دانەگاز پڕۆژەیەك بە تێچووی 630 ملیۆن دۆلار لە هەرێمی کوردستان بنیاتدەنێت
"پڕۆژەیەكە بەڕێژەی 50٪ بەرهەمهێنانی گازی سرووشتى زیاددەکات"

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی بۆردی دانەگاز رایگەیاند: " کۆی تێچووی پڕۆژەکەش 630 ملیۆن دۆلارە، کە ئامانجی پڕۆژەکە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە بەڕێژەی 50٪ بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی، دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا بۆ ماوەی حەوت ساڵ پاڵپشتی لە پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و کۆی تێچووی پڕۆژەکەش 630 ملیۆن دۆلارە، کە ئامانجی پڕۆژەکە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە بەڕێژەی 50٪ بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێستن پێترۆڵیەم و سەرۆکی بۆردی دانەگاز رایگەیاند: "ئەو گرێبەستەی لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا واژۆمان کردووە جەخت لە گرنگی پەرەپێدانی سەرچاوەکانی گازی سرووشتى لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، ئەوەش لەپێناو پشتگیریکردنى گەشەى ئابووریی هەرێمی کوردستان".
مەجید جەعفەر راشیگەیاند، سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی کە کۆرۆنا بەدوای خۆیدا هێناونی، ئەوان لە وەبەرهێنانەکانیان بەردەوام بوون و رێککەوتنەکەشیان لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ پەرەدان بە سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان.
هاوکات دێڤ جاگەدێسان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا رایگەیاند، "وەبەرهێنانەکانی DFC لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستگەیشتنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە وزە زیاتر دەکات، ئەو پڕۆژەیەش دەرخەری وەبەرهێنانی بەردەوامی ئەمریکایە لە هەرێمی کوردستان".
زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازی هەرێمی کوردستان
پڕۆژەی KM-250 قۆناخی یەکەمی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆرە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز بۆ رۆژانە یەک ملیار پێ سێجا. بڕیاربوو لە ساڵی 2020 دەست بە فراوانکردنەکە بکرێت، بەڵام بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کارەکانی پڕۆژەکە بۆ ماوەیەک وەستان و لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا دەست بە پڕۆژەکە کرا، بڕیاریشە لە نیسانی ساڵی 2023 قۆناخی یەکەمی فراوانکردنەکە تەواو بێت.
پێرل پێترۆڵیەم دەڵێت، تاوەکو ئێستا کۆمپانیای دانەگاز و هاوبەشەکانی بڕی 2.1 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە کێڵگەی کۆرۆمۆر کردووە و بڕی زیاتر لە 341 ملیۆن بەرمیل گازی هاوتای نەوت لە کێڵگەکە بەرهەمهاتووە کە بێ پچڕان گازی سرووشتییان بۆ وێستگەکانی چەمچەماڵ و بازیان دابینکردووە، ئەوە جگە لە دابیبکردنی گازی شلکراوە کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی تێچووەکانی حکومەت و بوواژنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
دکتۆر پاتریک ئاڵمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لەبارەی وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە پێرل پێترۆڵیەم شانازی بە پەرەپێدانی کەرتی گازی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئامانج لێی دابینکردنی گازی پاک و بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستانە. ئەو رێککەوتنە سەلمێنەری متمانە بەردەوامەکەمانە بە هەرێمی کوردستان و داهاتووە پرشنگدارەکەی".
کۆنسیۆرتۆمی پێر پێترۆڵیەم ئاماژەی بەوە داوە لە کەمکردنەوە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا بە وەبەرهێنانەکانیان لە گازدا هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە بەشێوەیەک فڕێدانی 42 ملیۆن تۆن لە گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆنیان کەمکردووەتەوە، ئەوەش بە دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. پێر پێترۆڵیەم دەڵێت، لەنێوان ساڵانی 2018 و 2021 وێستگەی گازی کۆرمۆر سوودی لە زیادبوونی بەرهەمهێنانی گاز بە رێژەی 45٪ بینیوە بەشێوەیەک ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە گەیشتووەتە 106 هەزار بەرمیل هاوتای نەوت، ئەو پڕۆژەیەش گەورەترین پڕۆژەی گازە لە هەموو عێراق.
لە مانگی نیسانی ساڵی 2007دا دانەگاز و کرێستن پێترۆڵیەم گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکرد بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکانی کۆرمۆ و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان، گرێبەستەکە لە بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی گاز و بەرهەمەکانی پێکدێت. دوای 15 مانگ لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستکرا بە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2008 توانرا بۆ مەبەستی پیشەسازی سوود لە گازە وەربگیرێت. لە ساڵی 2009، کۆنسیۆرتۆمی پێرل پێترۆڵیەم دروستبوو کە کۆمپانیاکانی دانەگاز و کرێسنت پێترۆڵییەم وەک دوو هاوبەشی سەرەکی و کۆمپانیاکانی OMV، MO و RWE پێکدێت. هەر یەک لە دانەگاز و کرێسنت پێترۆڵییەم خاوەنی 35٪ی پشکەکان و OMV، MO و RWEش هەر یەکەیان خاوەنی 10٪ی پشکەکانی وەبەرهێنانن لە کێڵگەی گازی کۆرۆمۆر.
