یەكێتی‌و پارتی لەناوچە جێناکۆکەکان كێبڕكێ لەسەر دەنگی كورد دەكەن

یەكێتی و گۆڕان لەپارێزگای موسڵ پێنج كاندیدیان هەیەو پارتیش چاوەڕێی بەدەستهێنانی شەش كورسی دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش




عەمار عەزیز 

پارتی و یەكێتی بۆ بەدەستهێنانی دەنگی كوردەكانی پارێزگای موسڵ كێبڕكێ دەكەن كە یەك لەسەر سێی دانیشتوانەكەی كوردن، هەر یەكێكیان هەوڵدەدات زۆرترین كاندیدی بگەیەنێتە پەرلەمان.

بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەم، مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت كە عێراق دابەشی 81 بازنە كراوە لەسەرتاسەری وڵاتدا.

لەموسڵ زیاتر لە دوو ملیۆن و 330 هەزار دەنگدەر بەسەر هەشت بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراون و 31 كورسی بۆ دیاری كراوە و هەشت كورسی بۆ ژنانە، ئەوەش بەبێ كۆتای كەمینەكان كە چوار كورسیان هەیە و كۆمسیۆن ناوی 401 كاندیدی لەو پارێزگایەدا پەسەندكردووە.

غەیاس سورچی، بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەموسڵ كە ئێستا بەشێكیان لە باشیك و بەشەكەی تر لەشێخان دەوام دەكەن لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت» ئێمەو بزوتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانیەكمان بەستووە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵ، ئەم هاوپەیمانیەش بۆ هەمووو ناوچەكەیە ئێمە لەپێنج بازنە كاندیدمان هەیە، واتە پێنج كاندیدی هاوبەشمان هەیە ، لەسێ بازنەش هیچ  كاندیدێكمان نیە».

یەكێتی نیشتمانی كوردستان  لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014ی پەرلەمانی عێراق  دوو كورسی و لەهەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق یەك كورسی لەو پارێزگایە بەدەستهێنا.

 غەیاس سورچی وتی:»بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵ ئامادەكارییەكی زۆر باشمان كردووە، بەرنامەیەكی زۆر رێكوپێكمان داڕشتووە بۆ چۆنیەتی دەرچوونی كاندیدەكانمان، ناتوانم بڵێم چەند كورسی دەهێنین، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەین هەر پێنج كاندیدەكەمان دەربچن «.

«زۆر پێویستەو گرنگە كورد  10 كورسی بە دەستبهێنێت، باسی هیچ حزبێك ناكەین ، گرنگە كورد لەپارێزگای موسڵ سەنگی خۆی لەدەست نەدات، ئەگەر كورد 10 كورسی هێنا كەس ناڵێت یەكێتی یان پارتی ئەو كورسیانە كورد خاوەنی دەبێت»، غەیاس سورچی وادەڵێت .

بێجگە حزبە كوردستانییەكان، سوننەكان لەهەوڵی ئەوەدان زۆرترین كورسی پارێزگاكە بەدەستبهێنن كە پێكهاتوون لە كوتلەی (نوجەیفی، حەشدی شەعبی، حەلبوسی، فەتح)و دەیان كوتلەی تر.

لەخولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق نۆ كورسی كۆتا بۆ كەمینەكان دانراوە كە 65 كاندید لەسەرتاسەری وڵاتدا كێبڕكێی بە دەستهێنانی دەكەن، ئێزدییەكان بە حەوت كاندید چاویان لەكورسییەكی پەرلەمانی عێراقە.

سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی موسڵ لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باس لەوە دەكات كە حزبەكەیان بە گڕوتینێكی گەورە خۆی ئامادەكردووە وتیشی:» لە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی شەش كاندیدی موسڵی ناردە پەرلەمان، بۆ ئەمجارە هەوڵدەدەین سەرووی شەش كورسی بەدەستبهێنین، ئەمە بەقسە نابێت، دەمێنێتەوە سەر هەوڵی لایەنەكان كە چەند خۆیان ماندوو دەكەن  تابتوانن دەنگی خەڵك بەدەستبهێنن «.

بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە كێبڕكێكانیان لەگەڵ حزبە سونییەكاندایە لە سنوری پارێزگای موسڵ 14 كاندیدیان هەیە  وتیشی:»ركابەری سەرەكی پارتی لەموسڵ حزبە عەرەبیەكانن، بەڵام خەڵكمان هەیە دەنگمان پێ‌ دەدات و باوەڕیەكی زۆریان بە پارتەكەی خۆیان هەیە، پێشبینی دەكەم پێنج تا شەش كورسی بە دەستبهێنین»

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار