كۆرۆنا، هونەرمەندێكی كۆمیدی لێ سەندین

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

«لە دووەم رۆژی تووشبوون بە كۆرۆنا بردوومانەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی بێ خزمەتگوزاری و نەبونی دەرمان و كەرەستەی پێویست هەر هات و باری دەرونی و تەندروستی خراپتر بوو»، برایەكی هونەرمەند عەبدوڵا خەیات بۆ هاوڵاتی وا دەڵێت.

 بەرەبەیانی رۆژی شەممە 4ی ئەیلول لە سلێمانی، عەبدوڵا خەیات بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێك بوو توشی كۆرۆنا بوو بەو هۆیەوە سییەكانی لەكار كەوتووەو دوای مانەوەی 10ڕۆژ لەنەخۆشخانەكاندا  بەڤایرۆسی كۆچی دوایی كرد.

عەبدوڵای خەیات كە ناسرابوو بە»گوڵی بامێ»، هونەرمەندی شانۆكاری شاری سلێمانیەو لەساڵی 1964 لەدایكبووەو یەكەم كاری هونەری بەناوی شانۆی ڕێژنە بووە لەساڵی 1979، هاوكات خاوەنی 30 كاری شانۆییەو بەشداری چەندین فیلمو دراماشی كردووە.

كارزان، برای هونەرمەند عەبدوڵای خەیات، ئاماژە بەوە دەدات براكەی پێشتر شەكرەی هەبووە، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» عەبدوڵای برام هەر لە دووەم ڕۆژی توشبونی بە كۆرۆنا بردمانە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی بێ خزمەتگوزاری و نەبونی دەرمان و كەرەستەی پێویست هەر هات و باری دەرونی و تەندروستی خراپتر بوو».

ئەوەی گێڕایەوە كە عەبدوڵای خەیات، بە واستەیەكی زۆر كە هونەرمەندە و لەرێگەی برادەریەوە لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی وەرگیرا، بەڵام دوای شەش ڕۆژ لە نەخۆشخانەكە باری تەندروستی خراپتربووە.

هەروەها براكەی ئاماژەی بەوەشكرد لەنەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی بەشی وردبینی كۆرۆنا تەنیا ئاوێك یان ئازار شكێن هەبووە و بۆی دانراوە.

كارزان وتیشی:» بەرچاوی نەخۆشەكاندا دوو بۆ سێ نەخۆش گیانیان لەدەستدەدا چونكە هەر ژورێك 11 نەخۆشی تێدا بووە، ئەوە دەبوە هۆی ئەوەی نەخۆشەكان تەواو بەرگریان دابەزێت و ورەیان لەدەست بدەن».

خێزانی عەبدوڵای خەیات لەبەر نەبونی بێ جێگەیی لەنەخۆشخانە ئەهلیەكاندا بردبویانە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی حكومی، تا دوای شەش رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی كە پێشتر ناویان نوسیوە پەیوەندیان پێوە كراوە و بردویانەتە نەخۆشخانە ئەهلیەكە»پێیان وتین لەدەست دەرچووە و تەواوی سیەكانی لەدەستداوە».

براكەی عەبدوڵا جەختی لەوەكردەوە كە تا مردن خزمەتكاری خەڵكی هەرێمی كوردستانە، كە بەو هەموو دڵسۆزی و خەمخۆریەوە هاوخەمیان بوون و وتیشی» لەدەرەوەی وڵات كەسانێك پرسەیان بۆ داناوە كە ئێمە هەر نامانناسیون، ئەوە نەمری و گەورەییە بۆ ئێمە ، بەرپرسانی هەرێمیش تەنیا هەندێكیان بە پرسە نامە هاوخەمیان كردووین، كە بەداخەوە تا مابوو هیچ هاوكاریان نەكردووە».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار