیریی یەکێتیی ئەوروپا پلانی خۆگونجاندنی کەشوهەوا و وزەیان پەرەپێداوە. یەکێتیی ئەوروپایشی هاندا کە بەردەوام بێت لە پاڵپشتییەکانی. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار